راپۆرت

دەسـتدرێژی سێکسـی لە خووەوە بۆ دیاردە

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەسـتدرێژی سێکسـی لە خووەوە بۆ دیاردە
مەودا میدیا- سۆما خالید

دەسـتدرێژی و گێچەڵی سـیکسی یەکێکە لەو دیاردانەی رووبەڕووی ژنان و کچان دەبنەوە و کە تەنها پەلامارێکی جەستەیی نییە و بەڵکوو پەلاماری دەروونیش دەگرێتەوە کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات و روو لە هەڵکشان دەکات و ژنێک پێوایە دەستدرێژی کردنی سێکسی ناشرینترین و ناوازەترین جۆری ئازاردانە بۆ ژنان پارێزەرێکیش ئامازە بەوە دەکات ئەو کەسانەی تووشی دەستدرێژی سێکسی یان گێچەلی سێکسی دەبنەوە بەزووترین کات لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار بکاتەوە و پەیوەندی بە بەرێوەبەراێتی پولیسی توندوتیژی ژنانەوە بکەن.

دلشاد محەمەد کریم، پارێزەری راوێژکار سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی بە مەودا میدیای وت "دەستدرێژی سێکسی بریتییە لە هاتنەپێشەوە و یان  هەر جۆرە نزیکیەک لەگەڵ کەسێک بەبێ رازیبوونی خۆی و کە تەنیا پەلامارێکی جەستەیی نییە بەڵکوو پەلامارێکی دەروونیشە، ئامارەکانی بەرزبوونەوەی دەستدرێژی و گێچەلی سێکسی لە ئاستێکی خراپدایە کە بەردەوامیش لە هەڵکشاندایە و مەترسی هەیە، هـوکارەکانی ئەم دیاردەیەش بۆ کۆمەلێک فاکتەر دەگەرێتەوە لەوانەش خێزان و پەروەردەیەکی نادروست و بەکارهێنانی تەکنەلوجیاش بۆتە بەشێک لە ئاسانکاری بۆ گەیشتن بە دەستدرێژی سێکسی،  هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن و کۆمپانیاکان و کەسانی دەست رۆیشتووی حزبیش دەستیان هەیە، پاشان حکومەت نەیتوانیوە رۆڵێکی گرنگی هەبێت لە کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە".

وتیشی "زیاتر ژنان و کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ و بەتایبەت ئافرەتانی بێ سەرپەرشت و خانمانی بەناوبانگ رووبەڕووی دەستدرێژی و گێچەلی سێکسی دەبنەوە و ئێستا بڵاوترينيان له ريگەى موبايل و تۆرى كۆمەڵایەتیەکانەوە دەكريت بە پێچەوانەشەوە لەلایەن ژنانەوە بۆ سەر پیاوان دەستدرێژی روو دەدات و چه ندين كه سى لەو جورەمان هەبوه له دادگاكانى توندوتيژى خێزانى".

هەر لە درێژەی قسەکانیدا دلشاد محەمەد, لەبارەی سـزاکانی دەستدرێژی روونیشی کردەوە "سزاکانی دەستدرێژی کردن جیاوازن ناتوانرێت لەیەک مادەی یاسایی یاسایەک دیاری بکرێت بەپێی جوری دەستدرێژیەکە و تاوانەکە یاسا و سـزای دیاری کراوی بۆ دادەنرێت, وە ئەگەر كەسى زەرەرمەند بيسەڵمێنێت به شاهيد يان هه ر شتيک ئەوا دەتوانرێت سزا به سه ر كەسى تاوانكار بدریت، به پێى ياساكانى خراپ به كارهێنانى ئاميره كانى په يوەندى كردن سزا دەدرێن، لەگەڵ ئەوەشدا سـزای تایبەت بۆ دەستدرێژی کردنە سەر کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ دیاری کراوە کە بەپێی یاسای ژمارە 111 ساڵی 1969 مادەی 393 لە برگەی دووەمدا سزای زیندانی هەتاهەتایی یان خود لەسێدارەدان دانراوە. یاساکانیش تا رادەیەکی باش‌ گونجاوە ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەشێکیان پێویستی بە هەموارکردنەوەیان هەیە بەتایبەت ئەو یاسانەی کە سزاکانیان ئاسانە و بەشێوەێکی گشتی کێشە لە جێبەجێ کردنیان هەیە, هەندێک کاتیش کەم و کورتی دادگاکان رۆل دەبینن لە دەستێوەردانی کەسانی حزبی لە کاتی رێکارەکانی لێکوڵینەوە ئاراستەی دەگورن". 

لە کوتایی قسەکانیشدا جەختی لەوە کردەوە "ئەو کەسانەی تووشی دەستدرێژی سێکسی یان گێچەلی سێکسی دەبنەوە بەزووترین کات لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار بکاتەوە و پەیوەندی بە بەرێوەبەراێتی پولیسی توندوتیژی ژنانەوە بکەن".

ئەو توندوتیژیانەی کە لە سەرتاسەری جیهاندا روبەڕووی ژنان دەبێتەوە زۆر بوار لەخۆ دەگرێت, دەستدرێژی سێکسی بەیەکێک لە مەترسیدارترین و کاریگەرترین جوری توندوتیژی دادەنرێت.
 ،
گوڵزار نەقشبەندی، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان بە مەودا میدیای رایگەیاند "دەستدرێژی کردنی سێکسی ناشرینترین و ناوازەترین جۆری ئازاردانە بۆ ژنان و مەترسیدارترین وێنەی ستەمە بۆ مرۆڤایەتی بەتایبەت ژنان زۆر جار مەرج نییە تەنیا سێکس کردن تەنها پاڵنەری ئەو دیاردەیە بێت لەوانەیە مەبەست لێ پاڵنەری پەیوەندی و خۆفەرزکردن و دەسەڵات یان ئارەزوو کردن بە لاوازی و سوکایەتی پێی کردنی لایەنی بەرامبەر بێت".

 لەبارەی رۆڵی رێکخراوەکانی ژنان لەم دیاردەیە دەشڵێت "رێکخراوەکانی ژنان رۆڵێکی بەرچاویان هەبوە لە هوشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا بەبی جیاوازی و بەتایبەت ژنانی کۆمەڵگا، هەرچەندە ناهوشیاری کۆمەڵگا دەگەرێتەوە بۆ بوونی ئەو فیلم و درامانەی کە بەردەوام لە کەناڵەکانەوە پیشان دەدرێت کە هوکارێکی سەرەکیە بۆ زۆربوونی ئەم دیاردەیە، پاشان رێکخراوەکان بەردەوام لە بەدواداچوونن بۆ نەهێشتنی ئەو کێشانەی دینە لایان و بەهاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسانی پسپور و پارێزەر و توێژەری کۆمەڵایەتی  یاداشت و سکالا بۆ سزادانی تاوانباران بەرزدەکرێتەوە و ئاراستەی حکومەت و پەرلەمانی دەکەن تا یاساکانی توندوتیژی بچەسپێت لەسەر تاوانکاران، هەروەها هەوڵ دەدەین بۆ بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی ئەو جۆرە دیاردەنە کە لەباشووری کوردستاندا هەیە".

لەکۆمەڵگەی کوردیدا بەشێکی کچان و ژنان لە هەموو کایە و بوارەکاندا رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە و دەبێت لە رێگەی پەروەردەوە تاکی هۆشیار و بەئاگا درووستبکەین، تاکێک هەر لەمنداڵیەوە رابهێنرێت کە چی مافی ئەوە و چۆن خۆی بپارێزێت.

شەرمین عەلی، رۆژنامەنوس و چالاکوان بۆ مەودا میدیا باس لەوە دەکات "لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەشێکی کچان و ژنان لەهەموو کایە و بوارەکان و تەنانەت هەندێک جار لەنێو خودی خێزانەکانیشدا رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە، داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان وایکردووە زۆرینەی ئەو کەیسانە بشاردرێنەوە یانیش بە رێگەی کۆمەڵایەتی و سوڵحی عەشایەری چارەسەر بکرێن، ک ەمن ئەو کەیسانەی بۆ یاسا و رای گشتی ئەخرێنە روو".

سەبارەت بە رۆڵی رێـکخراوەکانی ژنانیش روونیدەکاتەوە  "رێکخراوەکانی ژنان لەگشت بوارەکان بەتایبەت پەیوەست بە ماف و ئازادییەکانی ژن، وێنەیەکیان لای کچان و ژنان دروستکردووە، کە بۆ هیچ شتێک سنووریان نەبێت، لەکاتێکدا نە ئایین نە ژینگەی کۆمەڵایەتی و نە یاساش رێگە بە کۆمەڵێک رەفتار و کردار نادات، هەر ئەمەش وایکردووە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان بەرەو ئاسایی بونەوە بچێت و چیتر کەیسەکان ڕامان ناچڵەکێنن، کارێکیان نەکردووە جێ دەستیان دیاربێت، ئەوەندەی بە هەڵە ژنیان هانداوە بوون بە شوێنی کاسبی و پارە پەیدا کردنی کەسانێک".

شەرمین عەلی جەختی لەوەش کردەوە "میدیای کوردی هۆشیاری بە کۆمەڵگا نادات لەبارەی دەستدرێژی سێکسی و چۆنێتی خۆپاراستنی کچان و ژنان لەدەستدرێژی و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی دەستدرێژی، هۆکاری بەشێکی زۆری حاڵەتەکانی دەستدرێژی ئەو فیلم و بابەتانەن کە میدیا دەرخواردی کۆمەڵگای دەدات، میدیای وامان هەیە هێشتا تەنها باسی خەتەنەکردنی ژن دەکەن، لەکاتێکدا گێچەڵی و دەستدرێژی سێکسی ئێستا لە جۆرە باوەکانی توندوتیژین و ژنانێکی زۆر بوون بەقوربانیی".

لەسەر هەمان پرس ئیدریس نامیق بابانی, توێژەری دەروونی بۆ مەودا میدیا دوا وتی "دەستدرێژی و گێچەل کردنی سێکسی کاردەکاتە سەر ژیانی داهاتووی لەپرۆسەی هاوسەرگیری. ناتوانیت دەروونی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات و بیر لەخۆکوشتن دەکاتەوە, دەبێتە هوی  تووش بوون بەهەستکردن بەتاوان، زوو هەڵچوون،  هەستکردنی بەکەمی خود، تووشبوون بەگرفتەکانی خەوتن بەتایبەتی لەماوەی نزیک بە دەست درێژییەکە، هاتنەوە پێش چاوی ڕوداوەکە، وخەمۆک بوون. لەگەڵ ئەوەشدا جگەلە ترسی ئاشکرابوونی حاڵەتەکە کە چووبێتە ئاستێکی مەترسیدار یان تۆمارکردنی حاڵەتەکە بەوێنەو ڤیدۆ و هەڕەشەلێکردنی ئەم هەموو فشارانە تاک بێتاقەت و خەمۆک دەکەن وادەکات کەسەکە, ئارەزووی بەشداربوونە کۆمەڵایەتیەکانی نامێنێت . لەچالاکی وچوونەدەرەوەی هاوڕێ وکەسەنزیکەکانی دادەبڕێت ئەوەش واتا گۆشەگیربوون، کەبەزۆری لەناخەوە کەسەکە خۆی دەواتەوە".

وتیشی "خێزان ژینگەی یەکەمی تاکە دووای لەدایک بوون، ئاستی ڕۆشنبیری تاک و خێزان (کۆمەڵگە) بەهەموو ئاڕاستەکانیەوە لەکۆمەڵگەی ئێمە وادەکات زۆرجارکەسێک کەدەستدرێژیش کراوەتە سەری بترسێت لەوەی باسی بکات, لەبەردروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی وناوهێنانی لەکۆمەڵگە ولەدەستدانی هەندێک پێگەی کۆمەڵایەتی کەتائێستاش سروشتی ئەم کۆمەڵگەیە وایەولەوبارەشدا شکاندنی شکۆ زیاترلەسر ڕەگەزی مێ یە. بەهۆی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگاشەوە تاماوەیەکی زۆر  پەراوێزدەخرێن و بەجۆرێکی تر سەیردەکرێن، وهەندێجاریش بەهەستی بەزەیی پیاهاتنەوە لێیان دەڕوانن. لەکاتێکدا ئەم کەسانە تاوانبارنین وستەم لێکراون و وەکو هەرتوندوتیژییەکی تر توندوتیژیان بەرامبەرکراوە هەندێ جاریش دووای ساڵانێکی زۆروەکو نەنگیەک بەچاویانا دەدەنەوە". 

ئیدریس نامیق بابانی لە کۆتایشدا جەختی لەوەش کردەوە "کاتێک کەسێکی نزیک لێیەوە تووشی حاڵەتێکی وادەبێت ، جائەندامی خێزان ،هاوڕێ ، هاوپیشە لەهەمووشیان زیاتر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و سەنتەرەکانی ڕۆشنبیری وهتد هەوڵ بدرێت وئاسانکاریان بۆ بکرێت کەتاک ببەسترێتەوە بە چالاکی زیاترەوە بەتایبەت چالاکیە چێژبەخشەکان وبەشداری پێکردن لە کێبڕکێ کاندا، هەروەها پاڵپشتیەکانی خێزانیش زۆر گرنگن وەکو دەست گرتنێکەلەکاتی کەوتندا بۆ هەڵسانەوە".
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد