چاوپێكەوتن

سروە نوری عەزیز: به‌یانێک یا کتێبێکی (قه‌ده‌غه‌کراو) به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی بگیرێیت و بکوژرێیت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سروە نوری عەزیز: به‌یانێک یا کتێبێکی (قه‌ده‌غه‌کراو) به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی بگیرێیت و بکوژرێیت
مەودا میدیا-

کاتێک سەیری دەکەیت، خاتوونێکی نەرمونیان و وردیلەیە، لەسەرخۆ و هەستناسکە، بەڵام کە دەیدوێنیت، شاخێکە لە ورە و وزە، پڕە لە هیوا و لە بیرۆکە و چستوچالاکی... لە هەموو وێستگەکانی ژیانیدا هاوڕێیەکی بەئەمەک و گیانی بەگیانیی زمان و وشەی کوردی بووە، تەنانەت لە هەندەرانیش پەپوولەئاسا لە نێو باخچەی زمانی شیرینی کوردیدا لەم گوڵ بۆ ئەو گوڵ هەڵاڵەی چنیوە و باخچەی زمانی کوردی رەنگاوڕەنگتر و بەردارتر کردووە...
 خاتوو سروە؛ ژنێکی سەنگینی کوردە، قەڵەمێکی بەبڕشتە، دایکێکی بەسۆز و مامۆستایەکی کۆڵنەدەر و سەرکەوتووە... لە زەویی بەپیتی کتێب و دیوانە شیعرییەکانی باوکیدا تۆو کراوە، بە ئاوی سەلاری و بەسۆزیی دایکی ئاو دراوە، لە بۆتەی کوردایەتی و بەرخۆداندا نەشونمای کردووە و سەرمای نامۆییش خامۆشی نەکردووە.

پشکووتن لە باخچەی سۆز و خۆشەویستیدا...
باشووری کوردستان، نزیکەی 37 ساڵێکە بە دەوڵەتی تازەدروستکراوی عیراقەوە لکێنراوە. دەسەڵاتی ئینگلیز سەروەرە، سلێمانی بووەتە ناوەندی ناڕەزاییەکان دژی حکومداری و دەسەڵاتی ئینگلیزەکان، دایکیشم لە خەمی تەندروستیی منداڵەکانی خۆیدایە و هاوکات لە چاوەڕوانی کۆرپەی چوارەمیدایە. 
نزیکەی دوو مانگ دوای بەجێهێشتنی ئینگلیزەکان و بوونی ئەم دەوڵەتە دروستکراوە (دەوڵەتی عیراق) بە کۆماری، لە 17ی ئەیلوولی 1958 لە باوەشی پڕ خۆشەویستیی دایکمدا، لە گەڕەکی سەرشەقام، چاوم کردەوە. 

دایکم، ئەو درەختەی هەمووان خەم و ئازارەکانیان پێدا هەڵدەواسی...
دایکم پەپوولەیەک بوو لە نێو باخی سەرشەقام، بە لەسەرخۆیی و ئارامییەکەی، هەمیشە هەوڵی دەدا ماڵەکانی گەڕەک ئارام و پڕخەندە بن. 
دایکم؛ ئەختەری حاجی عارفی بڕنوتی، لە گەڕەکی دەرگەزێن لە سلێمانی، لە 1930 لەدایک بووە. تەمەنی تەنیا چواردەساڵان دەبێت کە دایک و باوکی لە یەکتر جیا دەبنەوە و ئەرکی دوو برا و خوشکێکی بچووکی دەکەوێتە سەر شان.
شەو درەنگ، لە دەنگی تەقەی دەرگا بەئاگا هاتم. هاوین بوو، هەموومان لە حەوشە نوستبووین. دایکمم بینی دەرگای حەوشەی کردەوە، پاش کەمێک لە ماڵە دراوسێکەی تەنیشتمانەوە گوێم لە دەنگە میهرەبانەکەی ئەو بوو. تێگەیشتم کە ئەمشەویش هەروەک زۆرینەی شەوانی تر دایکم چووە بە هانای ژنەکەی دراوسێمانەوە. 
هاوسەرەکەی کردبوویە پیشە، ئەو شەوانەی بە مەستی بۆ ماڵەوە دەگەڕایەوە، دەکەوتە لێدانی ژن و منداڵەکانی. ئەو شەوەش دایکم هەروەک زۆر لە شەوانی دیکە، بەهانایانەوە چوو. ماوەیەکی زۆر لایان دانیشت، بە دەنگە لەسەرخۆ و نەرمەکەی دۆخەکەی ئارام کردەوە. 
بیرەوەرییەکانی رۆژانی نانکردن لە دەوری تەنووری ماڵەکەمان، ئێستاش یادەوەرییەکی شیرینە و بە خەندەوە یادی بەرز رادەگرم. نانکردن کارێکی هەرەوەزی بوو لە گەڕەکدا؛ ئەو رۆژەی ماڵێک لە گەڕەکدا نانی بکردایە، خانمانی دراوسێ وازیان لە هەموو کار و پیشەیەکی خۆیان دەهێنا و ئامادە دەبوون بۆ ئەو کارە هەرەوەزییە. 
ئەو رۆژانە، چەندین ژن لە خانمانی دراوسێ لە دەوری باجی ئایشێ و دایکم و تەنوورەکە کۆ دەبوونەوە. لەگەڵ ئەوەی دایکم ئاگاداری هەموو باس و گلەییەکانی خانمانی گەڕەک بوو، هاوکات هەرچییەکیان بۆ باس بکردایە لە گلەیی و گازندەی ناخی خۆیان، هەر لەسەر تەنوورەکە دەمایەوە و تەنانەت نەیدەهێنایە نێو ژووری ماڵەکەشمان. ئەمەش وای کردبوو کە دایکم ببێتە جێی بڕوا و متمانەی خێزانەکانی گەڕەک، تەنانەت هاوسەرەکانیشیان لە ئامادەبوونی دایکمدا چەند مەستیش بوونایە، بێدەنگ دەبوون و بە رێزەوە گوێیان بۆ رادەگرت. 
لەیادمە، ئازاری ساڵی 1975، کاتێک شۆڕشی کورد ئاشبەتاڵی پێ کرا و کاکم کە پێشمەرگە بوو، نەگەڕایەوە بۆ شار و لە ئێران مابووەوە. دایکم رێگەی ئێرانی گرتە بەر. بەبێ ئەوەی بزانێت لە چ ناوچەیەکە، لەو وڵاتە گەورەیەدا، نەک جارێک دوو جار، کەوتە رێگەی هات و نەهات. تا کاکمی نەدۆزییەوە و نەیهێنایەوە بۆ باوەشی پڕ خۆشەویستیی خۆی، نەگەڕایەوە.

باوکم، نموونەی باڵا و یەکەم مامۆستای ژیانم...
باوکم؛ مرۆڤێکی رووناکبیر بوو، هاوسەرێکی هاوسۆز و بەوەفای دایکم بوو، باوکێکی رۆشنبیر و دەگمەنی سەردەمی خۆی بوو.
باوکم، کە بە مەلا نوریی دەروێش عەزیز و خەمخۆری شار ناسراو بوو، لە ساڵی 1930 لە گەڕەکی سەرشەقام لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری سلێمانی، لە ئابی ساڵی 2000دا بەم شێوەیە باسی گەڕەکی سەرشەقام و بنەماڵەکەمان دەکات: "گەڕەکی سەرشەقام، کە بە سێیەمین گەڕەکی شاری سلێمانی دەژمێردرێت، پێک هاتووە لە (جوولەکان، چوارباخ، داری شێخ هەباس، هۆمەرمەندان، کونجێ، حەوشی پەستەک سوور، شیوی قازی). لەلایەن بنەماڵەی عەبدولڕەحمان سێ شەش و حاجی سەید هۆمەر باخەوان و عەزیز ئاغا و برایم ئاغای هولەوەیس لە ساڵی 1800دا دروست کراوە. عەبدولڕەحمان سێ شەش، باپیرە گەورەی منە و سێ شەش لە حساباتی کەشناسییەوە بووبووە نازناوی". 
دنیای باوکم هەروەک هزر و بیری زۆر فراوان بوو. دنیاکەی هێندە رەنگاوڕەنگ بوو، هەمیشە هەموو رەنگە جیاوازەکانی پەلکەزێرینە بەئاسانی خۆیان دەردەخست، تیشکە زێڕینەکانی خۆر هەمیشە لەسەر شەونمی کتێبەکانی بە چەندین رەنگی جیاواز خۆیان دەنواند. 
باوکم فریشتەی شار بوو. پەپوولەیەک بوو بەردەوام بەسەر لق و پۆپی کتێبخانەکانی شاردا دەفڕی. 
زۆر رۆژ کە لە قوتابخانە دەگەڕامەوە، بە بەردەم دوکانەکەی باوکمدا، کە لە بەرخانەقا بوو، تێدەپەڕیم. هەمیشە دەمبینی لە سووچێکی دوکانەکەیدا لە ژوورەوە دانیشتووە و کتێبێکی بە دەستەوەیە و دەیخوێنێتەوە. هەندێک جار لای دادەنیشتم و چەند دێڕە شیعرێکی ئەو کتێبەی کە بەدەستییەوە بوو، بۆی دەخوێندمەوە. 
سوپاس بۆ باوکم کە فێری کردم وشەی کوردیم خۆش بووێت... بە هۆنراوەی کوردی زاخاوی مێشکمی دا. سوپاس بۆ باوکم کە بە هۆنراوەی شاعیرە گەورەکان بە شیرینیی زمانی کوردیی ئاشنا کردم.
باوکم زۆر لە خەمی خوێندن، بەتایبەتی خوێندنی کچاندا بوو. 

خوێندنگە، ماڵی دووەمم...
لە تەمەنی چوار ساڵیدا خراومەتە باخچە (رەوزەی سلێمانی)، کە ئەوکات لە گەڕەکی عەقاری بوو. هەموو بەیانییەک پاس دەهات بەشوێنمدا. 
بە پێنج ساڵی چوومەتە پۆلی یەک. شەش ساڵی یەکەمی خوێندنم لە قوتابخانەی خانزادی کچان، لە گەڕەکی دەرگەزێن بوو. منداڵێکی ئارام بووم، هاوکات زۆر دڵناسک بووم؛ کەسێک قسەیەکی ناخۆشی بکردایە، لەبری کاردانەوە، دەستم دەکرد بە گریان. دڵناسکییەکەی ئێستاشم هەر پەیوەندی بە منداڵیمەوە هەیە. 
بەبیرم دێت هێشتا لە سەرەتایی بووم، بەبێ ئاگاداریی باوکم، دۆڵابەکەیم دەکردەوە و کتێبەکانی باوکمم دەخوێندەوە، کە ئەوکات کەس بۆی نەبوو دەستکاری ئەو کتێبانە بکات. کتێب هەمیشە پیرۆز بوو لای باوکم. خۆشەویستیی باوکم بۆ کتێب و خولیاو ئارەزووی باوکم بۆ خوێندنەوە و زمانی شیرینی کوردی، بووە رێنیشاندەر و خولیای منیش بۆ خوێندنەوە و ئەدەب و نووسین...
هەر زۆر لە منداڵییەوە حەزم لە شیعرخوێندنەوە و شیعرنووسین بوو، بەتایبەتی ئەو شیعرانەی کە پەیوەندییان بە جوانیی سروشتی کوردستان و خەبات و تێکۆشانەوە هەبوو. زۆر لە شیعر و سروودەکانی بێکەس و گۆرانم لەبەر بوو.
لە یەکی ناوەندی تا شەشی ئامادەیی، لە سانەوی کوردستان لە خوێندن بەردەوام بووم. کاتێک بیر لەو ساڵانەی خوێندنم دەکەمەوە لە سانەوی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی کە سیستمی پەروەردە سیستمێکی رەق بوو، بەڵام مامۆستاکانمان رۆژانی قوتابخانەیان زۆر بۆ نەرم کردبووین. مامۆستاکانمان زۆر دڵسۆز و بەپەرۆش بوون، پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ ئێمەی قوتابیدا دروست کردبوو، بەشێوەیەک کە من قوتابخانەم زۆر خۆشدەویست. 
زۆر ئارەزووم لە خوێندنی کۆلێژی ئاداب، بەشی زمانی کوردی بوو، بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی لە بەشی زانستی بووم، ئەو بوارەم بۆ نەڕەخسا. لەگەڵ ئەوەی کە قوتابییەکی زیرەک بووم، بەڵام مۆتەکەی بەکالۆری بەشێکی دیکەی لە خەون و ئارەزووەکانم خنکاند. لە دوای ئامادەییش، لە پەیمانگەی ئابووری و کارگێڕی لە شاری سلێمانی خوێندنم بەردەوام بوو. 

بە نیگای سەرشەقام...
لەبیرمە تەمەنم ھێشتا دوازدە، سیازدە ساڵانێک دەبوو، ھەموو کاتی زەردەپەڕێک لەسەر دواپلیکانەی خانووەکەمان لە سەرشەقام، بە دەفتەر و قەڵەمێکەوە دادەنیشتم و لە بەرزیی "تۆم" دەڕوانی...
کاتێک خۆر تیشکە ئارامەکانی کاتی زەردەپەڕی بەسەر لووتکەی "بڵندتا" دەناردە لات، بەرگێکی خامۆشت دەپۆشی و شاریشت دڵنیا دەکرد کە لە ئارامیدا چاوی لێک بنێت... 
ھەمیشە رووم لە تۆ بوو، تۆش بە نیگایەکی پڕ خەم لێت دەڕوانیم.

"شاخی ڕەنگاوڕەنگی گۆیژە باعیسی کەیف و سروور
ھەردەمە بەرگێ ئەپۆشێ، گا سپی، گا سەوز و سوور
"  "بێکەس"
ھەندێک جاریش خەیاڵ دەیبردم بۆ ئەودیو زنجیرە چیاکانت،
 رۆژێک دەبێت پشت ئەو زنجیرە چیایانەت تەی بکەم، قەڵای پۆڵایینی شارەکەم...
"وەسفی قەومی کورد ئەکەی تۆ بەو ھەموو ڕەنگانەوە
ڕەنگی سوورت شاهیدە بۆ کورد کە قەومێکن جەسوور
"  "بێکەس"

ئەو دیمەنانەت، کە تۆمار بوون لە رۆنیای چاوانمدا، لە دەفتەری یادەکانمدا نووسیمنەوە. ھەر کاتێکیش خۆر لە دووری تۆوە چاوەکانی لەیەک دەنا، منیش بە بێدەنگ دەفتەرەکەم لە قڵیشی دیواری حەوشەکەماندا دەشاردەوە، نەکا لە نیوەشەودا، خوانەکردە سیخوڕێک خەیاڵەکانی ئەودیو گۆیژەم بەند بکات و بەرەو باشوور راپێچیان بکات!
دەفتەرەکەم بووە دووان و ئەمجارەیان وشەکان گەورە بوون و باڵیان گرت، لە گۆیژەوە گەڕەک بە گەڕەکی شاری ھەڵمەت و قوربانییان چنی، پاشان لەسەر ھەر گەڕەکێک ئیستێکان دەکرد و دەبوونە ھێشووە وشە و بە کەپری دەفتەرەکەمدا خۆیان ھەڵدەواسی.
ئای کە ئەو دەفتەرانەم شیرین بوون...
رۆحە ساکارە منداڵییەکەم دڵنیای کردبووم کە ھیچ کەسێک ئەم حەشارگەیە نادۆزێتەوە. شەوانی ھاوینانیش قەرەوێڵەکەم لە پەنا ئەو دیوارەدا توند دەکرد و تا خەو دەبووە میوانم، لە درزی دیوارەکەوە لەگەڵ وشەکانی نێو دەفتەرەکەمدا دەدوام و چەندین وشەی تر خۆیان بە ھێشووەکاندا ھەڵدەواسی و منیش بەڵێنم پێ دەدان کە ھەر بەرەبەیان، کاتێک باپیرەم لە خەو ھەڵدەستێت و بەرەو مزگەوت بە رێ دەکەوێت، ئەوکات منیش بەبێ دەنگ وشە نوێیەکان بە ھێشووەکانەوە ھەڵدەواسم... 
لەگەڵ ئەوەی دایکم نەخوێندەوار بوو، ھەمیشە کتێب و دەفتەرە قەدەغەکراوەکانی دەناسییەوە. جارجار دەکەوتە پشکنینی ماڵەکە و ھەر کتێبێک یا دەفتەرێکی لە پەنا دیوار و گوێسەبانە و درزەکاندا بدۆزیایەتەوە، گەرماوەکەی پێ دادەخست. دەیوت "خۆ ئەو سەگ و گورگانە وەخت و ناوەختیان بۆ نییە، ھاکا لەپڕ خۆیان کرد بە ماڵدا و گەر شتێک بدۆزنەوە ماڵەکەمان بەسەردا دەڕووخێنن...!"
رۆژێکیان، کاتێک لە قوتابخانە بەرەو ماڵەوە دەگەڕامەوە، ھەر ھێشووە وشە بوو بە گەردنمدا خۆی ھەڵواسیبوو، دەمویست بەزووترین کات بگەمە لای دەفتەرەکانم. کاتێک خۆم کرد بە ماڵدا، دایکم خەریکی داخستنی گەرماوەکە بوو، کۆمەڵێک کتێب و دەفتەری لای خۆیەوە دانابوو، زوو زوو کتێبێک یا دەفتەرێکی بۆ ناو ئاگرەکە ھەڵ دەدا. منیش بەپەلە خۆم گەیاندە درزی دیوارەکە و ھەر دەستم راکێشا دەفتەرم نەدۆزییەوە، خۆشم نازانم چۆن خۆم گەیاندە لاى دایکم لەو کاتەی کە دەفتەرەکەی منی بەدەستەوە بوو...
 ئەو جارە دەفتەرەکانم لە کڵپەی ئاگری گەرماوەکە رزگاریان بوو، وشەکانم لە گەردنم ئاڵان و لێم دوور نەدەکەوتنەوە و گۆیژەش ھەمیشە سەرەتاتکێی لەگەڵدا دەکردم. دەفتەرەکانم جارێکی تر بە ئامێزی حەشارگەکە شاد بوونەوە.

رۆژە رەشەکەی سلێمانی...
9ی حوزەیرانی ساڵی 1963 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ زۆر منداڵ بووم، هاوکات هه‌روه‌ک خه‌ونێک، یا سیناریۆی فیلمێکی ترسناک، جارجار دەردەکەون... به‌عسییه‌کان که‌وتنه‌ کوشتنی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ خه‌ڵکی بێتاوانی شاری سلێمانی. رۆژێکی هاوین بوو، له‌ شاردا "چوونه‌ده‌ره‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ بوو"، دوکان و بازاڕ هه‌مووی داخرابوون، باپیرم و باوکم و مامم هه‌موویان له‌ ماڵه‌وه‌ بوون. بیرمه‌ ماڵه‌که‌مان پڕ بوو له سه‌ربازی عه‌ره‌ب. سه‌ربازه‌کان باوکم و مامیان گرت، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بیانبه‌ن، باوکم ویستی جله‌کانی بگۆڕێت، سه‌ربازێک له‌گه‌ڵ باوکم چووه‌ ژووره‌وه‌ تا پاسه‌وانی باو‌کم بێت نه‌وه‌کوو را بکات. منیش له‌ حه‌وشه‌که‌ له‌گه‌ڵ دایکم و خوشک و براکانم و زڕنه‌نکمدا وه‌ستابووم. کراسه‌که‌ی دایکمم توند گرتبوو، زۆر ده‌ترسام و هه‌ر سه‌یری سه‌ربازه‌کانم ده‌کرد. باوکم له‌خۆگۆڕینەکەیدا زۆری پێ چوو. پاشان یه‌کێک له‌ سه‌ربازه‌کان ده‌ستی بۆ زڕنه‌نکم راکێشا که‌ ئه‌و بکوژن، چونکه‌ وایانده‌زانی باوکم رایکردووه.
هەر ساڵانی شه‌سته‌کان بوو، هێنده‌م بیره‌ که‌ رۆژێکیان ئامۆژنم به‌بێده‌نگ له ‌ماڵی ئێمه‌ ده‌گریا؛ مامم شه‌هید کرابوو. ته‌رمه‌که‌یان له‌گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌کی تر هێنابووەوه‌ بۆ سلێمانی و له ‌به‌رده‌رکی سه‌را دایاننابوون، ده‌یانوت هه‌ر که‌سێک بچێت خۆی بکات به‌ خاوه‌نیان، ده‌یانگرن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌ که‌س ده‌یوێرا خۆی بکاته‌ خاوه‌نی ئه‌و شه‌هیدانه و نه ‌که‌سیش ده‌یتوانی پرسه‌یان بۆ دابنێت. 
هەر بە هۆی کوردبوونمان، لە وڵات و شار و گەڕەکی خۆماندا دڵنیا نەبووین... زیندانی دەکراین و دەکوژراین... سەرباری ئەو بارودۆخەی شار و وڵات، وەک منداڵێک بەختەوەر بووم کە لە خێزانێکدا بووم خۆشەویستیم زۆر دەدرایە و کۆمەڵێک گەورەساڵ لە دەورمان بوون ئارامی و دڵنیاییان پێ دەداین.

سیاسەت، سەرکێشی بە ژیانەوە...
خولیای من بۆ سیاسەت، لەگەڵ خۆشەویستیم بۆ ئەدەب و کتێب ئاوێزەی یەکتر بووبوون. هێشتا لە دووی ناوەندی بووم، ساڵی 1972 - 1973 کە بوومە ئەندام لە یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا. ئەندامێکی چالاک بووم، تەنانەت لە کاتی شۆڕشدا لە ساڵی 1974، لەگەڵ هەبوونی ترس و نادڵنیایی لە نێو شاردا، من لە چالاکیی هەر بەردەوام بووم. دیارە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاریی بیر لە مەترسییەکان ناکاتەوە و ریسک نەک هەر بە ژیانی خۆیەوە، بەڵکوو بە ژیانی خێزان و خۆشەویستانیشییەوە دەکات.
لە دوای ساڵی 1975، بێئومێدییەکی زۆر باڵی بەسەر کوردستاندا کێشا. زۆرینەی ئەوانەی کە لە شۆڕشدا بوون، بەتایبەتی مامۆستا و فەرمانبەران، لە دوای گەڕانەوەیان بۆ شار، لەلایەن رژێمی عیراقەوە بەرەو باشوور راگوێزران.

کۆمەڵە، چرایەک لە شەوەزەنگی بێهیواییدا...
له‌م رۆژه‌ تاریکانه‌دا، کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان بووه‌ چرایه‌ک بۆ رۆشنکردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌وه‌زه‌نگه‌ و جارێکی تر هیوای به‌خشییە‌وه به‌ ئێمه‌ی خوێندکارانی شار‌. دەستگیرکردنی خاڵه‌ شه‌هاب و هاوڕێکانی و پاشان له‌سێداره‌دانیان، زیاتر لاوان و خوێندکارانی به‌ره‌و ئه‌و رێگەیه‌ دە‌نارد.
له‌ ساڵی 1977 بوومه‌ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان. یه‌کێک له‌و چالاکییانه‌ی که‌ له‌ شاردا ئه‌نجاممان ده‌دا؛ بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌یان و بڵاوکراوه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ بوو. هه‌میشه‌ به‌یان و بڵاوکراوه‌کانم له‌ نێو زه‌خیره‌ و فرێزه‌ردا ده‌شارده‌وه‌. لەگەڵ ئەوەی دایکم نه‌خوێنه‌وار بوو، هاوکات‌ تێگه‌یشتبوو ئەگەر کتێب و گۆڤار و رۆژنامە له‌ کتێبخانه‌دا نه‌بن، وشه‌ی پشکۆدار و قه‌ده‌غەکراو ‌له‌ دووتوێی لاپه‌ڕه‌کانیاندا خۆیان حه‌شار داوه‌.
هه‌ندێک جار دایکم خۆی وا نیشان ده‌دا که‌ هیچی له‌ نێو فرێزه‌ر و زه‌خیره‌دا نەبینیوە، به‌ڵام‌ هه‌میشه‌ ده‌ترسا که‌ شتێکمان به‌سه‌ر بێت، هاوکاتیش له‌ ناخیدا شانازیی ده‌کرد به‌وه‌ی که‌ منداڵه‌کانی یاخین له‌و رژێمه‌ دڕنده‌یه‌. هه‌ندێک جاریش ده‌یوت: "ئێ کچم گه‌ر به‌زه‌ییشت به‌ جوانیی خۆتدا نایه‌ته‌وه‌، دڵێکت به‌ من بسووتێت!" 
لە کۆتایی ساڵانی 1970، ده‌نگوباسی گرتن و لەژێر ئه‌شکه‌نجەدا مردن و لەسێداره‌دان، هه‌واڵی رۆژانه‌ بوو.‌ هیچ ساتێک مرۆڤ له‌ ژیانی خۆی دڵنیا نه‌بوو. له‌ نیوه‌شه‌ودا کاتێکت ده‌زانی ده‌وری ماڵه‌که‌ت به‌ (قوات خاسه‌) گیراوه‌، دۆزینه‌وه‌ی به‌یانێک یا کتێبێکی (قه‌ده‌غه‌کراو) به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی بگیرێیت و بکوژرێیت.
ماڵه‌که‌مان خانووه‌یه‌کی دوو نهۆم بوو له‌ گه‌ڕه‌کی سه‌رشه‌قام، ژووره‌کانی نهۆمی سه‌ره‌وه، له‌سه‌ر هه‌یوانێک بوو‌ن. شه‌وێکی زستانی ساڵی 1978، کاتێک له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌ براکانم دانیشتبووم و هه‌ردووکمان خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ بووین، ئه‌و کاتانه‌ من ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان بووم، کۆمه‌ڵێک به‌یان و بڵاوکراوه‌م له‌ نێو فرێزه‌ر و له‌ نێو زه‌خیره‌دا شاردبووەوه‌، هاوکاتیش له‌ کتێبخانه‌ی ژووره‌که‌مدا کۆمه‌ڵێک کتێبی قه‌ده‌غه‌کراو هه‌بوون. ئه‌و شه‌وه‌ خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی‌ نامیلکه‌ی "یه‌کێتیی نیشتمانیی بۆچی؟"، به‌ زمانی عه‌ره‌بی بووم. له‌پڕ گوێمان له‌ ده‌نگه‌ده‌نگ و وشه‌ی عه‌ره‌بی و ته‌په‌ته‌پ بوو. بۆ ئه‌وه‌ی بزانم ئه‌و ده‌نگه‌ده‌نگه‌ چییه‌، پێش ئه‌وه‌ی ده‌رگاکه‌ بکه‌مه‌وه،‌ نامیلکه‌که‌م خسته‌ ژێر کتێبێکی تره‌وه‌ له‌ کتێبخانه‌که‌دا، پاشان ده‌رگاکه‌م کرده‌وه‌. هه‌ر له‌ شوێنی خۆم سست بووم. هه‌ندێک کات مرۆڤ وشه‌ نادۆزێته‌وه‌ بۆ باسکردنی هه‌ستێک. دیمه‌نی چه‌ند "قوات خاسه‌یه‌ک به‌ سه‌رۆکایه‌تی ملازم موحسین"، له‌ نێو هه‌یوانه‌که‌دا رایانچڵه‌کاندم و ئیستێکم کرد بۆ دواوه‌. حه‌زم ده‌کرد ده‌رگاکه‌ به‌ڕوویاندا دابخه‌م. هه‌ر به‌بێ ده‌نگ له‌ نێو ده‌رگای ژووره‌که‌دا وه‌ستام و هیچم بۆ نه‌وترا.
حه‌وشه‌ و سه‌ربان و سه‌ربانی دراوسێکان و گه‌ڕه‌ک هه‌مووی به‌ قوات خاسه‌ گیرا بوون. دایکم و باوکم به‌ بێده‌نگی له‌ حه‌وشه‌که‌دا وه‌ستا بوون، ترس و خه‌مێکی گه‌وره‌یان لێ نیشتبوو. 
ملازم موحسین داوای ناسنامه‌ی له‌ من و براکه‌م کرد. ناسنامەی خوێندکاریمان هەبوو، هه‌ر له‌ نێو هه‌یوانه‌که‌وه‌ سه‌یرێکی ژووره‌که‌ی کرد. دڵم بەخێرایی لێی دەدا و وشەش مانی گرتبوو. پاشان لوولەی تفەنگەکەی وەرگێڕا بەرەو ماڵێکی دیکە. له‌ دوای خۆیان بارێک له‌ ترس و دڵه‌ڕاوکێی دایک و بێده‌نگیی باوکیان به‌جێهێشت.
ئه‌و شه‌وه‌ تا به‌یانی، چه‌ندین ئه‌گه‌ر خەوی کردە باڵندەیەکی یاخی و هەرگیز ئامادەی نیشتنەوە نەبوو. ئه‌گه‌ر بڵاوکراوه‌کانیان بدۆزیایه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نامیلکه‌که‌یان بدۆزیایه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر باوکمیان بگرتایه‌، ئه‌گه‌ر به‌هۆی منه‌وه‌ برا‌که‌میان بگرتایه‌، ئه‌گه‌ر... هه‌ر به‌و شه‌وه‌ به‌بێده‌نگ که‌وتمه‌ کۆکردنه‌وه‌ی کتێبه‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان. به‌یانیی زوو باوکم له‌گه‌ڵ خۆی بردنی بۆ دوکانه‌که‌ی و له‌وێ هه‌موویانی شارده‌وه‌.
 
کتێب، ئەنگێزەی ترس و دڵەڕاوکێی ئێمە و ئەوانیش...
ساڵی شه‌سته‌کان باوکم له‌ گوێسه‌وانه‌ی ماڵه‌که‌ماندا کتێبه‌کانی ده‌شارده‌وه‌. له‌ حه‌فتاکاندا دەیبردن بۆ دوکانه‌که‌ی که‌ له‌به‌ر خانه‌قای مه‌ولانا بوو، له‌وێ له‌ جێیه‌کی دڵنیادا به‌رگی هه‌موویانی داده‌خست و ده‌یوت رۆژێک هه‌ر دێت که‌ له‌و حه‌شارگه‌یه‌ رزگاریان ببێت.
 
سلێمانی، قەقنەسی کوردایەتی...
ئای سلێمانی! هه‌ر کاتێک ده‌مه‌وێت لاپه‌ڕه‌ی یادێک هه‌ڵبده‌مه‌وه‌، هه‌ر سیخوڕه‌ و رێگە ده‌گرێت، هه‌ر گولله‌یه‌ و تێده‌په‌ڕێت، هه‌ر ئه‌منه‌ و یه‌خه‌ ده‌گرێت. "گه‌ر دنیا تاریک داهاتبوو و به‌ره‌و ماڵه‌وه ‌به‌ڕێوه‌بوویت، نه‌که‌یت به‌سه‌ر شۆسته‌ و په‌نا دیواردا بڕۆیت، گولله‌یه‌کت بەر دەکەوێت... به‌ ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌که‌دا بڕۆ با وا نه‌زانن که‌ پێشمه‌رگه‌یت".
 
ئێواره‌یه‌کی دره‌نگە... تاریک داهاتووە... تەقەیە.
هه‌موو کات له‌گه‌ڵ دەنگی ته‌قه‌دا، چرپه‌یه‌کی بێده‌نگ ده‌یدا به‌ گوێی شاردا: ئه‌مشه‌ویش هاتن، به‌خێربێن... لەگه‌ڵ یه‌کێک له‌ براکانمدا به‌ڕێوه‌ بووین له‌ ده‌رگه‌زێنه‌وه‌ بۆ سه‌رشه‌قام بۆ ماڵه‌وه، ته‌قه‌یه‌کی زۆر بوو. هێنده‌مان زانی شه‌قام و شۆسته‌کان‌ به ‌قوات خاسه گیران‌. کوێرانه‌ ته‌قه‌یان ده‌کرد. داره‌کانی قه‌راخ شۆسته‌کانیشیان لێ بووبووه‌ پێشمه‌رگه‌. هه‌ر فیشه‌ک بوو به ‌لای گوێماندا ویزه‌ی ده‌کرد. ئێمه‌ش به‌ بن دیواره‌کاندا ده‌ڕۆیشتین و ئاواته‌خواز بووین دیواره‌کان بقڵیشێن و له‌ناخیاندا حه‌شارمان بده‌ن. 
ئێستاش که‌ بیر له‌و شه‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه،‌ تێناگه‌م که‌ چۆن گولله‌یه‌ک نه‌یپێکاین. ئه‌و شه‌وه‌ رێگەی نێوان ده‌رگه‌زێن و سه‌رشه‌قام کۆتایی نه‌ده‌هات.
 
چوکلێتەکانی ناو سندوقی پۆستەکەم...
دیارە ساڵانی حەفتاکان بیروبۆچوونی ماو تسی تۆنگ کاریگەری هەبوو لەسەر ئێمەی گەنجان، بەبیرم دێت بەشداریم هەبوو لە گۆڤارێکی چینی، کە بە زمانی عەرەبی بوو، سندوقی پۆستەم هەبوو، هەموو مانگێک ئەو گۆڤارە سندوقەکەمی دەدۆزییەوە لە پۆستەی سلێمانی. جارجارەش نامەیەکی "چوکلێتی"[1] خۆی دەخزاندە نێو سندوقی پۆستکەمەوە. بەڕاستی ئەو نامانە زۆر شیرین بوون.

بەرەو شاخ؛ هەم سەختی، هەم سەربەستی...
ئەو رۆژەی کە لە شاردا جێیەکی دڵنیا بۆ من نەما، ھەڵاتم و درزی دیوارەکەی خانووەکەی سەرشەقامیش بووە ماڵی ئارامی دەفتەرە ونبووەکانم.
ئێواره‌یه‌کی رۆژێکی ساردی مانگی کانوونی دووەمە، شاری سلێمانی خامۆشە و رووی دایکم بێده‌نگ و خه‌مبار... کاتێک باران نم نم به‌‌ رووی مات و خامۆشی شاردا ده‌باری و فرمێسکه‌کانی دایکیشم دڵی بێئارامیان هێنابووە جۆش، ئەو ئێوارەیە، چاوبەفرمێسک دایکم و شارم بەجێهێشت. له‌ شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانییه‌وه‌‌ به ‌یارمه‌تی یه‌کێک له ‌براکانم، که ‌ئه‌و کاته‌ ئه‌ویش پێشمه‌رگه‌ی ‌نێو شار بوو، به‌ره‌و چیا به‌ رێ که‌وتم. هه‌رچه‌نده‌ چوارده‌ورمان مۆڵگه‌کانی به‌عس بوو، به‌ڵام هه‌ستی به‌ره‌و سه‌ربه‌ستی و ژیانێکی ئازاد، چێژی ژیانێکی دڵنیا و بێترس له‌ نێو دۆڵ و شاخه‌کاندا، ئه‌و مۆڵگانه‌یان کردبووە چه‌ند ته‌پۆڵکه‌یه‌کی بێگیان. یه‌که‌م وێستگه‌مان، دێیه‌ خنجیلانه‌که‌ی قوله‌ره‌یسی بوو.
هه‌ر له‌ قوله‌ره‌یسی، دوو پێشمه‌رگه‌ پێشوازییان لێ کردین و له‌ ماڵی خانمێکی رووخۆش ناو و به‌رگی شارمان گۆڕی و ناو و به‌رگی شاخمان پۆشی.
 شه‌و دره‌نگ گه‌یشتینه‌ دێی هه‌ناران. له‌ هه‌ناران پێشمه‌رگه‌کان ماڵێکیان هه‌ڵبژارد و هه‌موو چووینه‌ ئه‌وێ. هه‌ر به‌و شه‌وه‌ دره‌نگه‌ ئه‌و خێزانه‌ به‌ بچووک و گه‌وره‌وه‌ که‌وتنه‌ خزمه‌تکردنمان... خواردنیان بۆ ئاماده ‌کردین و نوێترین نوێنی خۆیانیان بۆ راخستین. 

دێیه‌کانمان، خۆڕاگر و ماڵئاوه‌دان‌، هه‌میشه‌ سه‌رچاوه‌ی به‌رده‌وامیی ژیانی دژ به‌ داگیرکه‌ران بوون. 
ئه‌و شه‌وه‌‌ له‌ هه‌ناران ماینه‌وه‌. به‌یانیی زوو پێش خۆرهه‌ڵهاتن هه‌نارانمان به‌جێهێشت و زیاتر له‌ شار دوور که‌وتینه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و چاره‌نووسێکی نادیار هه‌نگاومان ده‌نا، به‌ڵام هه‌ستی ژیانی سه‌ربه‌ستی ختووکه‌ی ده‌داین و ئه‌و رێگە سه‌خته‌ی بۆ کردبووینه‌ رێگەی سه‌یران. کاتی زه‌رده‌په‌ڕ، له‌و کاتانه‌ی که‌ مه‌ڕوماڵات به‌ره‌و لانه‌ی گه‌رمیان ده‌گه‌ڕانه‌وه،‌ ئێمه‌ش گه‌یشتینه‌ دێی گاپیڵۆن. له‌ دێی گاپیڵۆن پاش ئه‌وه‌ی له‌ قوتابخانه‌که‌ی ئه‌م دێیه‌ خنجیلانه‌یه‌ شه‌وێک ماینه‌وه‌ و پشوومان دا، به‌ره‌به‌یانی رۆژی دوایی به‌ره‌و باڵخ به‌ رێ که‌وتین. 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ دێی هه‌ناران و دێی گاپیڵۆن زۆر نزیک شار بوون، به‌ڵام هه‌ستمان به سه‌ربه‌ستیی ته‌واو ده‌کرد. زستانی سه‌ختی کوردستانیش دڵنیای کردبووین، که‌ تا به‌فر شاخ و دۆڵه‌کان داپۆشێت، دوژمن له‌م ناوچانه‌ دووره‌. 
پاشان بەرەو باڵخ بەردەوام بووین. باڵخ دێیه‌کی زۆر قه‌شه‌نگ و دڵگیر بوو، به‌ بینینی، مرۆڤ دڵخۆش ده‌بوو. ئه‌م دێیه‌ دڵگیره‌‌ش له‌ شاڵاوی دڕندانه‌ی به‌عس رزگاری نه‌بوو، به‌ڵکوو به‌عس به‌ باڵخیشدا تێپه‌ڕی. 
له‌ باڵخ چووینه‌ ماڵی مامۆستای قوتابخانه‌که‌. خانمی ماڵه‌که‌ زۆر رووخۆش و رێزدار بوو، زۆر رێزی لێ گرتین و دڵخۆشیی خۆی به‌ بوونی کچه‌پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌ نێو پێشمه‌رگه‌کاندا نیشان ده‌دا. کفته‌ی سلێمانیی بۆ لێناین، وتی: "ئیتر به‌مزووانه‌ کفته‌ ناخۆن‌".
پاشان له‌ باڵخه‌وه‌ به‌ره‌و وڵاخلوو که‌وتینه‌ رێ. ئه‌و رێگەیانه‌ی که‌ پیایاندا ده‌ڕۆیشتین، هه‌مووی تووله‌ڕێ بوون،‌ ته‌نانه‌ت بۆ پیاده‌ و وڵاخیش سه‌خت بوون. 
سروشتی کوردستان چواروه‌رزه‌ به‌رگی خۆی ده‌گۆڕێت. رێگەی گه‌شتی ئێمه‌ له‌ سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا بوو. به‌فرێکی زۆر چیا و دۆڵه‌کانی داپۆشیبوو، زۆر جار ئه‌و رێگەیانه‌ی که‌ پیایدا ده‌ڕۆیشتین، هێشتا نه‌شکێنرابوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌مانده‌زانی به‌ره‌و کوێمان ده‌به‌ن. 
جوانیی سروشتی کوردستان و هه‌ستی سه‌ربه‌ستیی خۆمانمان کردبووه‌ قیبله‌نما. 
هه‌ندێک رۆژ که‌ خۆر ده‌رده‌که‌وت، شاخ و دۆڵه‌کان تارای زیوینیان ده‌پۆشی و تیشکی خۆره‌که‌ش گه‌رمییه‌کی نه‌رمی به ‌سروشت ده‌دا. ئه‌و کاتانه‌ چاو هه‌رگیز له‌ جوانیی ئه‌و دۆڵ و چیایانه‌ تێر نه‌ده‌بوو. 
له‌ یه‌کێک له‌ رۆژه‌کانی گه‌شته‌که‌ماندا،‌ تیشکی خۆره‌که‌ زۆر له‌سه‌رخۆ به‌فره‌که‌ی گه‌رم ده‌کرده‌وه‌، ئێمه‌ش ورد ورد بێترس به‌سه‌ر چیایه‌‌که‌دا سه‌رده‌که‌وتین. زۆرمان برسیبوو، پێیه‌کانمان له ‌سه‌رمادا سڕ بووبوون. من هێزی رۆیشتنم نه‌مابوو، هه‌روه‌ک باپیره‌م، کاتێک پشتی ده‌چه‌مانده‌وه‌ و هه‌ردوو ده‌ستی ده‌خسته‌ پشتی، به‌ چیایەکه‌دا سه‌ر دە‌که‌وتم. که‌ سه‌رم به‌رزکرده‌وه،‌ چایخانه‌یه‌ک له‌سه‌ر شاخه‌که‌ به‌ده‌رکه‌وت. ده‌رکه‌وتنی ئه‌و چایخانه‌یه‌، له‌و کاته‌دا هێز و گوڕێکی زۆری پێ به‌خشیم. له‌ چایخانه‌که‌ یه‌کسه‌ر شوێنی نزیک زۆپاکه‌یان بۆ چۆڵ کردین. نانی گه‌رمیان له‌گه‌ڵ ماستدا بۆ هێناین. نانی گه‌رم و ماستی خۆماڵی له‌گه‌ڵ چادا، له‌سه‌ر ئه‌و‌ چیا بڵنده...‌ بێترس، به‌ سه‌ربه‌ستی... چ هه‌ستێک!!!

هه‌ندێک دیمه‌ن که‌ ئه‌مڕۆ پاش زیاتر له‌ چوار دەیە به ‌یاد دێنه‌وه‌، هه‌روه‌ک سیناریۆی فیلمێک دێنه ‌به‌رچاو!
دێی وڵاخلوو که‌وتبووه‌ شوێنێکی زۆر سه‌خته‌وه‌، به‌فرێکی زۆریش باریبوو، له‌ زۆر شوێندا هێشتا به‌فره‌که‌ نه‌شکابوو. مرۆڤ نه‌یده‌زانی ئه‌و رێگەیه‌ی که‌ ده‌یگرت به‌ره‌و کوێی ده‌بات، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار کاتێک شه‌ن و تاوی رێگەکانمان ده‌کرد و بیرمان ده‌کرده‌وه‌ ئایا کام رێگەیه‌ بگرین: لای راست، لای چه‌پ یان هه‌ر رێک؟ هاوکاتیش ترسێک له‌ ناخمدا دروست ده‌بوو، "تۆ بڵێی ئه‌م رێگەیه‌ به‌ره‌و شه‌قامی قیرمان به‌رێت!"
شه‌قامی قیر، واته‌ رێگەی به‌ره‌و شار و به‌ره‌و زیندانه‌که‌ی رژێمی به‌عس، که ‌بۆ ئێمه‌ی کوردی دروست کردبوو.
شه‌و دره‌نگ گه‌یشتینه‌ دێی وڵاخلوو. له‌ وڵاخلوو چووینه‌ ماڵی ئه‌و خاوه‌ن ئه‌سپانه‌ی که‌ بڕیار بوو بمانگه‌یه‌ننه‌ که‌نار زێ. 
له‌ ترسی مۆڵگه‌ی پاسدارانی ئێران و مۆڵگه‌ی سه‌ربازانی عیراق، کاتژمێر دووی شه‌و که‌وتینه‌ رێ. شه‌وێکی زۆر زۆر سارد بوو، به‌فرێکی زۆر باریبوو. له‌ به‌دبه‌ختیی ئێمه‌، مانگه‌شه‌و بوو، ته‌نانه‌ت ده‌بوایه‌ وڵاخه‌کانیش هۆشیار بن که‌ ده‌نگی پێیان نه‌یه‌ت. 
له‌ سه‌ره‌تادا به‌ره‌و دۆڵی سه‌فره‌ و زه‌روون به‌ره‌وخوار بووینه‌وه‌. دۆڵێکی تا بڵێی سه‌خت و چڕ. تریفه‌ی مانگه‌شه‌ویش بێباک له‌ مۆڵگه‌ی سه‌رباز و گورگی برسی، ئه‌و دۆڵه‌ی کردبووه‌ چراخان. له‌پڕ سێ گورگی برسیمان لێ په‌یدا بوو، به‌رانبه‌رمان مۆڵگه‌ی پاسدارانی ئێران و پشتیشمان مۆڵگه‌ی سه‌ربازانی عیراق بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌مانده‌توانی ته‌قه‌ له‌ گورگه‌کان بکه‌ین. 

تریفه‌ی مانگەشه‌و زۆر له‌سه‌رخۆ له‌ نێو زه‌ریای سپیی بێگه‌رددا شه‌پۆلی ده‌دا. ترسی گورگی برسی له‌ لایه‌ک و سه‌رباز و پاسدار له‌ لایه‌کی تر، به‌فر و سه‌رما، چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک به‌ سواری وڵاخه‌وه‌ له‌ شه‌وێکی مانگه‌شه‌وی زستانی چیا سه‌رکه‌شه‌کانی کوردستاندا، مرۆڤ ده‌توانێت جوانترین و ترسناکترین سیناریۆی فیلمی لێ ده‌ربهێنێت.

هه‌رچۆنێک بوو به‌ یارمه‌تی دار و گۆچان گورگه‌کانمان له‌ خۆمان دوورخسته‌وه‌. من به‌سه‌ر وڵاخه‌که‌‌وه‌ سڕ بووبووم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی په‌توویه‌کیشم له‌ خۆمە‌وه‌ ‌پێچابوو، به‌ڵام کوردوته‌نی "گۆت بووبووم".
ده‌مه‌وبه‌یان، هێشتا خۆر هه‌ڵنه‌هاتبوو، گه‌یشتینه‌ سه‌ر زێ‌. شه‌پۆله‌کانی زێ تووڕە دیاربوون. زێ‌ زۆر تووڕه‌ دیار بوو. به‌ نێو دۆڵه‌که‌دا به‌ شه‌پۆلی به‌هێز زۆر به‌په‌له‌ به‌ره‌وخوار ده‌بووەوه،‌ هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی گورگی برسی و پاسدار و سه‌رباز به ‌شوێن ئه‌ویشه‌وه‌ بن. له‌وبه‌ر زێ‌‌، دێی هه‌رزنه‌ بەدیار کەوت. به‌پێی ئه‌و سنوورانه‌ی که‌ نه‌یارانی کورد کێشاویانه،‌ دێی هه‌رزنه‌ که‌وتووەته‌ کوردستانی رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ و له‌ سنووری ده‌وڵه‌تێکی تردایه‌، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌، جگه‌ له‌وه‌ی گه‌یشتنه‌ هه‌رزنه‌ و هه‌نگاوێک له‌ دواوێستگه‌مان نزیکی دەخستینەوە‌، دەنا هیچ جیاوازییه‌کمان نه‌ده‌بینی له‌ نێوان هه‌رزنه‌ و باڵخدا.
له‌ دامێنی چیایه‌کەدا‌ له‌ وڵاخه‌کە هاتمە‌ خواره‌وه‌ و پشوویه‌کم دا. هه‌ر له‌ که‌نار زێ و له‌ دامێنی چیایه‌که‌دا له‌ په‌نا به‌ردێکدا به‌بێ ده‌نگ و به‌نهێنی ئاگرێکمان کرده‌وه‌. زۆر تامه‌زرۆی پیاڵه‌یه‌ک چا بووین. خاوه‌ن وڵاخه‌کان (كه‌ پێیان ده‌وترا قاچاخچی) پێویستیی چالێنانیان پێ بوو. کاری ئه‌وان هاتوچۆکردن بوو له‌ نێوان دێیه‌کانی ئه‌مدیو و ئه‌ودیودا، واته‌ باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان. 

دانیشتوانی دێیه‌کانی ئه‌مدیو و ئه‌ودیو، هه‌مووان خزم و که‌سوکاری یه‌کتر بوون. سنووری به‌زۆرکێشراوی نێو مێشکی نه‌یارانی کورد، نه‌یده‌توانی ببێته‌ به‌ربه‌ست و رێگر له‌ نێوان هه‌رزنه‌ و باڵخ، یا بێوران و گاپیڵۆن. 

چۆن بپه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌وبه‌ری زێ؟ باشترین مه‌له‌وانی جیهانیش ناتوانێت خۆی بداته‌ ده‌م ئه‌و شه‌پۆله‌ سارد و تووڕانه‌!
له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری زێ، وێستگه‌ی وه‌رگرتن زۆر به‌ سه‌ره‌تایی و ساده‌یی دروست کرابوو. گوریسێک‌ له‌سه‌ر دارێک، کۆڵه‌که‌یه‌ک، بۆ ئه‌و‌به‌ری رووباره‌که‌ را‌کێشرابوو. به‌شێوه‌یه‌کی زۆر سه‌ره‌تایی به‌ گوریس ده‌به‌سترایته‌وه‌، یه‌که‌ یه‌که‌ ئاماده ‌کراین بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وبه‌ری زێ رامانبکێشن. کاتێک سه‌ره‌ هاته‌ سه‌ر من، به‌ گوریسه‌که‌ به‌سترامه‌وه‌ و پاڵێکیان پێوه‌نام بۆ ئه‌و‌به‌ری رووباره‌که‌. دیارە لەو بەرزییەدا و بەسەر زێی تووڕەوە نابێت تەماشای شەپۆلەکان بکەیت، بەڵام من چاوم له‌سه‌ر زێ بوو، سه‌ریشم گێژی ده‌خوارد و ده‌خولایه‌وه‌، وام هه‌ست ده‌کرد ئێستا به‌رده‌بمه‌وه‌ بۆ نێو رووباره‌که‌.
ورد ورد خۆر که‌وتبووه‌ سه‌ره‌تاتکێ له‌ پشت چیا به‌رزه‌که‌وه‌. له‌ دامێنی چیایه‌که‌ که‌مێک دانیشتین و به‌ تیشکی خۆره‌که‌ خۆمان گه‌رم کرده‌وه‌، پاشان به‌ره‌و دێی هه‌رزنه‌ رێگەمان گرت. له‌ هه‌رزنه‌ چووینه‌ ماڵی نوێنه‌رێکی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان. له‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ شه‌وێک له‌ هه‌رزنه‌ پشوومان دا، به‌ره‌و بێوژه‌ که‌وتینه‌ رێ. 
کاتێک له‌ سلێمانییه‌وه‌ به ‌رێ که‌وتین، ته‌نیا جانتایه‌کی بچکۆله‌م پێ بوو. تێشوو هه‌ڵگرتن به‌بیرماندا نەدە‌هات. هه‌بوونی لادێکان دڵنیاییه‌کی گه‌وره‌ی پێ به‌خشیبووین. 
رۆژێکیان کاتێک به‌ڕێوه‌بووین بۆ بێوژه‌، نزیک نیوه‌ڕۆ بوو، زۆرمان برسیبوو. هه‌ستمان به‌ بۆنی نانی گه‌رم کرد. بۆنی نانی گه‌رم به‌ره‌و ماڵی خانمێک بردینی که‌ خه‌ریکی نانی ساج بوو. هه‌ر له‌ ده‌وری ئاگره‌که‌ که‌مێک لای ئه‌و خانمه‌ دانیشتین و بووینه‌ هاوبه‌شی له‌ خواردنی چه‌ند نانێکدا و پاشان به‌ روویه‌کی به‌سۆزی دایکانه‌وه‌ چه‌ند نانێکێشی بۆ پێچاینه‌وه‌ بۆ تێشووی رێگەمان. 
دێی بێوژه،‌ دێیه‌کی دڵگیر بوو له‌ دیوی کوردستانی رۆژهه‌ڵات. له‌ بێوژه‌ چووینه‌ ماڵێک، خانووی ئه‌م ماڵه‌ دوو نهۆم بوو، ژووره‌کانی نهۆمی سه‌ره‌وه‌ هه‌مووی به‌ فه‌رش رازێنرابوونەوه‌. خانمێکی رووخۆش (زۆر به‌ داخه‌وه‌م که‌ ناویم له‌ یاد نه‌ماوه‌) و به‌خزمه‌ت پێشوازیی کردین. ژوورێکیان له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ بۆ ئێمه‌ چۆڵ کرد که‌ زۆر پاک و گه‌وره ‌و پڕ فه‌رش بوو. ئه‌و شه‌وه‌ له‌ ماڵی ئه‌م خانمه‌ رووخۆشه‌ پشووی ته‌واومان دا و به‌دڵنیایی و بێ ترس نوستین.
به‌ڕاستی هیچ وشه‌یه‌ک نییه‌ بۆ رێزگرتن و پێزانین له‌و هه‌موو خزمه‌ت و ماندووبوونه‌ی خه‌ڵکی ئه‌و دێهاتانه‌ی کوردستان، لە باشوور و لە رۆژهەڵات، که‌ بۆ ئێمه‌یان ده‌کرد‌. هه‌موو کات به‌ روویه‌کی خۆش و ماڵکراوه‌ییه‌وه‌ پێشوازییان لێ ده‌کردین. هیچ کاتێک له‌ نێو خه‌ڵکی لادێکانماندا خۆمان به‌ نامۆ و بێکه‌س نه‌ده‌زانی. 
بۆ رۆژی دوایی، له‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ له‌ بێوژه‌ نانی به‌یانیمان خوارد، سوپاس و ماڵئاواییمان کرد و که‌وتینه‌وه‌ رێ‌. له‌ دیوی رۆژهه‌ڵات زیاتر به‌ رۆژ رێمان ده‌کرد. له‌ هیچ دێیه‌ک دوو شه‌و نه‌ده‌ماینه‌وه‌. زۆرمان حه‌ز ده‌کرد که‌ زوو بگه‌یه‌نه‌ شوێنی مه‌به‌ستمان. 
پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌و رۆژه‌ی که‌ بێوژه‌مان به‌جێهێشت، گه‌یشتینه‌ بێوران. له‌ بێوران سه‌ره‌تا چووینه‌ چایخانه‌که‌ی بێوران، که‌ له‌سه‌ر ئه‌و ته‌نیا شه‌قامه‌ بوو که‌ له‌ دێیه‌که‌دا هه‌بوو. له‌ چایخانه‌که‌ خۆمان گه‌رم کرده‌وه‌ و پاشان پێشمه‌رگه‌کان ماڵێکیان هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی شه‌و له‌و ماڵه‌ بمێنینه‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی پێشمه‌رگه‌کان له‌ هه‌ر دێیه‌ چه‌ند که‌سێکیان ده‌ناسی و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵیاندا زۆر باش ‌بوو. ئه‌و ماڵانه‌ی که‌ هه‌ڵیانده‌بژارد، جێگەی متمانه‌ و دڵنیایی بوون.
هێنده‌ی بیرمه،‌ ئه‌و شه‌وه‌ هیچ نه‌نوستم. هه‌رچه‌نده‌ به‌ ده‌ستووری هه‌موو ئه‌و ماڵانه‌ی که‌ به‌درێژایی ئه‌و رێگەیه‌مان که‌‌ لایان مابووینه‌وه‌، خزمه‌تیان کردین و ماڵیان کراوه‌ بوو بۆمان، به‌ڵام ئه‌م ماڵه‌ی بێوران کێچێکی زۆریان هه‌بوو، تا به‌یانی به‌ به‌رده‌وام خه‌وی لێ هه‌راسان کردین. هاوکات خانمی ماڵه‌که‌ و منداڵه‌کانی هه‌موویان بێخه‌م بۆخۆیان نوستبوون. به‌یانیی زوو دوای سوپاسکردن ماڵئاواییمان لێ کردن و چووینه‌ چایخانه‌که‌ی بێوران، هه‌ر له‌وێ نانی به‌یانیمان خوارد و پاشان که‌وتینه‌وه‌ رێ. 
ئه‌م رۆژانه‌ به‌ به‌رده‌وامی به‌فر ده‌باری. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ نێو دۆڵه‌کان به‌فرێکی زۆری تیادا بوو، هیچ رێگەیه‌کیش دیار نه‌بوو، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ ترسی مۆڵگه‌کانی پاسدارانی ئێران رێگەی دۆڵه‌کانمان گرتبوو.‌ هه‌رچه‌نده‌ رۆیشتن به‌ نێو دۆڵه‌کاندا به‌هۆی بوونی به‌فرێکی زۆر، سه‌خت بوو، به‌ڵام دڵنیا بووین که‌ نابینرێین. 
به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی، ئه‌و کاتانه‌ پێشمه‌رگه‌ی ژن زۆر که‌م بوو، ژماره‌یان به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردران. ده‌چووینه‌ هه‌ر کوێیه‌ک له‌و دێیانه‌ی کوردستان، رێزێکی زۆریان لێ ده‌گرتم و به‌ رێزه‌وه‌ له‌ به‌شداریی ژنیان له‌ شۆڕشدا ده‌ڕوانی. 
کانی زه‌رد؛ دێیه‌کی خنجیلانه‌ بوو، نزیکی سه‌رکردایه‌تی له‌ ناوزه‌نگ. له‌ کانی زه‌رد ته‌نیا پشوویه‌کمان دا و پاشان به‌ره‌و ناوزه‌نگ و زه‌ڵێ به‌ رێ که‌وتین.
له‌ رێکخراوی نێو شاره‌وه‌ نامه‌مان پێ بوو بۆ ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌. سه‌ره‌تا چووینه‌ ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه له‌ زه‌ڵێ‌. شه‌وێک‌ له‌ زه‌ڵێ پشوومان دا، بۆ رۆژی دوایی به‌رەو ناوزه‌نگ بە شاخەکەدا سەرکەوتین.
دوای چەند رۆژێک لە ناوزەنگ، بەرەو تووژەڵە کەوتنیە رێ‌... 
له‌ تووژه‌ڵه‌، له‌ مه‌ڵبه‌ندی راگه‌یاندن و ئێستگه‌ی رادیۆ نیشته‌جێ بووین. کاتێک ئێمه‌ گه‌یشتین، مه‌ڵبه‌ندی راگه‌یاندن و مه‌ڵبه‌ندی رادیۆ دوو مەڵبەندی جیاواز بوون و نزیک له ‌یه‌کتر بوون، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ک بوون به‌ یه‌ک مه‌ڵبه‌ند (مقەڕ).

ژیانی رۆژانەی پێشمەرگایەتی، لە هەموو لایەکەوە گوشار...
ژیان، بەتایبه‌تی له‌ زستاندا زۆر سه‌خت بوو. به‌یانیان بۆ ئاماده‌کردنی به‌رچایی ماوه‌یه‌کی زۆری ده‌ویست تا ئاگرت بۆ ده‌کرایه‌وه‌ و ژه‌می به‌یانیانت ئاماده‌ ده‌کرد. هه‌ندێک جار یاخیبوونی داره‌کان له‌ سووتان،‌ کۆڵی پێ دەداین و نانی به‌یانیمان هه‌ڵده‌گرت بۆ نیوه‌ڕۆ. هه‌موو رۆژێک دوو پێشمه‌رگه‌ ئێشکچی بوون. واته‌ ئه‌و دوو پێشمه‌رگه‌یه‌ سێ ژه‌می نانخواردنی ئه‌و رۆژه‌یان ئاماده ‌ده‌کرد. 
خواردنی نیوه‌ڕوان یا نیسک یا نۆکاو بوو. ئه‌گه‌ر بمانویستایه‌ گۆڕانکاری تیادا بکه‌ین، نیوه‌ڕوان ده‌بووه‌ نۆکاو و ئێواران ده‌بووه‌ نیسک. جار به‌ جار مانگی جارێک یا به‌ دوو مانگ جارێک گۆشت و برنجێکی تێ ده‌که‌وت‌. له‌ نێو مه‌ڵبه‌ندیشدا ته‌نوورێکمان هه‌بوو، ئەمەش وای کردبوو هیچکات نانمان لێ نەبڕێت. له‌ ناوزه‌نگیش دوکانێک هه‌بوو‌ جارجار خواردنی قوتوو یا هه‌ندێک پێویستیی تریان ده‌هێنا. 
زستان تێپەڕی و وه‌رزی به‌هار کەوتە سەرەتاتکێ... له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی به‌هاردا فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی رژێمی به‌عس له‌ قۆزاخه‌ی دڕکاوییان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و جارجار ژه‌هری کوشنده‌یان به‌سه‌ر گوند و شاخی به‌فرین و دۆڵی چڕدا ده‌ڕشت. له‌ دامێنی چیاکه‌دا چاڵمان به ‌گه‌وره‌یی گۆڕێک هه‌ڵکه‌ندبوو؛ کاتێک ده‌نگی فڕۆکه‌کان ده‌گه‌یشته شاخ و دۆڵ، خۆمان له‌ چاڵه‌که‌دا گرمۆڵه‌ ده‌کرد. 
من زۆر له‌ فڕۆکه‌ ده‌ترسام، هه‌ر که‌ ده‌نگیان ده‌گه‌یشته‌ گوێم، به‌ راکردن خۆم ده‌گه‌یانده‌ چاڵه‌که. زۆر جار له‌ کاتی راکردندا ده‌که‌وتم و هه‌ر له‌ شاخه‌که‌وه‌ تل ده‌بوومه‌وه‌. هه‌موو جارێک که‌ تل ده‌بوومه‌وه،‌ سه‌لمه‌ خانی حه‌فید (ئه‌و کاتانه‌ ئه‌ویش له‌ تووژه‌ڵه‌ بوو، ژنێکی زۆر به‌ڕێز و سه‌نگین بوو، هه‌روه‌ک دایکم وابوو)، ده‌یوت: "كچه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌نده‌ ده‌ترسی، به‌خوا تۆ وا بکه‌یت له‌گه‌ڵ هاتنی هه‌ر فڕۆکه‌یه‌ک تل ببیته‌وه‌، ئه‌م منداڵه‌ نابێت به‌ منداڵ." رۆزای کچم لە چاوەڕوانیی لەدایکبووندا بوو.

‌دایکایەتی و کوردایەتی، دوو بەپرسیارێتی قورس لە یەک کاتدا...
کۆتایی وەرزی پایز بوو، بۆ له‌دایکبوونی رۆزا، بەرەو رۆژهەڵاتی وڵات، بۆ ماڵی پوورزایەکم کەوتمە رێ. ماڵی پوورزاکەم ئەوکات لە شاباد بوو. 
بە مەبەستی گەیشتنە شاباد، لە سەردەشت و سەقز و سنە لە ماڵی چەند بەڕێزێک ماینەوە. زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەو دڵسۆزانەی شارەکانی رۆژهەڵات، بۆ پەرۆشییان و خەمخۆری و هاوسۆزییان... 
رۆزای کچم، لە ماڵی پوورزایەکی خۆشەویستم لە شاباد لەدایک بوو. خاتوو شیرینی پوورزام و هاوسەرەکەی، زۆر ماندوو بوون. ئەگەر پەرۆشیی ئەوان نەبوایە، هاوکاریی پزیشکم دەست نەدەکەوت لە نەخۆشخانە. ئەو کاتە پەیوەندی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەوڵەتی ئێران باش نەبوو، تەنانەت نەماندەتوانی بڵێین کە پێشمەرگەی یەکێتین. زۆر سوپاس بۆ خاتوو شیرین و هاوسەرەکەی، بۆ ئەو هەموو هاوسۆزی و پەرۆشییەیان.
بە ماوەیەکی کەم دوای لەدایکبوونی رۆزا، گەڕامەوە بۆ تووژەڵە... هەبوونی شەڕی نێوان ئێران و عیراق و هاتنی فڕۆکەی جەنگیی هەردوو وڵات بۆ سەر ئاسمانی تووژەڵە و ناوزەنگ، ژیان و گوزەرانی، بەتایبەتی بە منداڵێکی ساواوە، هێندەی دیکە سەختتر کردبوو.
پاش ماوەیەک و بە هاتنی وەرزی بەهار و هاوین، جارێکی تر بەرەو رۆژهەڵات و پاشان بەرەو تاران کەوتینەوە رێ... ئەم جارەیان ئامانج ئەوروپا بوو. 

هەندەران، کوردایەتی لە نامۆییدا...
لە ساڵی 1982وەوە لە سوید نیشتەجێم. لە دوای خوێندن و فێربوونی زمانی سویدی، سەرەتا لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، لە کۆلێژی مامۆستایان، بەشی (زمانی دایک)م خوێند. پاشان وەک مامۆستای زمانی کوردی کارم دەکرد و بەپێی هەبوونی کات کاری وەرگێڕانیشم دەکرد.
بەپێی یاسای سوید، هەموو منداڵێک کە زمانی دایکی سویدی نەبێت، دەتوانێت هەفتەی دوو کاتژمێر زمانی دایک بخوێنێت. لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان، ژمارەی منداڵی کورد، بەتایبەتی لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، روو لە زیادبوون بوو، هاوکاتیش هیچ کتێبێکی کوردی لەبەردەستدا نەبوو بۆ فێربوون و خوێندنی زمانی کوردی. 
 ئەو سەردەمە، دەستکەوتنی کتێب و گۆڤاری کوردی زۆر سەخت بوو. هیچ کتێب و نووسینێک نەیدەتوانی زیندانە گەورەکەی رژێمی بەعس بەجێبهڵێت. 
سەرەتا کۆمەڵێک چیرۆکی فۆلکلۆریی منداڵانم کۆ کردەوە و لەژێر ناوی (شێر و مشکە بچکۆلەکە)دا، لە چاپەمەنییەک لە ستۆکهۆڵم، چاپ و بڵاو کرایەوە. 
کتێبی دووەمم؛ ئەکین لە باوەشی نیشتمانێکی نامۆدا، لە زمانی سویدییەوە کردبوومە کوردی. ئەم کتێبە لە نووسینی نووسەر: بێنی - کریستاڵ ئەندەرسن بوو. کتێبەکە باس لە منداڵێکی پەنابەر دەکات، کە بە هۆکاری چەوساندنەوە و نەبوونی ئازادی، لەگەڵ دایک و باوکیدا هەڵاتوون و هاتوونەتە سوید. پاشان دەقی کتێبە کرا بە فیلم. ئەم کتێبە لەلایەن پەخشخانەی کولتووری کوردی لە ستۆکهۆڵم، لە ساڵی 1989 چاپ کرا و بڵاو کرایەوە. 
لە نێوان ساڵانی 1990 بۆ 2007، بە سەرپەرشتیاریی دەزگای قوتابخانەکانی سوید چەند کتێبێکم بۆ خوێندن و فێربوونی زمانی کوردی نووسی:
- پەلکەزێڕینە بۆ فێربوونی زمانی کوردی، پەلکەزێڕینە بخوێنە و بنووسە (راهێنان بۆ کتێبی خوێندنەوەی پەلکەزێڕینە). ئەم دوو کتێبە بۆ پۆلی یەک تا سێی قۆناغی بنەڕەتی بوو، کە لە ساڵی 1990 چاپ کرا و بڵاو کرایەوە.
- رەزبەر؛ بۆ قۆناغی دووەم، واتە دوای فێربوونی خوێندنەوە و نووسین، ساڵی 1992 چاپ کرا و بڵابووەوە.
لە دوای گۆڕینی پلانی سیستمی پەروەردەی سوید لە ساڵی 1994دا و نووسینەوەی پلانی خوێندنی زمانی دایک، گۆڕانکاریم لە کتێبەکاندا کرد. هاوکاتیش بەشدار بووم لە نووسینەوەی پلانی کۆرسی زمانی دایک لە سوید، کە بە سەرپەرشتیی دەزگای قوتابخانەکانی سوید بەڕێوە دەچوو. 
- رەنگەکانی پەلکەزێڕینە؛ بۆ خوێندن و فێربوونی زمانی کوردی، ساڵی 1999 چاپ کرا و بڵاو کرایەوە. 
- گەڵاڕێزان؛ گۆڕانکاری و پێداچوونەوەی کتێبی رەزبەر، ساڵی 1999.
- ئاشتی؛ کتێبی زمانی کوردی بۆ پۆلەکانی ئامادەیی، ساڵی 2001. 
- ئاشتی؛ چاپی دووەم بە دەستکارییەوە، ساڵی 2007.
ئەم کتێبانە کە بەسەرپەرشتی دەزگای قوتابخانەکانی سوید نووسیمن، لەلایەن چاپخانەی ئاپێک لە ستۆکهۆڵم، چاپ کران.
- سێ ژیانەکەی ئاڵتوون؛ وەرگێڕان لە زمانی سوییدیەوە، لە نووسینی نووسەری سویدی: ئەنیکا توور بە هاوبەشیی ئاڵتوون باساران، ساڵی 2001. چاپ و بڵاوکردنەوەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە کوردستان.
- کتێبی Doften från mammas kurdiska kök, واتە بۆن و بەرامەی خواردەمەنی کوردیی دایکم، بە زمانی سویدی، ساڵی 2019، چاپ و بڵاوکردنەوەی دەزگای کارلسۆن لە ستۆکهۆڵم. ئەم کتێبە ریسێپتی خواردنە کوردییەکانی دایکمە بە وێنەوە، لەگەڵ سەردەمی کاتی منداڵیم لە شاری سلێمانی و کورتەیەک لە مێژووی کورد.
- خۆزگە راستییەکان هێندە تاڵ نەدەبوون، ساڵی 2022، چاپ و بڵاوکردنەوەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە کوردستان. 

مۆتەکە و تارمایی رۆژە رەشەکان...
رۆژه‌ ترسناکه‌کانی سەردەمی منداڵی و لاویم، زۆر جار وه‌ک سێبه‌ری تارماییه‌کی تۆقێنه‌ر و سیناریۆی فیلمێک دێنه‌ به‌رچاو و له‌سه‌ر هاوێنه‌ی چاو ئیست ده‌گرن و به‌زوویی ون نابن، به‌ڵکوو شه‌وانه‌ش له‌ دنیایه‌کی دڵنیا و ئارامی وه‌کوو شاری ستۆکهۆڵمدا، خه‌و له‌ چاو هه‌راسان ده‌که‌ن و وه‌ک مۆته‌که‌ هه‌ناسه‌م لێ ده‌بڕن.

دووربووم، بەڵام دانەبڕاوم...
لە زۆربەی رۆژنامەکانی کوردستان وەک: کوردستانی نوێ (گۆشەی تایبەتیم هەبوو لە رۆژنامەی کوردستانی نوێدا)، هاوڵاتی، ئاوێنە، گۆڤاری خاک و چەندین گۆڤار و رۆژنامەی دیکەدا، وتاری پەروەردەیی و سیاسیم نووسیوە و بڵاوم کردوونەتەوە. 
ئێستاش بەردەوام لەسەر پرسی پەروەردە دەنووسم، بەو هیوایەی کە کاریگەریی، ئەگەر زۆر کەمیش بێت، لەسەر گۆڕان و بەرەوپێشەوەچوونی پرسی پەروەردەی کوردستان هەبێت.

سەرەڕای هەموو شتێک، خوێندن...
دوای لەدایکبوونی رۆنیا لە 1992 و پاشان رۆبین لە 1994، دەستم کردەوە بە خوێندن. لە زانکۆی ستۆکهۆڵم ماتماتیکم خوێند، تا بتوانم وەک مامۆستای ئامادەیی لەو بوارەدا کار بکەم.
لە پێش ساڵی 2000، لە پۆلەکانی کۆتایی قۆناغی بنەڕەتیدا (پۆلەکانی حەوت تا نۆ)، وانەی ماتماتیکم دەوتەوە. لە ساڵی 2000ەوە لە ئامادەیی تولینێ لە شاری ستۆکهۆڵم مامۆستای ماتماتیک و ئیکۆنۆمیم، تا ئێستاش بەردەوامم.

پرسی کورد، پرسێکی هەمیشەیی...
هاوکات لەگەڵ ژیان لە کۆمەڵگەی سوید و رۆڵم وەک دایکی سێ منداڵ و کار و نووسین، پرسی کورد هەمیشە پرسێکی زۆر گرنگ و گەورە بووە لە لام. هەر لە سەرەتای ژیانمەوە لە سوید، بوومە ئەندامی منداڵپارێزانی سوید، ئەمنستی و هەندێک رێکخراوی دیکە کە لە بواری ئاشتی و قەدەغەکردنی هەناردەی چەکدا چالاک بوون. پاشان بوومە ئەندام لە پارتی سۆشیال دیموکرات و لە ژنانی سۆشیال دیموکراتدا زۆر چالاک بووم. لە دەستەی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی خۆماندا بووم و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ژنانی سۆشیال دیموکراتیش بووم لە شاری ستۆکهۆڵم. لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا هەمیشە پرسی کورد بابەتێکی سەرەکی بوو لە لام. 
سروەی بەیان (morgonbris)، گۆڤاری ژنانی سۆشیال دیموکراتی سویدە، لەو گۆڤارەشدا وتاری سیاسیم دەنووسی و زۆر جار بە پرسی کوردەوە گرێم دەدا. زۆر جار بۆ باسکردن لەسەر پرسی کورد بەشداریم لە بەرنامەکانی رادیۆ و تەلەڤزێۆنی سویددا کردووە. 

پەروەردە، پرسێکی بنەڕەتی...
بە بڕوای من، سیستمی پەروەردە و فێربوونی وڵاتێک، چارەنووسی ئەو کۆمەڵگەیە دیاری دەکات. سوید بەهۆی سیستمی پەروەردەکەیەوە یەکێکە لە کۆمەڵگە پێشکەوتوو و مرۆڤدۆست و دیموکراتەکان. کۆمەڵگەی سوید، لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژندا لە ریزبەندی پێشەوەی وڵاتانی پێشکەوتووی دیموکراسییە. پێگەی ژن بەهێزە، لەبەردەم یاسادا ژن و پیاو یەکسانن. سیستمی پەروەردەی وڵاتەکە زامنی ئەم بەهایانە دەکات.
 هیوادارم بتوانم زیاتر لە بواری پەروەردەی کوردستاندا کار و چالاکیم هەبێت.

پرسی ژن، زامی ساڕێژنەبوو... 
 لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەدا، دیارە پێگەی ژن لە کۆمەڵگەی کوردییشدا زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لە زۆرینەی کار و پیشەکاندا ژنان بەشدارن و لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن و خاوەنی ئابووریی سەربەخۆی خۆیانن. هەبوونی ئابووریی سەربەخۆ، زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ژن بتوانێت خاوەنی دەنگی خۆی بێت. لە بواری سیاسەت و ئەدەب و خەباتی مەدەنیدا زۆر خانمی بەتوانا چالاکن و مایەی ئومێد و دڵخۆشین. هاوکات، بەداخەوە، تا ئەمڕۆش لە زۆر بواردا ژن و پیاو لە بەردەم یاسادا یەکسان نین، تا ئێستاش زۆر یاسا لە کوردستاندا لەسەر شەریعەتی ئیسلام داڕێژراوە، کە ئەمەش بەتەواوی جیاکاریی دەکات لە نێوان ژن و پیاودا و جارێکی تر ژن بەپێی یاساش مافی دەخورێت و دەچەوسێتەوە. زۆر گرنگە کە ژن بۆ ئەم پرسە تێکۆشانی هەبێت و لە هەوڵدا بێت بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانە. ژن دەبێت خۆی هۆشیار بێت بە رۆڵ و پرسی خۆی، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆی هیچ کات سازش نەکات. بەداخەوە، هێزە کۆنەپەرستەکان رۆڵێکی زۆر نەرێنی دەبینن بۆ بێهێزکردن و پابەندبوونی ژن بە پیاو لە کۆمەڵدا.
 
ئامانجەکانم
وەک دایک؛ منداڵەکانم سێ مرۆڤی سەربەخۆ و ئازادن، بە متمانەبەخۆبوونەوە هەنگاو دەنێن. لەو بوارانەی کە ئارەزووی خۆیانە، ئیش دەکەن و لە کۆمەڵگەی سویددا پێگەی خۆیان هەیە. شانازییان پێوە دەکەم.
وەک تاک؛ یەکێک لە ئامانجەکانم، ئەوەیە کە دەمویست لە سوید دکتۆرا لەسەر ئەنفال بکەم. لە زانکۆی ئۆرێبروو دەستم کرد بە خوێندنی زانستە سیاسییەکان، بەڵام بەداخەوە، بەهۆکاری سەختیی ژیان و کاری دیکە، نەمتوانی ئەو ئامانجەم بەدیبهێنم، بەڵام بۆ خوێندن هیچکات درەنگ نییە.
دیارە ئامانج و خەونی گەورەم هەر لە لاوییەوە، کوردستانێکی ئازاد و کۆمەڵگەیەکی دامەزراوەیی بەهێزی دیموکراسیی بووە، کە ژن و پیاو هاونرخ و یەکسان بن تیایدا. دەوڵەتێک کە لە خزمەتی هاوڵاتیانیدا بێت و هاوڵاتیانیش بۆ خزمەتی نیشتمان تێبکۆشن و رێز لە جوانییەکان و پیرۆزییەکانی نیشتمان بگرن. هەر بۆ گەیشتن بەو ئامانجە و بەو خەونە گەورەیە بوو کە بوومە ئەندام لە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان... لە دوای رووخاندنی رژێمی سەدام، ئومێدم هەبوو، گەشبین بووم کە ئەو خەونە نزیکە... زۆر بەداخەوەم کە ئەمرۆ، لە دوای بیست ساڵ، بۆ گەیشتن بەو خەون و ئامانجە، زۆر گەشبین نیم. 
هەرێمی کوردستان، لە دوای راپەرین و دواتریش هەبوونی ئەو زۆنەی کە لە دوای شەڕی کەنداو لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڕیاری لەسەر درا، بوو بە جێگەی ئومێدی نەک هەر ئێمەی کوردی باشوور، بەڵکوو کوردانی هەر سێ بەشەکەی دیکەی کوردستان. لەگەڵ ئەو هەموو قەیران و ناخۆشییە و شەڕی ناوخۆ و قەیرانی ئابووری، پارێزگاری لە هەبوونی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسیی زۆر گرنگە. لەوەش گرنگتر، هەبوونی هەرێمێکە کە یاسا سەروەر بێت تیایدا. ژن و پیاو لەبەردەم یاسادا یەکسان بن، هەرێمێک کە متمانەی بە ئابووریی خۆی بێت، هەرێمێک کە سیستمی پەروەردە و فێربوون سیستمێکی مرۆڤدۆست و نەرم بێت، سیستمێک کە هاوڵاتی بەرهەم بهێنێت، هاوڵاتییەک کە داهێنەر بێت و لە خزمەتی نیشتمانی خۆیدا بێت...  
باسکردن و هۆشیاری له‌ مێژووی کورد، به‌ به‌رده‌وام تێکۆشان بۆ ئازادی و دیموکراسی به‌ زیندووێتی ده‌هێڵێته‌وه‌. ئه‌وروپای دیموکراسی، له‌ شه‌وه‌زه‌نگی جەنگی یه‌که‌م و دووەمی جیهانیدا دروست بوو. 

ده‌با تواناکانمان بخه‌ینه‌گه‌ڕ تا له‌م شه‌وه‌زه‌نگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا چرای ده‌وڵه‌تێکی کوردستانی هه‌ڵ بکه‌ین. 

[1] ئەو نامانەی کە لە شاخەوە دەهاتن، وەک چوکلێت بچووک کرابوونەوە، هەر بۆیە وایان پێ دەوترا.



خ.غ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە