کوردستانی

دۆخی نەخۆشخانەکانی کفری خراپە

مەودا میدیا - سلێمانی |


دۆخی نەخۆشخانەکانی کفری خراپە
مەودا میدیا-

لە نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە قەزای کفری بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانەوە کارمەندان و پزیشکان مانگرتنیان راگەیاند، هاوڵاتییانی کفریش ئاماژە بەوەدەکەن کە کەرتی تەندروستی ئەو سنوورە بەپێی پێویست نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی کانونی دووەمی 2024 کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە قەزای کفری بایکۆتی دەوامیان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد "بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە کێشەی زۆریان بۆ دروستبووە و نازانن لە چ کاتێکدا مووچە وەردەگرن".

خەڵکی ناوچەکەش ئاماژەبەوەدەکەن "بەهۆی پشتگوێخستنی حکومەت بە نەخۆشخانە گشتییەکان و گرنگیدانی زیاتر بە نەخۆشخانە تایبەتەکان، خەڵکی ناوچەکەی ناچارکردووە بە سەردانیکردنی نەخۆشخانە ئەهلییەکان کە ئەمەش بارگرانی زۆرتری بۆ دانیشتووانی کفری دروستکردووە".

لێپرسراوانی کفریش نایشارنەوە، دۆخی تەندروستی لە خراپترین ئاستدایە و خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بەپێی پێویست نین و بینای نەخۆشخانەکان کۆنن و پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، چەندین جار حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی چارەسەرکردنی کەرتی تەندروستی داوە بە خەڵکی کفری، بەڵام تائێستا ئەو بەڵێنەی حکومەت جێبەجێنەکراوە و چەندین جار هاوڵاتییانی سنوورەکە داوای چارەسەرکردنی گرفتەکەیان کردووە.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan