کوردستانی

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: لەماڵەوە دەمێنینەوە و ناهێڵین داهاتوومان بکەوێتە مەترسییەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: لەماڵەوە دەمێنینەوە و ناهێڵین داهاتوومان بکەوێتە مەترسییەوە
مەودا میدیا-

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا داوا لە ھاوڵاتییان دەكات پابەندی رێنماییەكان بن و وانە لەو وڵاتانە فێربن كە ژمارەیەكی زۆر لە ھاوڵاتییانیان گیانیان لەدەستداوە.

لە پەیامەكەی د. رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ھاتووە "ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی جیهان لە قۆناغێکی چارەنووسسازو سەختدایە لە بەرەنگاربوونەوەی یەکێک لە ڤایرۆسە کوشندەکانی سەدە، ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19)، لە ئێستادا زانایان و سەنتەرە گەورە پزیشکییەکان و ئەزموونی وڵاتە تووشبووەکان پێمان دەڵێن کە جگە لە پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەکان هیچ رێگەیەک نییە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە. هەر بۆیە روو دەکەمە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و داواتان لێدەکەم پێکەوە رووبەڕووی ئەم ڤایرۆسە ببینەوە، داهاتووی هەموومان بەستراوەتەوە بەکاری پێکەوەییمان، تکاکارم پابەندبن بەڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەر لە سەرەتاوە بە بەرنامەیەکی باشەوە رووبەڕووی ئەم پەتا جیهانییە بوونەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "دەستخۆشیی بێپایانم ئاراسته‌ی پزیشكه‌ ماندوونەناسەکان و کارمەندانی تەندروستی و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیسى هاتووچۆ و کارمەندانی خاڵە سنوورییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و رۆژنامەنووسان و هەموو ئەوانەی کە لە پێشەوەی سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتا کوشندەیەن ده‌كه‌م".

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە "هەواڵی تراژیدیای وڵاتە پێشکەوتووەکان هەرچەندە سیستمێکی باشی تەندروستییان هەیە هەموومان نیگەران دەکەن، گەورەترین وانە لێیانەوە فێربین ئەوەیە کە دەبێت پابەندبین بەڕێنماییەکان و وەک خۆیان جێبەجێیان بکەین، چونکە پشتگوێخستنی ڕێنماییەکان تووشی کارەساتی گەورەمان دەکەن، کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەئاستی خواست و رووبەڕووبوونەوەی تەحەدیی گەورەو تاقەت پڕوکێندا نییە، بەڵام لە گیانی لەخۆبردوویی و دڵسۆزی و کارامەیی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دڵنیاین و خاوەنی گەلێکی بە ئیرادەین و پێکەوە پابەندی رێنماییەکان دەبین تا بەکەمترین زیان ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین".

ئەوەشخراوەتەڕوو "وێڕای دەستخۆشی و پشتیوانیمان بۆ رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایان لێدەکەین، کە میکانیزمێکی خێراتر بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانی ئەو وەزارەت و دامەزراوانە بدۆزنەوە کە هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە بەشێوەیەک کار نەکاتە سەر تەندروستیی گشتی، هەروەها دەخوازین چاودێری لەسەر خاڵە سنوورییەکان و رێکارەکانی هاتووچۆ لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عیراق توندتر بکەن. سوپاس و پێزانینمان بۆ هەوڵەکانی پارێزگارەکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان کە بەبێ ماندووبون و لێبڕاوانە سەرۆکایەتیی تیمەکانیان دەکەن لە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاکامەکانی. لەپێناو پاراستنی خۆمان و خێزان و ئازیزانمان و هەرێمەکەمان، رێنماییەکان جێبەجێ دەکەین، لەماڵەوە دەمێنینەوەو ناهێڵین داهاتوومان بکەوێتە مەترسییەوە".

Qaiwan
Qaiwan