راپۆرت

هەڵدانەوەی مێژووی ناوچەی بازیان

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەڵدانەوەی مێژووی ناوچەی بازیان
مەودا میدیا- مەریوان ئیبراهیم

بازیان ناوی ناوچەیەکی جوگرافیا و بەدوورى زیاتر لە 30-40 کیلۆمەتر دەکەوێتە خۆرئاوای پارێزگای سلێمانییەوە، ئەم شوێنە کە بە دۆڵی بازیان یاخود حەوزی بازیان ناسراوە دەکەوێتە سەر رێگەی گشتي سلێمانی کەرکوک و ئەو دوو پارێزگایەی هەرێمی کوردستانی بەیەکەوە بەستۆتەوە لەڕووی کارگێڕیەوە بە یەکێک لە ناحیە گەورەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی دادەنرێت و نزیکەى ( 40000) چل هەزار هاوڵاتی تێدا نیشتەجێیە، ماوەى چەند ساڵیکە چالاکان و گەنجان و ریکخراوەمەدەنییەکانی سنورەکە لە هەوڵی ئەوەدان کە بازیان ببێتە قەزا، بەڵام وەڵامی حکومەت نەرێ بووە لەسەر ئەو بابەتە .

لەڕووی مێژووییەوە دەتوانین بڵیین  بازیان میژوویەکی دێرینی  هەیە و تەنانەت لەلایەنی کارگێڕییەوە لە ساڵی1927 وە بوەتە ناحیە و سەرەتا شارۆچکەی تەیناڵ مەرکەزی ناحیەى سنورەکە بووە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە مێژووی بوون بە ناحیەی بازیان لەوە کۆنترە و دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی بابانەکان و دواتر لە سەردەمی شیخ مەحمودیشدا هەر ناحیە بووە و سەر بە قەزای ناوەندی سلێمانی بووە و پاشان  لەسالی 1928 دا بەڕیوەبەرایەتیی ناحیە لە گوندی مۆرتکەی نزیک تەیناڵ دانرا (مەحمود فەقێ محەمەد هەمەوەندی) کراوە بە بەڕێوەبەرى ناحیە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتیی ناحیە لە تەیناڵدا دامەزراوە و بەردەوام بووە دواتر کاتێک کە رژێمی بەعس لەنێوان ساڵانی 1987- 1988دا چەند کۆمەڵگەیەکی زۆرەملێی  لەسنورى بازیاندا دروست کرد و دانیشتوانی گوندەکانی لە چەند شوێنێکی جیاوازەوە راگوێزا بۆ ئەو کۆمەڵگایانە، ئیتر گۆڕانکارى بەسەر یەکەی ئیداری ناوچەکەدا هات و لە ساڵی 1988 بە فەرمانی حکومەتی عیراق  شارۆچکەی بازیان کراوە بە مەرکەزی ناحیە بۆ سنورەکە و تائیستاش هەر بەو شێوەیەیە.
شێخ مەحمود مەلیکی کوردستان

بەشێوەیەکی گشتی و لەئێستادا حەوزی بازیان  پێکهاتووە لە پێنج شارۆچکە و (58) گوند،  شارۆچکەکان لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوە بەم شێوەیەن (  ئەڵڵایی – ناحیەی بازیان – تەیناڵ – بەردەقارەمان (بایجان) – گۆپاڵە )،هەردوو شارۆچکەی ئەڵڵایی و گۆپاڵە لە ساڵی 1978 بنیات نران و بازیان و بەردەقارەمانیش لەگەڵ دوو شارۆچکەی دیکە بە ناوەکانی بازیان یەک و بازیان دوو لەنێوان ساڵانی (1987-1989) بنیات نران، بەڵام بازیان یەک و بازیان دوو لە دوای راپەرینەوە چۆڵکران و دانیشتوانەکانیان گەڕانەوە بۆ زێدیى خۆیان لە ناوچەکانی پشدەر و قەڵادزێ، سەبارەت بە گوندەکانیش کە بەهۆی شاڵاوەکانی ئەنفالەوە وێران  و خاپور کرابوون و دانیشتوانەکانیان راگوێزران بۆ ئەم کۆمەڵگە زۆرەملێیانە،  لە ئیستادا هەندێکیان سیمای ئاوەدانیان بۆ گەڕاوەتەوە هەندێک لە دانیشتوانەکانیان گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکان بەڵام بەداخەوە هەندێکیان تا ئێستا بە چۆڵی و کاولی ماونەتەوە.

بازیان بەچەند زنجیرە چیایەک دەورە دراوە وئەمەش وایکردووە شوێنێکی نزمتر دەرکەوێت لەچاو ناوچەکانی دەوروبەریدا و شێوەی حەوزێکی وەرگرتووە بۆیە بە حەوزی بازیانیش ناسراوە، گرنگترین چیاکانی کە دەوری بازیانیان داوە بریتین لەمانە: لە باکورەوە زنجیرە چیای بەرانان کە لە بەرانانەوە دەستپێدەکات و بە چیای تۆکمە کۆتایی دێت، لە رۆژئاواشەوە زنجیرە چیای کونە گورگە و خەربەنەلو دەورى داوە و بە دەربەندی بازیان کۆتایی دێت،  پاشان هەر لە رۆژئاواوە زنجیرە شاخی بازیان یاخود (هەنجیرە) دەستپێدەکات بەرەو باشور دەروات تا دەگاتە دەبەندی باسەڕە، واتە ئەم زنجیرە چیایە هەردوو دەربەندی بازیان و باسەڕە بەیەکەوە دەبەستێت، لە رۆژهەڵاتیشەوە زنجیرە شاخی تاسلوجە دەورىداوە و بە دەربەندی تاسلوجە کۆتایی دێت و ئەم چیایانە شیوازی حەوزێکی لاکێشەییان بە بازیان بەخشیوە و بەشێوەکی گشتیکە لە دەشتێکی فراوان و کۆمەڵێک گرد و دۆڵ پێک دێت.
سەبارەت بەوەى کە ناوی بازیان لە چییەوە هاتووە، ئەمیش وەک زۆربەی ناوی شوێنەکانی دیکەی کوردستان بیروڕای جیاوازی لەبارەوە هاتووە و هەندێکیان لە سەرچاوە مێژووییەکاندا ئاماژەیان پێدراوە.

رەنگە هۆکارى جۆراو جۆى ئەم ناو و لێکدانەوانەش بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوچەی بازیان مێژوویەکی دێرینی هەیە و بەتێپەڕبوونی قۆناغە جیاوازەکانی میژوو گۆڕانکاری بەسەر ئەم ناوانەشدا هاتووە و بیروڕاکان سەبارەت بە ناوەکان گۆڕاون ، بۆنمونە:
- جەمال بابان لە کتێبەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە وشەی بازیان لە دوو بڕگە پێک هاتووە (باز + یان)، باز جۆرە باڵندەیەکە و (یان) یش لە زارەوەی (هەورامی و لای هۆزی زەنگنە) بەواتای هێلانە یاخود شوینی نیشتەجیبوون دێت،  کەوتە بەم پێیە بێت بازیان واتە (هێلانەی باز  یاخود شوێنی ژیان و نیشتەجێبوونی باز).
- بەڵام مێژوونووس کەریم خانی زەند دەڵیت : ( ووشەی بازیان لە (باسیان) یاخود ( باس) ەوە هاتووە کە هۆزێکی کۆنی کورد بوون و لەو ناوچەیە ژیاوون و دواتر کۆچیان کردوە و ئیدی ووردە ووردە  ناوەکە گۆڕانی بەردا هاتووە و بووە بە بازیان.
- بۆچوونیکی دیکە پێی وایە بازیان لە (بای زیانبەخشەوە هاتووە ) کە گوایە لەم ناوچەیەدا رەشەبای تووند و زیانبەخشی هەبووە و ئیدی بەو ناوەوە ناونراوە .
- هەندێکی دیکە پێیان وایە بازیان لە ووشەی (بەرزیان) ەوە هاتووە واتە شوێنێکی بەرز.
- جەمیل رۆژبەیانی لەبارەى ناوی بازیانەوە نووسیویەتی : ( بازیان  و لازیان ناوی دوو هۆزی کوردە و لەو ناوچەیە نیشتەجێبوون و دواتر بە زۆر کۆچیان پێکراوە بۆ یەمەن و لەوێ نیشتەجێکراوون.
- هەندێکی دیکە پێیان وایە بازیان لە ووشەی ( باجیان) ەوە هاتووە (باج + یان)،  باج بەواتا گومرگ ، یانیش بەواتای شوێن و جێگە، واتە ئەو شوێنی وەرگرتنی باج.
بە بڕوای بەندە وەک نووسەری ئەم بابەتە جگە لە بۆچوونی پێنجەم و شەشەم هەموو لێکدانەوە و بۆچوونەکانی دیکە شایەنی رەخنە و بەهەڵە دانانن، چونکە:
- بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر و بە تێپەڕینی زیاتر لە سەدەیەکیش کەس ئاماژەی بەوە نەداوە کە باڵندەی باز لە ناوچەکەدا بەڕادەیەک بوونی هەبووبێت کە ناوچەکە بەو ناوەوە ناوبنرێت، سەرباری ئەوەش دەیان جۆر باڵندەی دیکە لەناوچەکەدا هەیە و وەک حاڵەتێکی ئاسایی وەردەگیرێن و کەس هیچ شتێکی بەناویانەوە ناو نەناوە .
- بۆچوونی دووەم کە دەڵیت لە ( ووشەی باسیان یاخود باس) ەوە هاتووە ، ئەمەش بەبێ بوونی  بەڵگەیەکی سەلمێنەر ناتوانرێ پشتڕاست بکرێتەوە، چوونکە ئەگەر لە ناو سەرچاوە مێژووییەکاندا بگەڕێین بۆ ناوی عەشیرەتی باسیان دەبینین لەناو هۆز و تیرە و عەشیرەتەکانی کۆنی کورد ناوێک بەدیناکرێت بەناوی ( باس یاخود باسیان) چ جای ئەوەی ئەو عەشیرەتە لە بازیان ژیابێت، بۆیە ئەم لێکدانەوەیەش ناتوانرێت بسەلمێنرێ و بە ڕاست دابنرێت .
- سەبارەت بە بۆچوونی سێیەم کە گوایە لە ( بای زیانبەخش) ەوە هاتووە، ئەم ناوە ئەگەر راست بوایە دەبوایە لە شارۆچکەی بۆ شارۆچکەى تەکیە بەکاربهێنرایە کە لە رۆژئاواوە هاوسنووری بازیانە، دەکەوێتە ئەودیوی دەربەندی بازیانەوە، چونکە لە زۆربەی کاتەکانی ساڵدا رەشەبایەکی تووند لە ناوچەکەدا هەڵدەکات و لەئێستادا تەکیە بە بای تووند ناسراوە،  یاخود شاری سلێمانی لە کۆنەوە بە رەشەبای بەهێز ناسراوە و لە ناو پەرتووکەکانی زمانی کوردیشدا چەسپاوە کە (ڕەشەبای سلێمانی بەهێزە)، بەڵام بازیان وەک هەموو ناوچەکانی دیکە کوردستان بای بەهێز و رەشەبای هەبووە، بەڵام نەبیستراوە بایەکی هێندە بەهێز و زیان بەخشی هەبوو بێت تا ناوچەکە بەو ناوەوە ناونرابێت، وە بەقەدەر سلێمانی و تەکیەش با و رەشەبای نییە.
- بۆچوونی چوارەمیش کە دەڵێت بازیان لە ووشەى( بەرزیان) ەوە هاتووە واتە شوێنی بەرز، ئەمەشیان بە دروست نازانریت لەبەر ئەوەی بازیان نەک هەر شوێنێکی بەرز نییە، بەڵکو چاڵیشە و دۆڵێکە دەکەوێتە نێوان چەند زنجیرە چیایەکەوە و شێوەی حەوزی وەرگرتوە، هەبۆیە لە ئێستادا زارەوەی دۆڵی بازیان یاخود حەوزی بازیانیشی بۆ بەکار دەهێنرێت.
- سەبارەت بە بۆچوونەکەی مامۆستا جەمیل رۆژبەیانی کە دەڵێت (بازیان و لازیان) دوو هۆزی کورد بوون لە ناوچەکەدا، ئەمە دەگونجێت وابووبێت، بەڵام ئەم رایەش جێگەی سەرنج و رەخنەیە چونکە ئەگەرچی ئێستا گوندێک لە ناوچەکەدا هەیە بەناوی لازیان کە دەکرێت بگوترێ عەشیرە لازیان لەو گوندە نیشتەجیوونە، بەڵام گوندێک یا شوێکی دیاریکراو نەبووە بەناوی بازیانەوە، بەڵکو بە کۆی ناوچەکە ووتراوە بازیان، سەرباری ئەوانەش لە وڵاتی مەغریبی عەرەبی عەشیرەتێک هەیە بەناوی قەبیلەى (اولاد زيان)  ياخود (بنو زيان) بەواتای( نەوەکانی زیان ) کە نزیکە لە لازیانەوە وە لە ئێرانیش گوڵفرۆشی ( لازیان درا) هەیە، بۆیە ناتوانین بە تەواوی پشتگیری ئەم بۆچوونەش بکەین و بڵێین بووی گوندی لازیان بەڵگەیە بۆ بوونی عەشیرەتی لازیان، جگە لەوەی ناوی ئەو دوو عەشیرەتەش کە مامۆستا جەمیل باسی کردوون دیار نەماون و نازانرێت ئێستا پاشماوەیان کەوتۆتە چ ناوچەیەکەوە ئایا ماوون یاخود لەناوچوون.
- بەڵام بەڕوای من بۆچوونی شەشەم زۆرتر لە هەمووان لە راستیەوە نزیکە و دەکرێت ناوی ئەم ناوچەیە لە (باجیان)ەوە هاتبێت واتە شوێنی وەرگرتنی باج، لەبەر ئەوەی لە دەروازەی رۆژئاواوە دەربەندی بازیان هەیە کە بەدرێژایی مێژوو ئەم دەربەندە گرنگ بووە بۆ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و کردوویانە بە شوێنی وەرگرتنی باج و سەرانە لەو کەسانەی بەو دەربەندەدا گوزەریان کردوە ، تەنانەت هەتا ئێستاش بە بنای ئەو شاخەی تەنیشتی چەپی دەربەندە بەرەو گوندی دەرگەزێن دەگوترێت (کلکەی باجگرە).

ئەم دەربەندە لە سەردەمی ئاشوریەکان و سەردەمەکانی دواتردا و پاشان بابانیەکان و دواتر سەردەمی شێخ مەحمود و مەلا مستەفای بارزانی و تا راپەرینی بەرهاری 1991 یش  بەکارهێنراوە بۆ بەرگری کردن لە شاری سلێمانی و شوێنیکیش بووە بۆ وەرگرتنی باج و سەرانە وتەنانەت  بوونی ئەو شورایە و ئەو شوێنەوارەش کە لەبەردەم دەربەندەدایە سەلمێنەری ئەو راستیانەن، کە ئەم شوێنە بۆ وەرگرتنی باج زۆر لەبار بووە، بۆیە دەکرێت ئەم رایە پەسەند بکرێت.
ناحیەى بازیان بەهۆی سێ دەربەندەوە بە ناوچەکانی دیکە دەوروپشتیەوە بەستراوەتەوە ئەوانیش بریتین لە دەربەندی (بازیان و باسەڕە و تاسلوجە) دەربەندی بازیان  لە رۆژئاواوە بازیان دەبەستیتەوە بە قەزای چەمچەماڵەوە و دەربەندی تاسڵوجە لە رۆژهەلاتەوە بازیان دەبەستێتەوە بە سلێمانییەوە  و دەربەندی باسەڕە لە باشورى خۆرهەڵاتەوە بازیان دەبەستێتەوە بە قەرەداخەوە .

شوێنەوارە دێرینەکانی بازیان
لەڕووی شوێنەوارەوە بازیان خاوەنی چەندین ئەشکەوت وقەڵاو  شوێنەواری دێرینە ، ئەوانیش وەک شورای دەربەندی بازیان و و بەردەقارەمان   شوێنەواری قەلای سەربازی دەربەند بازیان و ئەشکەوتەکانی  چنارە کە ژمارەیان دە ئەشکەوتە ، هەروەها ئەشکەوتی زەردەهاڵ لە گوندی هورمزیار و ئەشکەوتە ڕەش لە دەرگەزێن و ئەشکەوتی گوندەکانی چۆڵمەک و ئەڵڵاقولی و دەربەند سوتا و و ساتیار و پاڵەگەورە، ئەمە جگە لە شوێنەوارەکانی گوندی لازیان کە مێژووەکەیان دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی ئاشوریەکان، هەروەها قەڵای (رەیحانە) لە گوندی بارۆیی و گۆڕستانی (سێوە چوار برا) لە گوندی هاڵەی حاجی ڕەشید، و قەڵاکانی سەرچاوە و گۆپاڵە و قەرەتەپە و دەروێشان لە گوندی تەپە شوانکارە.
لە دیارترین ئەو شوێنەوارانە کە لە ئێستادا جێگەی سەرنجن و بایەخی زیاتریان پێدراوە  شورای دەربەندی بازیان و قەڵای شوێنەواری ناو دەربەندەکەیە:
   
شورای دەربەندي بازیان
شورای دەربەندی بازیان و بەردە قارەمان یەکێکن لە شوێنەوارە دێرین و مێژووییەكانی كوردستان و بەشێكن لەمێژووی پڕ سەروەری میلـلەتەكەمان و بایەخێكی زۆریان هەیە ، چونکە  هەمیشە شوێنی بەرەنگاربوونەوە بووە دژ بە دوژمنان بۆیە  پێویستە ئەو میژووە پڕ لە خەبات و قوبانیدانە بۆ نەوەکانی نوێ ڕوون بکرێتەوە تا لە هزرو بیرى نەوەى نوێدا بە زیندوویی بمێنێتەوە.
ئەم دەربەندە بە دەربەندە ڕووتە یاخود (دەربەندە ووشکە) ش ناسراوە لەبەر ئەوەی ناوچەکە ناوچەیەکی ووشک و ڕووتەن و بێ دارو درەخت و ڕووتەن بووە لە کۆندا، بەڵام ئیستا گۆڕانکاری بەسەردا هێنراوە و بەشێک لە ناوچەکانی دەوروپشتی دەربەندەکە لە سەوزکراوە بە دارو درەختی سنەبەر .

ئەم شورایە دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوای ناوچەى بازیان و  لەنزیك ناحیەی تەكیەی سەر بەقەزای چەمچەماڵە ودەکەوێتە نێوان هەردوو شارى سلێمانی و کەرکوکەوە و،  (45کلم) دورە لە سلێمانی و(60کلم)  دورە لە کەرکوکەوە.
ئەم دەربەندە کە شوراکەى تیا دروستکراوە هەر لە کۆنەوە ڕێڕەوێک بووە لە  نێوان ئەو زنجیرە چیایەدا کە لە ناوچەى قەرەداغەوە درێژ دەبێتەوە تا ناوچەى ئاغجەرلەر لە گەرمیان.  یاخود دەتوانینی بلێین لە رووبارى سیروانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ زێی بچووک ، هەروەها ئەم شورایە ناوچەکانی شارەزوور و سلێمانی بەستۆتەوە بە کەرکوکەوە و لەوێشەوە بۆ ناوەڕاست و باشورى عێراق.

میژووی ئەم شورایە
شوراى دەربەندی بازیان مێژوویەکی کۆنی هەیە هەربۆیە میژوونوسان و شوێنەوار ناسان نەیانتوانیەوە بەووردی دیاری بکەن کە لە سەردەمی چی دەوڵەتێک یاخود چ دەسەڵاتدارو پاشایەکدا یەکەمجار ئەم شورایەی دروست کردوە بەڵام لە چەند دەقێکی مێژوویی دا  ناوی ئەم دەربەندەو گرنیەکەى باس کراوە کە بەپێی ئەو دەقە میژوویانە بێت مێژوویەکەى دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەى سێیەمی پێش زایین ، ئەمەش سەلمێنەرى ئەو ڕاستیەیە کە ئەم دەربەندە و شوراکەى میژوویەکی کۆنیان هەیە.
لە میژووی دەوڵەتی بێزەنتیدا ناوی ئەم شورایە هاتووەو بە (بابیت) ناویان بردوە، لەکاتێکدا پاشای بێزەنتیەکان ویستویەتی هێرش بکاتە سەر بلادی فارس یەکێک لە رێگەکانی هێرشەکەیان ئەوە بووە کە لە نەینەواوە (موسڵ) ەوە بە قەراغی ڕووبارى دیجلەدا بێن بۆ ناوچەى  ئاڵتون کۆپری و لەوێشەوە بۆ کەرکوک  و پاشان بە( دەربەندی بابیت) دا تێپەڕ ببن بەرەو ناوچەکانی بلادی فارس ، کەلێرەدا ڕوونە مەبەستیان لە دەربەندی بابیت (دەربەندی بازیان) بووە .
پاشتر لە هەزارەی یەکەمی بەرلەزایین دا و لە سەردەمی ئاشوریەکاندا پاشای ئاشورى کە ناوی (ئاشور بانی پاڵ) بووە لە ساڵی  (889- 865پ.ز) فەرمانڕەوای ئاشووریەکان بووە  باسی ئەم دەربەندەى کردوە، لەکاتێکدا کە لەشکر کێشی کردووە بۆسەر لۆلۆییەکان لە وڵاتی زاموا ( ناوچەكانى سلێمانی و شارەزوور و قەرداغ  ) دەڵین لە دەربەندێکدا کە قەلایەکی سەربازی لێبووە لەگەڵ پاشای لۆلۆییەکان رووبەروو بوینەوە و، پاش شەرێکی قورس ژمارەیەکی زۆرى لە لۆلۆییەکان کوشتوە و دەستی گرتوە بەسەر دەربەندەکەشدا، کە دیارە پاشای لۆلۆییەکان دەربەندی بازیانی هەڵبژاردوە وەک سەنگەرێکی قایم بۆ بەرگریکردن لە قەڵەم ڕەوی دەسەڵاتەکەى لە ناوچەکانی  سلیمانی و دەوروبەریدا.

هەروەها جوگرافی ناس و مێژوونوسی ئیسلامی بەڕەگەز فارس (حمدالله مستوفی القزوینی 1281- 1349ز)  لە کتێبەکەیدا بەناوی (نزهە القلوب) باسی دەربەندی بازیانی کردووە و بە (دەربەندی خەلیفە) ناوی بردووە .
هەروەها کلۆدیوس جیمس ڕیچ گەریدەی بەناوبانگی ئینگلیز لە کتێبە بەناوبانگەکەی ( گەشتی ڕیچ بۆ کوردستان) باسی ئەم دەربەندەو قەڵای  ناو دەربەندەکەی کردوە و، مێژوونوسی فارس ( میرزا مهدی خان) لە کتێبی (مێژووی نادر شا) باسی دەربەندی بازیانی کردوە و بە (ئاق دەربەند) ناوی هێناوە  واتە (دەربەندی سپی) ئەمەش بەهۆی ئەوەبووە کە دەربەندەکە بەردەڵانی سپی بووە.
مێجەر سۆنیش لە کتێبەکەیدا (رحلە متنکر الى بلاد ما وراء النهرین و کردستان ) باس لەوە دەکات کە دەربەندی بازیان لای کوردەکان  واتە (نیشتمانی دۆڕاندن) چونکە هەرکاتێک کوردەکان لەم ناوچەیەدا ڕووبەڕووی دوژمنەکانیان بووبنەوە شکستیان پێ هێناون.
دواتر لەسەردەمی میرنشینی باباندا مێژووی ئەم شورایەی دەربەندی بازیان باشتر ڕوون دەبێتەوە کاتیک یەکێک لە میرە بەناوبانگەکانی بابانیەکان کە ناوی (عبدالرحمان پاشای بابان) بووە لە ساڵی 1789 – 1813 فەرمانڕوای میرنشینی بابانی کردوە و میرێکی سەبەخۆ بووە وسەرى بۆ دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی دانەنواندوە و لە میرنشینەکەیدا بە سەربەخۆیی ژیاوە، و لە ساڵی1860ز  ئەم شورایەی لەسەر شێوازە کۆنەکە نوێ کردۆتەوە و کردویەتی بە شورەیەکی بەهێز بۆ پارێزگاریکردن لە شارى سلێمانی پایتەخی میرنشینەکەى، بۆیە دەوڵەتی عوسمانی ویستویەتی ئەم میرنشینە لەناوبەرێت، بۆ ئەم مەبەستە والی عوسمانی هێرشی کردووە بۆ سەر ئەم میرنشینە و ڕێرەوی هێرشەکەیان لە بەغداوە دەبوو بە دەربەندی بازیاندا تێپەر ببێت، بۆیە عەبدولڕەحمان پاشای بابان بە سوپایەکی بەهێزەوە دێتە ئەم دەربەندە و ئەم شورایە دەکاتە سەنگەرى ڕووبەڕووبونەوە بەرگریکردن لە شارى سلێمانی و شوراکەى قایم کردووە و تەنها دەرگایەکی هیشتۆتەوە بۆ هاتوچۆکردن و قەڵای ناو دەربەندەکەشی قایم کردوە، بێ‌ گومان دیاری كردنی ئەو شوێنە بەهۆی گرنگی و ستراتیژییەتی ناوچەكەوە بووە، چونكە بەپێیی تێڕوانینی سەربازی دەتوانرێت لەسەر لوتكە شاخەكانی دەورووبەرەوە بەرگرییەكی باش و سەركەوتووانە ئەنجام بدرێت، هەر بۆیە بەخێرایی دەست كراوە بەسەنگەر دروست كردن و خۆ ئامادە كردن بۆ شەڕێكی گەورەو یەكلاكەرەوه,  کاتیک لەگەڵ سوپای والی بەغداد ڕووبەڕوو بۆتەوە توانیویەتی بەرگری لە پایتەختی میرنشینەکەى بکات و رێگە لە پیشڕەوی عوسمانیەکان بگرێت بەڵام دواتر بە هۆى خیانەتی کوردەوە  کە بونەتە چاوساغی عوسمانیەکان بەو هۆیەوە سوپای بابانیەکان شکستی خواردوە و عەبدولڕحمان پاشای بابانیش هەڵهاتووە بەرەو ئیران و چۆتە لای میرەکانی میرنشینی ئەردەڵان و لەوێ ماوەتەوە.
وێنەى عەبدولڕەحمان پاشای بابان

لە سەردەمی یەکەمین حکومەتی کوردیشدا لە شاری سلێمانی کە حکومەتی شێخ مەحمودی حەفیدە جارێکی تر لەم دەربەندەدا داستانێکی ترى قارەمانانە تۆمار کراوە ، کاتێک ئینگلیزەکان لە سالی ١٩١٩ ز دا ویستویانە حکومەتە ساواکەى شێخ مەحمود لەناو بەرن چونکە شیخ مەحمود ملکەچى خواستەکانی ئینگلیزەکان نەبووە، بۆیە ئینگیزەکان هێرشیان کردوە بۆ سەر شارى سلێمانی و شیخ مەحمودیش لە 19 حوزەیرانی 1919 دا  دەربەندی بازیانی کردوە بە سەنگەرى ڕووبەرووبوونەوەى ئینگلیزەکان  و داستانی بەردەقارەمانی تۆمار کردووە تا لە کۆتایی دا بەهۆى نابەرامبەری هێزەکان لە ڕووی سیاسی و سەربازی و لۆجستی و ژمارەوە هەروەها بەهۆی خیانەتی چەند کەسایەتیەکی کوردەوە ڕێگەی پشتی چیاکە پیشانی ئینگلیەکان دراوە و بوونەتە چاوساغی ئینگلزیەکان و  سەرەنجام سوپای شێخ مەحمود دەشکێت و شیخ بە بریدارى لە پشت بەردێکدا دەگیرێت و رەوانەى هیندستان دەکرێت.
شورای دەربەندي بازیان

شێخ محمود مەلیکی کوردستان                 
لە سەردەمی شۆرشی ئەیلولیشدا کاتیک  زەعیم صدیق هەوڵی لەناوبردنی شۆڕشی ئەیلول دەدات هێزی پیشمەرگەى کوردستان لەو دەربەندەدا بەرگرى دەکەن بەلام بەهۆى فرۆکەکانی حکومەتی عیراقەوە هێزەکانی پیشمەرگە دەشکێن و ناوچەى سلێمانی داگیردەکرێتەوە.
شێخ مەحمود مەلیکی کوردستان

تەنانەت لە سالی 1991ز دا کاتێک حکومەتی عێراق ڕاپەرینە مەزنەکەى خەڵکی کوردستانی سەرکوت کردەوە و سەرەتا شارى کەرکوکی گرتەوە، هێزی پێشمەرگەى کوردستان دەربەندی بازیان کرد بە سەنگەرى بەرگریکرد لە شارى سلێمانی.
بەم شێوەیە دەردەکەویت کە دەربەندی بازیان و شوراکەى رۆڵیکی گەورەیان بینیوە لە خەبات و قوربانیدانی میللەتی کوردو بەرەنگاربوونەوەی هێزی داگیركەردا و ئەم  شوێنە بووە بە  سمبولێك بۆ شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی میلـلەتەكەمان و هەمیشە ئەم شورایە سەنگەرێکی قایم بووە بۆ پاراستنی شارى سلێمانی و هەرکات هێزی کورد لە دەربەندی بازیاندا شکستی خواردبێت شارى سلێمانیش داگیرکراوە .
هەربۆیە لە ئێستادا ئەم شورایە لەسەر شێوازەکۆنەکەى وبەپانی (2.5مەتر) و بەدرێژی (31 مەتر) و بە دیزاینێکی نوێوە نۆژەن کراوەتەوە و بۆتە شوێنێکی میژوویی و گەشتیارى بۆ کوردستان و ژمارەیەکی زۆرى گەشتیار لە ناوچەکانی سلیمانی و کەرکوک و ناوچەکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق سەردانی ئەم شوێنە دەکەن بۆ گەشتکردن.

گرنگی شوراى دەربەندی بازیان
لایەنی مێژوویى/ شوێنەوار نیشاندەرو سەلمێنەری مێژووی هەر گەل و نەتەوەیەكە و دەتوانرێت لەو رووەوە ئەم سەروەتە گرنگەی كورد سودی لێوەر بگیرێت ولە فەوتان بپارێزرێت وەك ناسنامەیەك بۆ مێژووی كورد بەتایبەت بەهۆى بوونی بەردە قارەمان لە بەشی رۆژهەڵاتی شوراکە  و دەرکەوتنەوەى شوێنەوارى ئەو قەڵا سەربازیەی کە لەبەشی رؤژئاوای شوراکەیە دوو سەرچاوەى گرنگن بۆ دەرخستنی میژووی کورد و قارەمانیەتی ئەم میللەتە. 
سودی گەشتیارى/  لەبەر ئەوەى ئەم شورایە دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی  جوانەوە و سروشتێکی جوان و ئاوو هەوایەکی گونجاوی هەیە ، هەروەها دەکەوێتە سەر جادەی گشتی نێوان سلیمانی کەرکوک و لە شوێنێکی تەختدایە و ئاسانە بۆ هاتوچۆکردن بۆیە بۆ برەودان بە كەرتی گەشتیاریش لە هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و دەتوانرێت سودیکی زۆرى لێوەربگیریت بۆ گەشتو گوزار .
لە بوارى سەربازیشدا سودێکی زۆرى هەبووە بۆ ڕووبەرووبونەوەی دوژمنان و ئەو هێزانەى هیرشیان کردۆتە سەر ناوچەکە  وەکو  لەشکرکیشیەکانی  ئاشوریەکان و بێزەنتیەکان و دواتریش لەشکرکێشی عوسمانیەکان و ئینگلیزەکان و حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانی بەغداد.


قەڵای شوێنەواری دەربەندی بازیان
یەکێکی تر لە شوێنەوارە بەناوبانگەکانی سنوری بازیان بریتیە لەو شوێنەوارە دێرینەی کە بە  قەڵای شوێنەواری دەربەندی بازیان دەناسرێت و، کە دەکەوێتە بەشی رؤژئاوای شورای دەربەند بازیانەوە بە دیوی ناحیەی تەکێدا.
سەبارەت بەو شوینەوارە ڕای جیاواز هەیە، هەندێک لە شوێنەوار ناسان پێیان وایە  کەنیسەیەکی مەسیحیەکانەو هەندێکی تر پێیان وایە  ئاتەشگاى زەردەشتیەکان بووە و هەندێکی تر بە مزگەوتر دادەنێن و هەندیکیش بە قەڵای سەربازی دەزانن و هەندێکیش بە خانی دادەنێن.
وێنەى شوێنەوارى بازیان ( قەلای دەربەندی بازیان)

بەلام ئەگەر بەووردی سەرنج بدەین ئەوەمان بۆدەردەکەوێت کە ئەم شوێنەوارە کەنیسە نەبووە چونکە دۆزینەوەی چەند پارچە خاچێک لەو شوێنەوارەدا نابێتە بەڵگەی ئەوەی کە ئەو شوێنەوارە کەنیسە بووە لەبەر ئەوەی جگە لە پارچەی خاچی مەسیی هەندێک دراو پارچە گۆزەی تریشی تیابووە کە بەو پێیە بیت دەبێت بڵین مزگەوت بووە یان ئاتەشگابووە ، بۆیە ئەوانە هیچیان نابنە بەڵگەی سەلمێنەری ئەو ڕاستیە چونکە ئەو شوێنەوارە لە سەر ڕیگەیەگی گشتی بووە و خەڵکانی جۆراو جۆر لەو شوێنەدا لایانداوە و حەواوونەتەوە و ڕەنگە هەندێک کەرەستەو پارچەیان لێ بەجێمابێت.
نەخشەی شوێنەوارى دەربەندی بازیان

لە لایەکی ترەوە ئەگەر سەیرى دیزاینی کڵێسای مەسیحیەکان بکەین کە لەو سەردەمەدا لە باشور و ناوەڕاستی عیراق دروستکراوون دەبیننین ئەم شێوازی بینایە زۆر جیاوازە لە شیوازی کەنیسە ، چونکە هەموو کەنیسەکانی ئەو سەردەمە بریتی بوون لە سێ ژوور و هۆڵیک ، ژوورەکان لە بەشی پێشەوەی هۆڵەکەدابوون و ژوورێکیان بۆ جلو بەرگی کاهینی پەرستگاو ژوورى ناوەڕاستیش بۆ عیبادەتی کاهین و ژورى سێیەمیش بۆ کەلو پەلی بەنرخی کەنیسەکە تەرخانکراوە و هۆڵەکەش بۆ ئەو مەسیحیانە بوون کە سەردانی کەنیسەکەیان دەکرد بۆ عیبادەت و مانەوە، بەڵام ئەم شوێنەوارە لەڕووی دیزایین و بیناسازیەوە دوورە لەو شیوازی دروستکردنە.
سەبارەت بە ئاتەشگای زەردەشتیەکانی کە هەندیک پییان وایە ئاتەشگابووە، دیسان ئەگەر سەرنج بدەینە شێوازی درووستکردنی ئاتەشگاکان دەبینین بریتی بووە لە هۆڵیکی گەورە و لە ناوەراستی هۆڵی ئاتەشگاکەدا ئاگردانیکی گەورە هەبووە بۆ ئاگرکردنەوە و زەردەشتیەکان لە هۆڵەکەدا لەدەوری ئەو ئاگردانە کۆدەبوونەوە.
وێنەى شوێنەوارى بازیان ( قەلای دەربەندی بازیان)

هەندێک پییان وابووە مزگەوت بووە ، بەڵام ئەمەش دوورە لەڕاستیەوە چونکە مزگەوت لە ناوەڕاستی قەرەباڵغی ماڵان دا دروست دەکرێت و میحرابی هەیە و لە چوار دەورەوە قەڵاو قولەی نیە، بەڵام ئەم شوێنەوارە ئەو مواصفاتانەى تیا نیە.
بەڵام ئەگەر بە وردی سەرنج بدەینە ئەم شوێنەوارە دەبینین لە چوار ژوورە پیک هاتوو ە و لە ناوەڕاستی ژوورەکاندا هۆڵیک هەیە، ژوورەکان بەکارهینراوون بۆ لێپرسراوی بنکەکە و ژورى پاسەوان و ژوورى زەخیرە و ژوورى بەنکردن، دیوارەکانیش بە شێوازیکی زۆر پان دروست کراون کە بەرگەی هێرش کردن بگرێت و لە هەر چوار لای دیوارەکانەوە هەشت قوولەى سەربازی درووستکراوە بۆ چاودیری و پاسەوانیکردن لە قولاکە و لە شورای دەربەندەکە و ئەو ریگایانی بەوێدا تیدەپەڕیت، هەروەها شێوازی دروستکردنی دیوارەکان و قولەکانی قەلاکە لە هەرچوار لاوە و ژورەکانی بیناکە، ئەو بۆچوونە زیاتر ڕاست دەردەچێت کە ئەوە قەلایەکی سەربازی بووە و بۆ بەرگریکردن لە شوراکە و دەربەندە دروستکراوە و خاڵێکی پشکنینیش بووە بۆ وەرگرتنی باج و  بۆ  چاودێریکردنی ئەو ڕیگایەش بەکار هاتووە.
ڕەنگە لە هەندێک لە سەردەمەکانیشدا وەکو میوان خانە و خان بەکار هاتبێت بۆ ئەو ڕیبوار و بازرگانانەى کە بەناو دەربەندەکەدا گوزەریان کردووە.

بەردەقارەمان
یەکێک لە شوێنەوارە دیارەکانی دەربەندی بازیان بوونی ئەو بەردەیە کە لە شەری دەبەرندی بازیان ( شەری بەردەقارەمان) دا شێخ مەحمود حوکمداری ئەوکاتی کوردستان  لە کاتی رووبەروونەوەی لەشکری ئینگلیزدا لە 19 حوزەیرانی 1919بە برینداری  لەبن ئەو بەردەدا لەلایەن ینگلیزەکانەوە بەدیل گیرا و دواتر دەستبەسەرکراو  ڕەوانەکرا بۆ هیندستان ، لەوکاتەوە ئەو بەردە وەک رەمزێکی بەرەنگاربوونەوە و بەرخودان ناوی چۆتە میژووە وە و، ئەو بەردە ناونرا بەردەقارەمان و شەرەکەش بەو ناوەوە ناونرا (شەری بەردەقارەمان)و لە ئیستادا لەسەر ئاستی کوردستان بەردەقارەمان ناسراوە و بۆتە جێگەی شازانی کوردان و یەکێک لە شارۆچکەکانی ئەو سنورە کە پیشتر بە ناوی گوندی باینجانەوە ناو نرابوو (باینجان) بەڵام دواتر ناوەکەی گۆڕا بە شارۆچکەی بەردەقارمان و پیشتریش یەکێک لە ئامادەییەکانی سنورەکە ناونرابوو (ئامادەیی بەردەقارەمان) .
بەردەقارەمان


پێداچوونەوەی کاروان رەسوڵ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە