کوردستانی

لەبارەی دابەشکردنی نەوتەوە هەواڵێکی خۆش دەدرێت بە هاوڵاتییان

مەودا میدیا - سلێمانی |


 لەبارەی دابەشکردنی نەوتەوە هەواڵێکی خۆش دەدرێت بە هاوڵاتییان
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

نزیکەی مانگێک دەبێت پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە سلێمانی و دەوروبەری دەستیپێکردووە و بەپێی ئەو پلانەی هەیە ئەمساڵ نەوت دەدرێت بە سەرجەم خێزانەکان.

تەها جەمال، بەرپرسى دابەشكردنى نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاکانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "لە ناوشاری سلێمانی تاوەکو دوێنێ چوارشەممە 29 هەزار و 716 خێزان نەوتی سپییان وەرگرتووە، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان 123 هەزار و 235 خێزان نەوتیان پێدراوە، تاوەکو ئێستا 152 هەزار و 951 خێزان نەوتیان وەرگرتووە".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو گرێبەستەی بۆ ناردنی نەوت کراوە بۆ سلێمانی نزیکەی 99 ملیۆن لیتر نەوت و دوای تەواوکردنی مەڵبەندی 9 و 10 دووبارە لە مەڵبەندی یەکەوە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکەینەوە، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە بڕیارە ئەمجارە نەوت بدەینە سەرجەم خێزانەکان".

بەرپرسى دابەشكردنى نەوت لە سلێمانی وتی "لە سەرەتای دابەشکردنی نەوتەوە تاوەکو ئێستا هیچ گرفتێک نەهاتووەتە پێش و بەشێوەیەکی زۆر باش نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت".

پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە و بۆ هەر خێزانێک بڕی 200 لیتری پێدەدرێت بە نرخی 104 هەزار دینار.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan