نەرمین عوسمان
ئەو بەربەست و کێشانەی رووبەڕووی ژن دەبنەوە بۆ کارکردن
ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەی لە سەدەی بیستەمدا روویانداوە، لە واقیعدا لە بەرژەوەندیی ژناندا بوون، چونکە رێخۆشکەر بوون بەرەو خوێندن و کار بچن. ئەو گۆڕانکارییانە بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی بەربەست و ئاستەنگەکان کە رێگر بوون لە پەیوەندیکردنی ژنان بە کارەوە. ژنان لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا هاتوونەتە پێشەوە، کە پێشتر تەنیا قۆرخ و سنووردار بوون بۆ پیاوان. زۆرێک لەو خانمانەی کە دەرفەتیان بۆ رەخسابێت، چوونەتە دەرەوەی ماڵەکانیان و کار دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانەش، هێشتا قۆناغی زۆر و بەربەستی چارەسەرنەکراوی زۆر هەن لەبەردەم ژناندا بۆ کارکردن و بەدەستهێنانی پلە باڵاکان لەو بوارەدا.
لە توێژینەوەیەکدا کە لە لایەن کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی کۆمپانیای زەبەلاحی (ئێرنست و یۆنگ – Ernst & young)ەوە کراوە و بڵاو کراوەتەوە؛ ئاماژەیان بەوە کردووە کە جیهان پێویستی بە 117 ساڵ هەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی یەکسانیی ئابووریی نێوان ژن و پیاو. هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەو مووچەیەی ئەمڕۆ ژنان وەریدەگرن، هەمان بڕە کە پیاوان 10 ساڵ لەمەوبەر وەریانگرتووە.
لە ئامارێکی تریاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەگەر سەیر بکەین دەبینین جیهان پێشکەوتنی بەدەست هێناوە لە رووی پڕکردنەوەی بۆشایی و جیاوازیی جێندەری لە پۆستە باڵاکاندا، بەڵام تەنیا بە رێژەی لە سەدا چوار لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە سەدا سێ لەسەر ئاستی ئابووری. ئەم جیاوازییانە و ئەستەمیی گەیشتن بە یەکسانیی ئابووریی کاری ژن، دەگەڕێنەوە بۆ چەندین بابەتی گرنگ، لەوانە:
- دابونەریتەکان: لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی وڵاتە تازەگەشەسەندووەکان، بەتایبەتییش رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، دابونەریتەکان وایان سەپاندووە ژنان پێویست ناکات لە دەرەوەی ماڵ کار بکەن و کارەکانیشیان سنووردار کراوە، ئەویش تەنیا لە نێو ماڵدایە و پەیوەستە بە بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵەوە. هەروەها بێبەشکردنی کچان لە خوێندن، ئەویش بەهۆی دابونەریتەوەیە و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەلی بەدەستهێنانی کار لەسەر بنەمای بڕوانامە، کە یەکێکە لە رێگرە سەرەکییەکان بۆ بەشداریکردنیان لە بازاڕی کاردا.
- دیدی کۆمەڵگە بۆ ژنانی کرێکار: هەندێک کۆمەڵگە بە چاوێکی نەرێنی و پڕ لە گومانەوە سەیری ژنانی کرێکار دەکەن، تا ئەو رادەیەی هەندێک جار بە چاوێکی نزم سەریریان دەکەن.
- کێشەی خێزان کە رووبەڕووی ژنانی کرێکار و کارمەند دەبنەوە: ئاستەنگ و کێشەکانی کارکردنی ژنان، تەنیا بەهۆی فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان و دابونەریتەوە نین، ئەمانە بە هەندێک ئیرادە و بە کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان دەتوانرێت تێپەڕێنرێن، بەڵام ئەوەی زۆرترین ئارامیی ژنی (کرێکار و کارمەند) تێک دەدات؛ ئەو ئاستەنگانەن کە بەهۆی باری خێزانییەوە دروست دەبن، جار هاوسەر بێت، یاخود منداڵ، یان کەسوکار... ئەم گرفتانەش بریتین لە:
1- هاوسەرەکە کاری ژنەکەی لا پەسەند نییە؛ هەندێک لە پیاوان کارکردنی ژنەکانیان لە دەرەوەی ماڵ لا پەسەند نییە و دژی دەوەستنەوە، بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە، وەک: کۆنەپەرستی و پابەندبوون بە دابونەریتێکی نەخوازراوی دژ بە ژن، یاخود بەبیانووی ئەوەی کە ئەگەر ژن کاری دەرەوە بکات، ناتوانێت ئەرکی ماڵەوە بە رێکوپێکی ئەنجام بدات و کەمتەرخەم دەبێت لە چاودێریی خێزاندا.
2- ئاستەنگەکان لەبەردەم پەروەردەکردنی منداڵ: لە کۆمەڵگەکانی وڵاتانی جیهانی سێ بەگشتی و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەتایبەتی، پەروەردەکردن و چاودێریکردنی منداڵ ئەرکی سەرەکیی دایکە، ئەگەر هاوکاریی ناو ماڵ و دەرەوەی ماڵ نەبێت بۆ پەروەردەکردنی و چاودێری لە کاتی کارکردنیان، ئەوا بێگومان دەبێتە بەربەستێکی گەورە و ناتوانێت هاوسەنگیی لە نێوان ئەو دوو ئەرکەدا بکات.
3- راگرتنی هاوسەنگیی ئەرکی ماڵەوە و دەرەوە: ئەرکی کارکردن لە دەرەوەی ماڵ و ناو ماڵ، قورساییەکی جەستەیی و دەروونیی لەسەر ژن دروست دەکات و ئەستەم دەبێت بتوانێت هەردووکیان بەیەکەوە بەو قورسییە ئەنجام بدات ئەگەر هاوکاری نەبێت.
4- دووگیانی و منداڵبوون: لە کاتی دووگیانبوونی ژن، لە شوێنی کارەکانیان تووشی ئاستەنگ دەبنەوە، سترێس و قورسیی کارەکەی، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی لەبارچوون، یاخود کاریگەریی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونییان دەبێت، بەتایبەتییش ئەگەر یاسایەک نەبێت پارێزگارییان لێ بکات.
5- کێشەی پەیوەندیی خێزانی: رەنگە ژنی خاوەن پیشەی دەرەوەی ماڵ نەتوانێت کاتێکی تەواو بدۆزێتەوە تا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ ماڵ و هاوسەرەکەی و کەسوکاری ئەنجام بدات، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خێزان لەگەڵ دەوروبەریان، دواتریش دەبێتە هۆی پەیدابوونی گلەیی و ناڕەزایی، دواتریش دەبێتە بەربەست لەبەردەم کارکردنی.