کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندی ئاشتی چۆن پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی کرد؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندی ئاشتی چۆن پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی کرد؟
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ دووشەممە 20ی تشرینی دووەمی 2023 چوارەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عیراق لە شاری دهۆک بەسترا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک بەهۆی ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆڕبەندکە رایگەیاند "بەخێرهاتنی کاک بافڵ دەکەم و خۆشحاڵین کە ئەمساڵ ئەویش لەگەڵمان بەشدارە".

ئاماژەی بەوەشکرد "یەکێتی و پارتی لە ماوەی رابردوودا چەند کۆبوونەوەیەکی باشمان کردووە و بەهیوای ئەوەی لە داهاتوودا ئەو کۆبوونەوە باشانە بەردەوامیان هەبێت".

 ئەوەشی خستەڕوو "هیچ کێشەیەک ئەونە ئاڵۆز نییە لەنێوان یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی دیکە کە چارەسەر نەکرێت، بەڵکو هەموو کێشەکان بە لێکتێگەیشتن چارەسەر دەکرێت".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی "هەرێمی کوردستان ئامادەیە بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکات، ئێمە کۆڵنادەین و بەردەوام دەبین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان".

وتیشی "بۆ ئەوەی عیراق سەقامگیربێت، دەبێت وڵاتی هەموو پێکهاتەکان بێت، هەروەها دەبێت لە عیراق زۆر بە دانایی و هۆشیارییەوە مامەڵە بکەین".

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "فەرمانبەران، خانەنشینان و مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین و خێراکردنی دانانی چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانییە بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە عیراق".

جەخت لەوەش دەکاتەوە، چارەسەری کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین لەسەر بنچینەی دوو دەوڵەت جێبەجێ بکرێت و دەشڵێت "ئازایەتیی راستەقینە چارەسەرکردنی كێشەکانە؛ شەڕ جگە لە پەرەسەندنی بیری تۆڵەسەندنەوە و تووندوتیژی و وێرانکاری، هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە".
 
س،ر
Qaiwan
Qaiwan