کوردستانی

رێککارەکانی قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە قەزای سۆران توندتر دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


رێککارەکانی قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە قەزای سۆران توندتر دەکرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

لە قەزای سۆران هاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردسیان بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا قەدەغەی هاتووچۆ راگەیاندراوە و وتەبێژی پۆلیسی سۆرانیش دەڵێت "ئەمڕۆ نزیکەی 100 کەس دەستگیرکراون بەهۆی پابەند نەبوونیان بە قەدەغەی هاتووچۆکردنی پیادە".

شەماڵ دێواری، وتەبێژی پۆلیسی سۆران بە مەودا میدیای راگەیاند "لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەکردنی هاتووچۆ سۆرانیش هاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پابەندە بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ".

لەبارەی ئەوەی ئێستا لە سۆرانیش حاڵەتێک تۆمارکراوە تاچەند رێککارەکان توندر بوون ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "ئێمە ئێستا هێزەکانمانی لە ئامادە باشیدان و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی هاتووچۆمان لەگەڵدایە لە سەرجەم کۆڵان و شەقامەکانی سۆران هێزمان داناوە، بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە سەرپێچی کردنی هاوڵاتییان".

وتی "لە ئێستادا لە سۆران هەم بە پیادە و هەم بە ئۆتۆمبێلیش هاتووچۆکردنی هاوڵاتییان قەدەغەیە و هەرکەسێکیش پابەند نەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەین".

وتەبێژی پۆلیسی سۆران وتیشی "هەر لەسەرەتای قەدەغەی هاتووچۆوە تاوەکو ئێستا بەشێکی باش لە هاوڵاتییان پابەندی بڕیار و رێنماییەکان بوون".

ئەوەشی ئاشکرا کرد "کە ئەمڕۆ بەهۆی پابەند نەبوونیان بە قەدەغەی هاتووچۆکردن بە پیادە نزیکەی 100 کەس دەستگیرکراوە کە سەرجەمیان لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت".
Qaiwan
Qaiwan