کوردستانی
مژدەیەک لە وەزیری کارەوە بۆ کەمئەندامان
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا- محەمەد فایەق
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان هەماهەنگی تەواومان هەیە سەبارەت بە دابەشكردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کەمئەنداماندا.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای رایگەیاند "لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان هەماهەنگی تەواومان هەیە سەبارەت بە دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کەمئەنداماندا و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەیە سەبارەت بەو بابەتە و لیژنەی هاوبەش لەنێوان ئێمە و ئەواندا پێکهێنراوە، چاوەڕێی بڕیارەکانی دەستەی وەبەرهێنانین".
لەبارەی زیادکردنی مووچەی کەمئەندامانەوە وەزیری کار ئاماژەی بەوەکرد "لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە کە مووچەی کەمئەندامان زیادبکەین، چونکە ئەو بڕیارە پەیوەندیی بە پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە و خودی خۆم سێ جار داوای زیادکردنی مووچەی کەمئەندامانی کردبوو، چونکە ئەو مووچەیەی وەریدەگرن بەشی کڕینی دەرمانەکانیان ناکات".
ئەمەش لە کاتێکدایە کە مووچەی کەمئەندامان مانگی 150 هەزار دینارە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە بە دوو مانگ جارێک ئەو مووچەیە وەردەگرن و بەشی بژێوی ژیانیان ناکات.
م.ف