راپۆرت

سلێمانی پێشەنگە لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا

مەودا میدیا - سلێمانی |


سلێمانی پێشەنگە لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

سلێمانیش بەهەمان شێوەی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان رێوشوێنی تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوە و رێگریکردنی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتووەتە بەر بەپێی وتەی لایەن پەیوەندیدارەکانی ئەو شارە توانراوە بەشێوەیەکی باش دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

دکتۆر هێرش حەیدەر، سەرپەرشتیاری تیمی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "لە ئێستادا سەرجەم رێککارەکان بە تایبەتی قەدەغەکردنی هاتووچۆ گیراوەتە بەر بۆ پارێزبەندی و رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم رێککارانە ژمارەی نەخۆشەکانی لە چاو یەکەم رۆژ و دووەم رۆژدا کەمتر کردووەتەوە، هەروەها رۆژانە تیمەکانمان سەردانی هەموو شوێنەکان دەکەن نمونە لەو کەسانە وەردەگیرێت کە کار دەکەن بەمەبەستی پشکنینی کۆرۆنا".

دکتۆر هێرش لەبارەی ئەو کەسانەی تووشبووی ڤایرۆسەکەن دۆخی تەندروستییان چۆنە وتی "سەرجەم نەخۆشەکان لە ئێستادا دۆخی تەندروستییان جێگیرە و هیچ نەخۆشێکیش لەژێر چاودێری وردا نییە و27 نەخۆشیش چاکبوونەتەوە".

وتیشی "بەهیوای ئەوەین لە ئەمڕۆ و بەیانییدا ژمارەیەک نەخۆشی دیکە چاکبنەوە و پشکنینەکانیان دەربچێت و بیاننێرینەوە ماڵەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "لە کۆرۆنا کلینیک رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان بەمەبەستی دڵنیایی پشکنین دەکەن کە رۆژی وا هەبووە 400 کەس بەمەبەستی پشکنین سەردانی کردووین".

 هاوکات کاروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بەشێوازێکی گشتیی پابەندبوونی شۆفێران بە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ هەیە، هەروەها ئەوانەشی لەسەر شەقامەکانن تەنها ئەو ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانی و سەوزە و میوە و دەمودەزگا خزمەتگوزارییەکانن".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە رۆژانە بەردەوامین لە لێپچینەوە لەو شۆفێرانەی پابەندی رێنماییەکان نابن".

هەروەها ئاوات محەمەد قائیماقامی سلێمانی رایگەیاند "لە ئێستاشدا دۆخی سلێمانی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە".

سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی داوای ئەوە دەکەن کە هاوڵاتییان زیاتر پابەندی رێنماییەکان بن لەبەر پاراستنی گیانی خۆیان و خێزانەکانیان، هەروەها بەگشتیی سوپاسی ئەو کەسانەش دەکەن کە پابەندن بە رێنماییەکان.
Qaiwan
Qaiwan