چاوپێكەوتن

سامیە عەزیز: تەنانەت گۆڕەکانیشمان هەریەکە لە وڵاتێکن و گۆڕبزریان کردین

مەودا میدیا - سلێمانی |


سامیە عەزیز: تەنانەت گۆڕەکانیشمان هەریەکە لە وڵاتێکن و گۆڕبزریان کردین
 مەودا میدیا- 
 
بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و میسۆپۆمیا بەتایبەتی، چەقی ململانێی شارستانیەتییەکان و ئایینەکان بووە... مێژووی کۆنی ئەم ناوچەیە، دیوێکی پەڕەکانی بە خوێن و دیوێکیشی بە زێڕ نووسراونەتەوە، هەم خاڵی گەشی شارستانیەت و وەرچەرخان و داهێنانەکانی مرۆڤ بووە، هەم جێی ململانێی نێوان ئەو شارستانییەتانە و لەناوبردنی یەکتری... وردە وردە و بەدیاریکراوی دوای کۆچی دوایی پەیامبەری ئیسلام و بەتایبەت لە سەرەتای دروستبوونی ململانێی نێوان ئیمامی عەلی و معاویە، پاشان هاتنی مەغولەکان و لەوێوە بۆ ململانێی عوسمانییەکان و سەفەوییەکان، دوای ئەوەش بە هاتنی سەردەمی ئیستعماری کۆن و هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەم و کێشانی نەخشە و سنووری ناوچەکە بەپێی خواستی هێزەکانی کۆڵۆنیالیزم، ئیتر هەردوو دیوی پەڕەی مێژووی ئەم ناوچەیە بە خوێنی گەشی رۆڵەکانی نووسراونەتەوە و پڕن لە کاری نامرۆڤانە و دڕندانە، کوشت و کوشتار، لەناوبردن و سڕینەوە...
40 ساڵ لەمەوپێش و بەدیاریکراوی لە 7ی ئایاری 1980، رژێمی دیکتاتۆریی بەعسی خوێنڕێژ، بە بڕیاری ژمارە (666)ی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی (شۆڕش)، یەکێک لە پەڕە هەرە رەشەکانی مێژووی خۆی تۆمار کرد؛ بێسەروشوێنکردن و دەربەدەرکردنی کوردانی فەیلی کردە کردەیەکی فەرمی، هەرچەندە چەندین ساڵ لەوەپێشیش فەیلییەکان بەشێوازی جیا جیا رووبەڕووی لەناوبردن و دەربەدەرکردن بووبوونەوە، بەڵام ئیتر دوای ئەو بڕیارە، جینۆسایدی فەیلییەکان گەیشتە ترۆپک و لەسەر هەموو ئاستەکانی نەتەوایەتی، ئایینی، زمان و ئابووری بە بەرنامە و پلان کاریان لەسەر کرا؛ هەزاران منداڵ و گەنج و پیری بێتاوان، هەزاران بازرگان و سەرمایەداری گەورە، هەزاران خاوەن بڕوانامەی بەرز لە گشت ئاستەکانی کۆمەڵگە لە رەگەکەوە هەڵکەندران و پەرتەوازە و شوێنبزر کران.
فەیلییەکان هەرچەندە بە رەگەز لە نەتەوەی کوردن، بەڵام پێکهاتەیەکی گرنگی بەغدا و باشووری عیراقن و لە رووی ئایینییەوە شیعە مەزهەبن... زۆربەی فەیلییەکان کەسایەتی بازرگان و سەرمایەدار بوون، خاوەنی موڵک و ماڵی زۆر بوون، بەڵام بە جلی بەریانەوە و بە گیرفانی بەتاڵ دەربەدەر کران؛ هەموو موڵک و ماڵ و سەروەت و سامانیان دەستیان بەسەردا گیرا و کرانە موڵکی دەوڵەتە شۆڤێنییەکەیان.
لەم چاوپێکەوتنەدا خاتوونێکی بوێر و ماندوونەناس، شایەتحاڵێکی  گرنگی جینۆسایدی فەیلییەکان، کەسایەتییەکی دیار و چالاکوانێکی بواری مافەکانی مرۆڤ دەدوێنین، باسوخواس و سەرگوزەشتەی ژیان و بەسەرهاتەکانی زۆر بوون و وامان پێ باش بوو بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنەکە بکەینە دوو بەش؛ بەشی یەکەم، قۆناغی منداڵی و خوێندن و ژیان لە تارمایی رژێمی بەعسدا... بەشی دووەمیش، قۆناغی دوای ئازادیی عیراق و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و سەندنی مافەکان... 
 
بەشی یەکەم
خاتوو سامیە کێیە، کەی و لە کوێ لەدایک بوویت؟
ناوم سامیە عەزیز محەمەد خوسرەوە، کوردی فەیلیم.
لە 27ی ئازاری 1947، لە بابولشێخ لە سەدریە، لە بەغدا لەدایک بووم.
دووەم منداڵی خێزانەکەمم.
 
باسی خێزانەکەتم بۆ بکە...
ماڵی باوانم سێ خانووی گەورە بوو بە تەنیشت یەکەوە، کە لە باپیری پێنجەممەوە (مەلا نەزەر) بۆمان بەجێ مابوو. یەکەمیان بۆ میوان بوو، دووەمیان کە لە ناوەڕاستدا بوو، من لەوێدا لەدایک بووم، باوکم و دایکم، نەنکم (دایکی دایکم)، خاڵی دایکم، خاڵی باوک و پوورم (خوشکی باوکم) لەو ماڵەدا دەژیاین. سێیەمیشیان خان بوو، تایبەت بوو بۆ کاروان و وڵاخی ئەو میوانانەی لە دەرەوەی وڵات دەهاتن بۆ لامان.
 
کەواتە باری داریی خێزانەکەتان باش بوو؟
بەڵێ، باری ئابووریمان زۆر باش بوو. ساڵی 1949 – 1950 باوکم و خاڵم دوو ڤێلایان لە وەزیریە دروست کرد و لەوێ دەژیاین. هەر خانوویەکیان لە 600م2 زیاتر بوو. ماڵێکی زۆر خۆشمان هەبوو، پڕ بوو لە فەرشی جوانی دەستکردنی کاشان و تەبرێز. ئەوسا دۆخی خەڵک زۆر باش بوو، هەر لەوێش خوێندنم تەواو کرد.
 
ماڵی خۆتان چەند خوشک و برا بوون؟
خێزانەکەی ئێمە دایک و باوک شەش منداڵ بووین:
سامی، برا گەورەمانە.
سامیە (من)، دووەم منداڵی خێزانەکەم.
عادل.
سوهام، رۆحی شاد بێت، لە سووریا کۆچی دوایی کرد.
سەعد، رۆحی شاد بێت، لە سوید کۆچی دوایی کرد.
نزار، بێسەروشوێن کرا، نازانین لە کوێیە و چارەنووسی دیار نییە و گۆڕیشی نییە.
 
خێزانەکەتان تێکەڵاوی کاری سیاسی و دەسەڵات دەبوون؟
دراوسێکانمان خەڵکی ناودار بوون؛ لەوانە: نەجیب بابان بوو، ئەندام پەرلەمان بوو لە سەردەمی مەلیک فەیسەڵ و چەندین کەسایەتی وەزیر، کە ئەمڕۆ وەزیر بوو، حکومەتێکی تر دەهات و لە سێدارەی دەدا. تەنیا ماڵی ئێمە و خاڵم و شا محەمەد پەیوەندیمان بە سیاسەتەوە نەبوو.
باوکم دەیوت ئێمە کوردین و حەقمان بەسەر سیاسەتەوە نییە.
 
باوکت چ کارێکی دەکرد؟
باوکم بریکاری هەناردەی گومرگی بوو. 
 
لە خوێندندا ئاستت چۆن بوو، زیرەک بوویت؟
بەڵێ، منداڵێکی زیرەک بووم، هەر لە سەرەتاییەوە پێیان دەوتم دکتۆر و بە دکتۆر بانگیان دەکردم، بەڵام نمرەی کۆلێژی پزیشکیم نەهێنا، ئیتر باوکم ناردمی بۆ تورکیا بخوێنم.
 
واتە بڕوانامەی زانکۆت لە تورکیا بەدەست هێناوە؟
نەخێر، تەواوم نەکرد.
 
بۆچی؟
لە تورکیا لەگەڵ راگری کۆلێژ رووبەڕووی یەک بووینەوە، ئیتر رقی لێ هەڵگرتم، چونکە جارێکیان لێی پرسیم: تۆ چۆن عیراقیت و ئەسمەر نیت؟ لای ئێوە ئەسمەریش نەبیت هەتاو دەتسووتێنێت. منیش وتم من کوردم. لەوەوە رقی لێ هەڵگرتم، کە گەڕامەوە، بۆ باوکم گێڕایەوە. باوکم وتی ئەوێ بە کەڵکت نایەت، ئیتر گەڕاندمیەوە. 
 
کە گەڕایتەوە چوویتە چ کۆلێژێک؟
لە ساڵی 1968 لە عیراق چوومە کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری، کۆلێژەکەمان لە بەرانبەر کۆلێژی حیکمە بوو، دواتر کۆلێژی حیکمە چووە سەر زانکۆی بەغدا و بەشەکەی ئێمەشیان خستە سەر زانکۆی موستەنسریە وەک کۆلێژی ئابووری، بەشی کارگێڕیی کار. منیش بەشی کارگێڕیی کارم وەرگرت، کە تایبەتمەند بوو دوای کۆلێژ، یەک ساڵ بوو، واتە پێنج ساڵم تەواو کرد.
 
دوای ئەوەی بەکالۆریۆست تەواو کرد، یەکەم جار لە کوێ دامەزرایت؟
یەکەم کارم لە دامەزراوەی کشتوکاڵ بوو. دوای چەند مانگێک دراوسێیەکمان وتی بۆ نایەت لە هێڵی ئاسمانیی عیراقی کار بکەیت. منیش چووم و لەوێ دەستم کرد بە کارکردن وەک بەڕێوەبەری گەڕاندنەوەی تکتی فڕۆکەوانی و تا ساڵی 1978 لەوێ کارم دەکرد.
 
هەست دەکەیت لە کارەکەتدا سەرکەوتوو بووبیت؟
بەدڵنیاییەوە، لە 8ی ئازاری 1978، لە رۆژی جیهانیی ژنان، بە باشترین کارمەندی هێڵی ئاسمانیی دەستنیشان کرام و چەندین دیاریی بەنرخیان پێم دا، وەک: قەڵەم پارکەری زێڕ و بلیت بۆ من و هاوسەرەکەم و گەڕان بە دنیادا، بەڵام خۆشییەکەم زۆری نەخایاند.
 
لەبەر چی؟
بەڕێوەبەری جێبەجێکار هات و وتی: بۆ نایەیتە ناو حزبی بەعس، ئێمە خەڵکی وەک تۆ چالاکمان پێویستە. من وتم: من ماڵ و کارم هەیە، ناتوانم ئەرکێکی تر بخەمە سەر خۆم، دەنا هەرسێکیانم لەدەست دەچێت. وتی: باشە، بڕۆ بیری لێ بکەرەوە. دوای ماوەیەک ناردییەوە بەدوامدا و داوای لێبووردنم لێ کرد. وتی: باشە، دەتوانین بتکەین بە بەڕێوەبەری نووسینگە لە مۆسکۆ، ئەگەر لێرە ناتوانیت، لەوێ وەک حزبی بەعس کارەکانی خۆت بکە. پێم وت: بەڕێز، دەخیلت بم، کورد و بەعس و لە نێو شیوعییەکان، بەخوا ئەمە ناگونجێت. ئیتر کە پەسەندم نەکرد، منیان گواستەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی (بروسکە و پۆستە و تەلەفۆن). لە کاتی دادگەییکردنی سەرانی بەعس لەدوای رووخانی رژێم لە 2003، لە کەیسی کوردانی فەیلی، لە دادگەی باڵای تاوانەکان ئەمانەم باس کرد.
 
هەر بە پایەی بەڕێوەبەر دایاننایتەوە؟
نەخێر، لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکەوە ناونیشانەکەیان گۆڕیم بۆ یاریدەدەری ئەمین سندوقی بەڕێوەبەرایەتی (بروسکە و پۆستە و تەلەفۆن)، وەک سزایەک پلەکەیان نزم کردمەوە.
 
تا کەی لەوێ مایتەوە؟
پاش ماوەیەک و لە ساڵی 1979 خەزوورم کۆچی دوایی کرد، منیش ئەمەم بە دەرفەت زانی و چووم بۆ لای وەزیری گواستنەوە و پەیوەندییەکان کە ناوی سەعدون غێدان بوو، پێم وت: پێش ماوەیەک جەنابت منت هەڵسەنگاند وەک باشترین کارمەند و پاداشتت کردم، ئێستا خەزوورم کۆچی دوایی کردووە، خەسووم بەتەنیایە و نەخۆشە، دەمەوێت واز لە کارەکەم بهێنم. وتی: بە ویستی خۆتە یان لەژێر فشاریدایت. وتم: نەخێر، بە ویستی خۆمە.
خۆت دەزانیت ئەگەر لەو سەردەمەدا بە رەزامەندی وەزیر نەبوایە، نەیاندەهێشت سەفەر بکەیت، یاخود لە هیچ شوێنیکی تری دەوڵەت دابمەزرێیت. گرنگ ئەوەیە ئەو رازی بوو، منیش وازم لەو کارە هێنا.
 
دوای ئەوە چیت کرد؟
لەوێ وازم هێنا و لە لایەکی ترەوە هاوڕێی زاوایەکم (مێردی خوشکم)، لە دامەزراوەی گەشتوگوزار کاری دەکرد، وتی: ئەمانە هیچ زانیارییەک و داواکارییەکیان لە تۆ ناوێت، وەرە لەوێ کار بکە. 
لەوێ کارەکانمیان زۆر بە دڵ بوو، لە بەشی گرێبەست و بەڵێندەرایەتی کارم دەکرد. ئەو کۆمپانیا ژاپۆنییەی شیراتۆنی بەغدا و بەسرەی دروست دەکرد، کاتێک دەهاتن من چەکەکانم بۆ ئامادە دەکردن. لێپرسراوەکەیان بە فڕۆکەی بەیانیان دەهات و هەمان رۆژ دەگەڕایەوە. 
جارێکیان دیاریی بۆ هێنابووم، ئەوسا بەرتیل نەبوو، پێم وت: بڕۆ بۆ لای بەڕێوەبەری دارایی و لە رێگەی ئەوەوە بمدەرێ. بەڕێوەبەری دارایی بانگی کردم، وتی: ئەمە دیاریی کۆمپانیاکەیە، بەهۆی چالاکیتەوە بۆیان هێناویت. دیارییەکە باوەشێنێک بوو، تا ماوەیەکی زۆر مابووم، بەڵام بەهۆی ئەمسەر و ئەوسەرەوە ونم کرد.
 
پێش ئەوەی بچینە سەر باسی جینۆسایدی فەیلییەکان، لەو ماوەیەدا کە ئەو پرۆسەیە بەچڕیی کاری لەسەر دەکرا، ئێوە (تۆ و کاک سەعدون) دەچنە دەرەوە بۆ ئەوروپا، ئەوە چۆن بوو؟
راگوێزان دەستی پێ کردبوو، کە هەستم کرد ئەوە حاڵمانە، دەتوانم بڵێم کەمێک زیرەکانە رەفتارم کرد؛ پێش ئەوەی ماڵی باوکم رابگوێزرێن، بە باوکم وت: ئاڵتوونی ئێوە و خۆم هەڵدەگرم، پارە هەڵدەگرم و دەچمە دەرەوە. دکتۆر سەعید ئیسماعیل حەقی و دکتۆر عەدنان حسێن، نەخۆشخانەیەکیان کردبووەوە بۆ ئەوانەی منداڵیان نابێت، دکتۆر حسێن تایبەت بوو بە ژنان، دکتۆر سەعیدیش تایبەت بوو بە پیاوان. راپۆرتێکیان بۆ نووسین کە دەبێت ئێمە لە ئینگلتەرا چارەسەر بکرێین. ئەو راپۆرتەمان وەرگرت و پێنج هەزار دۆلارمان کرد بە پاوەن و مۆڵەتی سێ مانگیان داینێ لەوێ بمێنینەوە. وتمان لەو ماوەیەدا چەندین گۆڕانکاری دروست دەبێت و بێگومان سەدام دەڕووخێت. ئێمە لەوێ بووین، 15ی ئەیلوول بۆردوومانی نێوان عیراق و ئێران دەستی پێ کرد. برای هاوسەرەکەم هات وتی: من لە ئەڵمانیا دەبم، وەرن بۆ ئەڵمانیا. ئێمەش چووین لەوێ ژوورێکمان وەک مۆتێل لای خێزانێک گرت و ماینەوە. کاتێک ئەوان دەچوون بۆ ئیش، منداڵەکەیان لای ئێمە دادەنا. ماوەیەک لەوێ ماینەوە، بەڵام شەڕ بەردەوام بوو، هاوسەری براکەی سەعدون ئەڵمانی بوو، بە سەعدونی وت: وەرە پارە لە من و کاریش لە تۆ، با وەرشەیەک دابمەزرێنین بۆ چاککردنەوەی پارچەی خراپبوو. سەعدون ماستەری لەو بابەتەدا هەبوو، لە رووسیا (یەکێتی سۆڤیەت) وەریگرتبوو. سەعدون وتی: من بەبێ بەڵگەنامەکانی پسپۆڕییەکەم هیچ کارێک ناکەم، بەو شێوەیەش کارێکی باشم دەستناکەوێت. منیش وتم: بەپێی یاسای عیراقی ژن بەدوای مێرددا دەڕوات، بەڵام مێرد بەدوای ژندا مۆڵەتی نادەنێ، بۆیە دەگەڕێمەوە عیراق و هەموو بەڵگەکان دەهێنم و جارێکی تر مۆڵەت وەردەگرمەوە لە کارەکەم، ئیتر گەڕامەوە.
جا لێرەدا بەسەرهاتێک هەیە حەز دەکەم بۆتی باس بکەم: لەو کاتەی هەردوولا، ئێران و عیراق یەکتریان بۆردوومان دەکرد، باوەڕ بکە شەو خەوم بینی؛ مووشەکێک بەر ماڵی باوکم کەوت، لە خەو هەڵسام و ترسام، بە سەعدونم وت: ماڵی باوکم مووشەکی بەرکەوتووە. ئەویش وتی: بۆ خۆ باوکت وەزیری بەرگری نییە، پیاوێکی بێوەیە. ئەوسا تەلەفۆنی سەر شەقام هەبوو، چووم بۆ زانکۆی گلاسکۆ، لەوێ تەلەفۆنم بۆ دایکم کرد، بە دەنگیدا زانیم شتێک رووی داوە. دایکم وتی: مەگەڕێرەوە بۆ عیراق تا سکت نەبێت و منداڵت نەبێت. ئیتر زانیم شتێک رووی داوە.
سەرەتای کانوونی یەکەم گەڕامەوە بۆ بەغدا، کاتێک دەرچووبووم، هەموو شتە گرانبەهاکانم لە ژوورێکی ماڵی سەعدون کۆ کردبووەوە، لە هەر وڵاتەش چەند شتێکی جوانم کۆ کردبووەوە و خەریکی ماڵ پێکەوەنان بووین بۆ ماڵە تازەکەمان. 
کە گەیشتەمەوە، دایکم وتی: بیرتە کە وتت مووشەکمان بەر کەوتووە، هەر ئەو رۆژە مووشەکێک دای لە سەربانی ماڵەکەمان و هەموو شووشە و دەرگاکانی ماڵەکەى هاڕی، زۆر ترساین و تۆش لەوێ تەلەفۆنت کرد و نەمدەزانی چیت پێ بڵێم.
 
دوای ئەوەی هاتیتەوە بۆ عیراق، چیت کرد؟ مایتەوە یان گەڕایتەوە بۆ ئەوێ؟
مامەڵە و بەڵگەنامەکانم تەواو کرد و بەرەو عەممان گەڕامەوە، بە پاس رۆیشتین بۆ روتبە، لە 19ی کانوونی یەکەم گەیشتینە روتبە. 90 کیلۆ تحوفیاتم پێ بوو لەگەڵ فەرشێک، ئەفسەرێک هاتە ناو پاسەکە، وتی: سامیە عەزیز کێیە؟ وتم: منم. هەموو نووسراو و بەڵگەکانی خۆم و سەعدون و گرێبەستی هاوسەرگیری و بڕوانامەکانمان کە لە دەرەوەی عیراق پشتڕاستکرابوونەوە، دامێ، لەبەر دەرگا وەستابووم، کەشی سەحراش لەو کاتەدا زۆر ساردە، سەیرم کرد خۆی لەبەر سۆپادایە. پێم وت: زۆر دەخایەنێت، ئەگەر زۆر دەخایەنێت با بێم بۆ لای سۆپاکە. خەریک بوو رەق دەبوومەوە. وتی: تۆ بۆ دوو جار پارەت گۆڕیوەتەوە و رەوانەت کردووە؟ جارێک پێنج هەزار و جارێک سێ هەزار دۆلارت حەواڵە کردووە. وتم: بۆ چارەسەرە، ئەمەش بەڵگەکان. وتی: کوا لە نەخۆش ناچیت؟ وتم: منداڵمان نابێت، ئەوەش بە رووخسارەوە دیار نییە.
خاڵی پشکنینی ئوردنی، لە هیی عیراق خراپتر بوو، کە گەیشتمە ئوردن، بەهۆی هەندێک کێشەوە، گەشتەکەم دواکەوت، فڕۆکەکەم لەدەست چوو. کۆمەڵێک پارەی خەڵک و ئاڵتوون و پارەی خۆشم پێ بوو، لەوێش کاتێک دەگەڕامەوە بەرەو ئوتێل، ماتۆڕسکیلێک هات و خۆی لێ دام، ویستی جانتاکەم بفڕێنێت. لەتاو کەلوپەلی ناو جانتاکە، توند گرتم و کەوتم و قاچم وەرگەڕا. دەمویست تەلەفۆن بکەم بۆ بەرلین و بڵێم حاڵم وایە بۆیە دواکەوتووم، ئەوەشم بۆ نەدەکرا، ئەوانیش لەوێ تووشی دڵەڕاوکێ بووبوون، چونکە دەیانزانی لە عیراق دەرچووم.
هەرچۆنێک بێت گەیشتم و توانیم ئەو شتانەی پێم بوون، بەسەلامەتی بیانگەیەنم.
 
کەی زانیتان کەسوکارتان راگوێزراون؟ 
رۆژی 7ی نیسانی 1983 وتیان کەسوکارتیان بەرەو ئێران راگوێزاوە، هەروەها کەسوکاری سەعدونیش. بە سەعدونم وت: کەواتە ئێمە لە بەرلین کارمان چییە؟ با بچین بەرەو یەکێک لە وڵاتەکان و کار بکەین و کەسوکاری هەردوولا بژێنین. ئیتر چووینە سووریا و لەوێشەوە بەرەو تاران بە رێ کەوتین، یەکەم جار چووین بۆ ئەوەی کاروباری ژیانی کەسوکاری هەردووکمان جێبەجێ بکەین. لەپێشدا کەسوکاری سەعدون گەیشتبوون، خانوومان بۆ گرتن و کرێمان بۆ دان. پارەی خوشکەکەیم لا بوو، هەزار دۆلار بوو، ئەویشم دا پێیان بۆ ئەوەی ژیانێکی سادە دروست بکەنەوە.
دوای ئەوان، کەسوکاری منیش گەیشتن. کاتێک گەیشتن، هەمان شتمان بۆ ئەوانیش کرد و ژیانمان رێک خستن.
 
لەوێ مانەوە؟ کارتان دەکرد؟ 
کێشە لەوەدا بوو سەعدون نەیدەویست هەموو جۆرە کارێک بکات، چونکە ئەندازیاری میکانیک و خاوەن بڕوانامەی ماستەر بوو. چوو بۆ پەیداکردنی کار، لێیان پرسیبوو کفن چەند مەترە؟ ئەویش وتبووی من ئەندازیارم خۆ مردووشۆر نیم. هاتەوە ماڵەوە و وتی: لێرە ناژین، هەستە با بەرەو سووریا بڕۆین، بەڵکوو لەوێ کارێک بدۆزینەوە. ئیتر لەوێ بۆ کار گەڕاین. 
 
کارتان دەست کەوت؟ 
بەڵێ، وەزیری بەنداوی فورات وتبووی ئەگەر بێنەوە و بیانەوێت لێرە کار بکەن، پێویستم بە ئەندازیاری خاوەن ئەزموونە. سەعدون لەوێ دامەزرا، منیش لە فڕۆکەخانەی سووریا دامەزرام. دوایی بە سەعدونی وتبوو باشە بۆ تۆ لە شوێنێک بیت و خێزانەکەشت لە شوێنێکی تر، با بێت لێرە کار بکات پێویستمان بە شارەزاییەکەی هەیە لە کاری بەڕێوەبردن و ژمێریاریدا. ئیتر بووم بە بەڕێوەبەری ئەو زەوییانەی کە بەهۆی بەنداوی فوراتەوە داپۆشرابوون، چونکە ئەو زەوییانە لە ساڵی 1973وە دەستیان بەسەردا گیرابوو، کەس نەبوو قەرەبوویان بکاتەوە. ئەم بەشەم وەرگرت و توانیم کاری زۆر باشی تێدا بکەم. بینیم ئەو زەوییانە بەناوی کوردەوە بوون، کرابوون بە موڵکی دەوڵەت و قەرەبوو نەدەکرانەوە. لەوێش کاری باشم کرد و پاداشتێکیان دامێ لەگەڵ سوپاس و رێزلێنان لە بەڕێوەبەرایەتی زەوی فورات. 
 
هەر لەوێ مانەوە؟ 
نەخێر، دوای ئەوە داوامان کرد کارەکانمان بگوێزینەوە بۆ لازقیە، لەوێ لە ئیسکانی عەسکەری دەستمان بە کار کرد. سەعدون بوو بە بەڕێوەبەری پیشەسازیی کەلوپەلی مادەی ئاسن بۆ دروستکردنی: بۆری، تانکی، دەرگا، پەنجەرە...هتد، منیش وتیان ببە بە بەڕێوەبەری بودجە، بەڵام رەتم کردەوە و وتم هەر کاتێک سەدام رووخا، هەموو شتێک جێ دەهێڵم و دەگەڕێمەوە بەغدا. ئیتر بووم بە بەڕێوەبەری کڕین و فرۆشتنی ناوچەی رۆخی دەریا لە قەسەد تا تەرتووس. لەو کارەدا 14 کارگەم لەژێر دەستدا بوو. لەوێش توانیم پێگەی خۆم بەهێز بکەم و تاکوو ئێستاش کۆمەڵێک هاوڕێم ماون و زۆر نزیکین.
لە ساڵی 1987 شوقەم کڕی (پارە و ئاڵتوونم هەبوو)، وتم با چیتر کرێ نەدەین، لە هەمان باڵەخانە کە تێیدا نیشتەجێ بووین، شوقەیەکم کڕی. سەعدون لە ئێران بوو، گەڕایەوە زۆر تووڕە بوو، وتی: پارەکەت لە شوقەدا قەتیس کرد. منیش وتم: ئەمە حەوت ساڵە چاوەڕێ دەکەین و سەدام ناڕووخێت، تا کەی لە کرێچێتیدا بین، ئەگەر هەردووکمان لە ماڵێکدا بین نان و پیاز بخۆین کەس پێمان ناڵێت بۆ، خۆ ئەگەر خانوو هیی خۆمان نەبێت، هەموو رۆژێک کرێمان لەسەر زیاد دەکەن و دەرمان دەکەن.
 
لێرەدا دەمەوێت کەمێک بگەڕێینەوە دواوە و باسی ئەو کاتەم بۆ بکەیت کە دەست کرا بە راگوێزانی فەیلییەکان، ئەوە چۆن بوو؟
یەکەم جار بازرگانەکانیان گرت و رەوانەیان کردن، دواتر دەستیان کرد بە گرتنی کەسوکاری بازرگانەکان، هەموویانیان لە یاریگەی شەعب و ئەو ماڵانەی کە هیی بازرگانەکان بوون و رایانگواستبوون، کۆ کردنەوە.
یەکەم خێزان بە ماڵی خاڵم دەستیان پێ کرد؛ خاڵم کەسایەتییەکی دیاری ئەو سەردەمە بوو، لە ساڵی 1930 پارێزگار بوو، لەگەڵ رەشید عالی گەیلانی کتێبیان نووسیوە و هاوسەرەکەی ئێرانی بوو. ماڵی ئێمە و ماڵی خاڵم تەنیا دوو خانوومان لە نێواندا بوو، لە هەمان کۆڵاندا بووین. ماڵێکی بەرانبەریان کە ئەوانیش کورد بوون، دەچێتە لای دایکم و بە هاتوهاوار و گریانەوە دەڵێت: ئەمڕۆ ئەمن هاتن و عەبدولهادی و ژنەکەیان برد، ئەو کاتە منداڵەکانی لە دەرەوەی وڵات بوون.
دایکم وتبووی دەبێت ئێمەش خۆمان ئامادە بکەین، چونکە ئەوانیان رەوانە کردووە، کەواتە نۆرەی ئێمەش دێت. ماڵەکانی وەزیریە ماڵی گەورە بوون و پڕ لە کەلوپەلی گرانبەها بوون، خانووەکان لە نێوان 650 – 700م2 بوون. ئەو رۆژە نەهاتبوون و رۆژی دواتر من چووم بۆ ماڵی باوکم، هەموو رۆژێک دەچووم و خواحافیزیمان دەکرد کە رەنگە نۆرەی ئەوانیش بێت.
رۆژێک من لە ماڵی باوکم بووم، دوو سمێڵزل هاتن و پرسییان کوا نوریە باقر، نوریە باقر نەنکم بوو، دایکی باوکم، خوشکی عەبدولهادی، کە ئێمەش هەر پێمان دەوت "خاڵ"ە. وتم: فەرموو وەرنە ژوورەوە، بە چاوی خۆتان بیبینن لە نێوان ژیان و مردندایە. بەڕاستییش تەندروستیی زۆر خراپ بوو. پرسی: ئەمە عیراقییە یان ئێرانی؟ وەڵامم دایەوە و وتم: نەنکم لەدایکبووی ساڵی 1895ە و لە عیراق لەدایک بووە، دەتەوێت بە ئێرانی یان بە عیراقی ئەژماری بکەیت، ئەو لە عیراق لەدایک بووە. قسەی نەکرد و رۆیشت. ئیتر ئەمە وای کرد زیاتر بیر لەوە بکرێتەوە هەر رۆژێک بێت دێن.
ئەوکات دراوسێیەکمان هەبوو ناوی فەخری عەبدولغەفور بوو، ئەفسەر بوو، عەرەبی سوننە بوو، یەک دیوارمان لە نێواندا هەبوو و باخی ماڵەکەمانی جیا کردبووەوە. جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپا بوو، ئێمە پێش ئەوەش لە ساڵی 1952 دراوسێی یەکتر بووین و بەیەکەوە گەورەی بووین، هات و دیواری نێوان ماڵی خۆیان و ئێمەی رووخاند و باخەکەمان کراوە کرا بەسەر یەکتردا، وتی: ئەگەر ئەمن بەدواتاندا هاتن، را بکەن بۆ ماڵی ئێمە و لەو دیوەوە کە دەرگایەکیان لەسەر کۆڵانێکی تر بوو، بڕۆنە دەرەوە و دەرچن.
لە 7ی نیسانی 1980، رۆژی جەژنی حزبی بەعس بوو، من لە کار بووم، ئەو رۆژە بازرگانەکانیان برد. بیرم کردەوە کە دەبێت پارە لە بانک دەربهێنم، ئیتر بڕیارم دا بچم بەدوای سەعدوندا، ئەو فەرمانگەکەی لە وەزیریە بوو، منیش لە سەعدونیە. کاتێکیش دەچووین بۆ پارەدەرهێنان، دەبوایە رەگەزنامەی عیراقی نیشان بدەین، ئەگەر (ج ت)ی لەسەر نووسرابایە، نەیاندەیاینێ. (ج ت) واتە (جنسیەی تەبەعیە). لە ترسی ئەوەی نەوەک دەست بەسەر پارەکانماندا بگرن، بە ئۆتۆمبێل خێرا چووم بەدوای سەعدوندا و هەندێک لە پارەکانمان دەرهێنا، لەوێشەوە چووم بۆ لای دایکم وتم: هەستە پارەکانت دەربهێنە. بانکی ئەوان لە گۆڕەپانی عەنتەر بوو. ئەویش پارەکانی دەرهێنا و دواتر چووم بۆ لای دایکی سەعدون، ئەویش پارەی دەرهێنا. دواتر چووم بۆ لای لەتیفە، خوشکی سەعدون، هەمان شتم بەویش وت، وتی: وەڵڵا چووم و داوای رەگەزنامەیان لێ کردم، منیش ترسام و وازم هێنا. ئیتر ئێمە پارەکانمان لەبەردەستماندا بوو.
رۆژی 9ی ئایار چووبوونە سەر ماڵی پوورم، خوشکی باوکم، دایکم تەلەفۆنی کرد وتی: وا ماڵی پوورت رەوانە دەکەن. دیسانەوە سواری ئۆتۆمبێل بووم و چووم بۆ ماڵی پوورم. بەداخەوە، فریایان نەکەوتم و کەلوپەلەکانیان کەوتە بەر دەستی دراوسێ و خەریکی بردنی بوون.
 
ئەى ماڵی ئەو خاڵەت کە دراوسێتان بوون و پێش ماڵی باوکت راگوێزران، چی بەسەر هات؟ 
هێشتا ماڵی باوکم رەوانە نەکرابوون کە ئەفسەرێک داگیری کردبوو، برای ژنی چوارەمی سەدام بوو، ناوی حیکمەت فەیاز بوو. برا بچووکەکەم دەیوت هەموو رۆژێک دەهات شەڕی پێ دەفرۆشتین و دەیوت: هەواڵی خاڵت چییە؟ ئەمیش پێی وتووە: هیچ نازانم، ناشزانم لەکوێیە، من دەخوێنم. ئیتر براکەم بەر بەردەرگەکەشیاندا نەدەڕۆیشت و رێگەکەی گۆڕیبوو. بەم شێوەیە بەردەوام لە ترس و لەرزدا بووین تا هاتن و رایانگوێزاین.
 
چیرۆکی ئەوە چۆن بوو؟ 
ماڵی دایکم لە ساڵی 1983 تەسفیر کران، بە شەو ئەمن دەچنە ماڵەکەیان، کە زەنگیان لێ داوە، نزار چووەتە دەرەوە، وتوویانە: وەرە لای ئێمەوە بوەستە. باوکم خەوتووە، دایکم هەزار دیناری لەژێر سەری داناوە و هەزار دیناری لە گیرفانەکانی ناو عەباکەی داناوە، هەرچی ئاڵتوون و مجەوهەرات و پارەی تریش هەبووە لەناو عەرەبانەیەک شاردوویەتییەوە کە لە لەندەن هێنابووی، لەو جۆرە عەرەبانانەی بەدوای خۆتدا رایدەکێشیت. دایکم بە سورەیای وتبوو کاتێک هاتن بەدواتاندا و من لێرە نەبووم، ئەم عەرەبانەیە بەدوای خۆتدا رابکێشە و بیبە.
لەوبارەیەوە دایکم بەم شێوەیە دەیگێڕایەوە: من کچی پوورم مردبوو، چووبووم بۆ سەرەخۆشی و لەوێ لایان مامەوە. کاتژمێر دووی شەو دەچنە سەر ماڵەوە، سورەیا هەڵدەستێنن لە خەو و پێی دەڵێن هاتووین رەوانەتان بکەین. ئیتر سورەیا زۆر شپرزە دەبێت، دەچێت کچەکەی لە خەو هەڵدەستێنێت، لەتاو گریانی کچەکەی دەڵێت دەچمە سەرەوە و شیر بۆ کچەکەم دەکەم، هەندێک کەلوپەلی خۆشم دەهێنم، بەڵام ئەوان وتبوویان هەرچی هەتانە تازە موڵکی دەوڵەتە. ئیتر هیچی بیرنامێنێت و عەرەبانەکەش هەر لەژێر پیلکانەکاندا دەمێنێتەوە. 
عەلا ساعدی، سەرۆکی ئەنجومەنی داواکاریی موڵک و ماڵی گشتی، ئەمەی لە کتێبەکەیدا باس کردووە.
باوکم تووشی شێرپەنجەی قوڕگ بووبوو، سورێنچکیان دەرهێنابوو. سورەیا بە مناڵەکەیەوە، سامی تەمەنی 35 ساڵ بوو، هێشتیان لەگەڵ کەسوکار بڕوات، بەڵام نزاریان دەستبەسەر کرد، چونکە ئەوانەی لە نێوان 18 بۆ 28 ساڵ بوون، نەیاندەهێشت لەگەڵ کەسوکاریان بڕۆن. 
هەروەها دایکم دەیگێڕایەوە: کاتێک ئەوان دەبەن بۆ ناوەندی فارووق، لەوێ لێیان پرسیون: کوا دایکتان؟ وتوویانە لە پرسەیە. وتبوویان وەرن لەگەڵمان با بچین بیهێنین. کە هاتن بۆ پرسەکە، هەموویان دەگریان بۆ مردووەکە، ئەوانیش هاواریان دەکرد دەی (زەینەب حسێن) وەرە دەرەوە، نۆرەتان هاتووە، رەوانە دەکرێن. خەڵکەکە بەدەم گریانەوە هاواریان دەکرد: زەینەبیشیان برد. ئەمنێکیان گەڕایەوە وتی: کچی سەگینە بێدەنگ بن، کەس لێرە نەمێنێت، بڕۆنەوە ماڵەوە، دەنا ئێستا هەمووتان دەبەین. ئیتر هەموو ئەو ژنانەی لە پرسەکە بوون چۆڵیان کرد و گەڕانەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان.
دایکم دەیوت: بە ئەمنەکەم وت کوڕم من نەخۆشیی شەکرە و زەختم هەیە، با بگەڕێمەوە ماڵەوە دەرمانەکانم بهێنم. پێی وتم هەرچی لە ماڵەکەتاندایە بووەتە موڵکی دەوڵەت. منیش وتم من هیچم لە ماڵی دەوڵەت ناوێت، تەنیا دەرمانەکانم دەوێت. ئەویش وتی: بڕۆ، بڕۆ با خومەینی دەرمانت بداتێ. ئیتر سواری ئۆتۆمبێلیان کردین و ئێمەیان برد بۆ ناوەندی فارووق، دواتر ئێمەیان بردە ناوەندی جادریە و لەوێوە نزاریان لێ سەندین و بردیان. 
 
دوای ئەوەی کە نزاریان لێ دابڕاندن و شوێنبزریان کرد، دایکت حاڵی چۆن بۆی؟ 
دایکم بەردەوام دەگریا، کاتێک نانی دەخوارد دەیوت: کوڕم نزار، من خواردن بخۆم تۆ نەخۆیت... هەموو ژەمێک و هەموو رۆژێک ئەمە حاڵی بوو. دەیوت: من ژەهر و زەقنەبووت بخۆم، ئەوا تۆ لە زیندانی، تۆ تەنیای، لەوێ کەس بە دەنگتەوە نییە، ئێمە خۆراک بخۆین... ئەم فیلمە هەموو ژەمێک دووبارە دەبووەوە. دایکم هەر بەو داخەوە سەری نایەوە.
 
لەو کاتەدا کە نزار دەبەن، دایکت و ئەوان هیچی بۆ ناکەن؟ 
ئێمە خانووەیەکمان لە گەڕەکی جەمیلە هەبوو، بە کرێمان دابوو، کچێک لە ماڵی ئێمە ئیشی دەکرد، خزمایەتیشمان هەبوو لەگەڵی، دایکم رایدەسپێرێت کرێی ئەو خانووە کە 100 دینار بوو، وەریبگرێت و بیبات بۆ نزار. دوو مانگ دەیداتێ و مانگی سێیەم کرێچییەکە پێی دەڵێت: ئەم جارە بگەڕێیتەوە تۆش تەسفیر دەکەم. کرێکەیان بڕیبوو و ئیتر پارەی تریش نەچووە بۆ نزار.
 
دوای ئەوەی چییان لێ دەکەن؟ 
یەکەم هەنگاو لە ماڵەوە دەریان هێنابوون و لە جادریە لە خانووی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سەدامدا دەستبەسەر بوون، هەر لەوێشەوە نزاری برامیان لێ جیا کردبوونەوە، ئیتر نەمانبینییەوە. پاشان لەوێوە رەوانەیان کردبوون. دایکم دەیگێڕایەوە و دەیوت: من نەعلم لە پێدا بوو، تاکێکیم لە رێگە لێ کەوت و بە پێی پەتی بووم، بەسەر دار و بەرد و زیخدا دەیانبردین، قاچم هەمووی بریندار بوو و خوێنی لێ دەهات. دایکم خۆی شەکرەی هەبوو. کاتێک دەگەنە سەرپێڵی زەهاو، لەوێ رووبارێکی لێ بووە، قووڵ نەبووە، بۆیە دەبوایە لەوێوە بپەڕنەوە. باوکم بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی قوڕگ، قوڕگیان بڕیبوو، لەناو ئاوەکە، ئاو دەچێتە سییەکانییەوە و خەریکە بخنکێت، براکەم رایدەکێشێت و دەیگەیەنێتە قەراخ رووبارەکە.
خێزانەکە لە یەک جیا کراونەتەوە؛ دایکم دەخرێتە ناو ژنە بەتەمەنەکانەوە، سورەیا و کچەکەشی بۆ ناو ئەو ژنانەی منداڵیان هەیە، سامی برام و باوکم بەیەکەوە بوون. سامی هەندێک جار باوکمی لە کۆڵ کردووە، هەندێک جاریش خەواندوویەتی و بە جانتا دایپۆشیوە، چونکە باران بووە.
سورەیا دەیگێڕایەوە و دەیوت: ئێمە چوار ژن بووین، شتێکمان داخستبوو هەر چوار ژن و منداڵەکانمان یەک بەتانیمان بەسەر خۆماندا دابوو، باران بەسەرماندا دەباری. گەیشتینە شوێنێک ئێرانییەکانمان بینی، کچەکەم تەنیا ساڵێک و چەند مانگێک بوو، دوو ددانی هەبوو، لەسەر مەرز فستق و خورمایان داینێ، ئەو منداڵە لەتاو برسیەتی ئەوانەی دەخوارد، ئیتر بردیانین بۆ کەمپ و چادرێک و پێخەفێکیان داینێ. 
هەروەها دەیوت: کاتێک بیر لەو کاتانە دەکەمەوە، دەڵێم ئەوە فیلم بوو، من نەبووم. 
 
دایکت و ئەوان چییان بەسەر دێت؟ 
دایکمیان لەگەڵ مردووەکان داناوە، چونکە خوێنی زۆری لێ رۆیشتووە و لە هۆش خۆی چووە، لە نەخۆشخانە پێش ئەوەی بیانبەن بۆ ناشتن، پشکنینیان بۆ کردبوون و تبوویان ئەمەیان هێشتا زیندووە و دەستیان کردووە بە چارەسەرکردنی. دواتر وتوویانە ئێوە لە وەجبەی 3200ن، بۆ ئەوەی یەکتر بدۆزنەوە، تەنیا بڵێن ئێمە لە وەجبەی 3200ین. 
سورەیا دەیگێڕایەوە کە ئەو و لارای کچیان بردووەتە کەمپی چۆرم، لارا بووە بە نیشانەیەک، دایکم پرسیویەتی ماڵی لارا، کچێکی منداڵە، ئیتر دایکم دەگاتە لای سورەیا و کچەکانی پووری.
باوکیشم بەو بارە تەندروستییە خراپەوە بردوویانە بۆ نەخۆشخانەی کرماشان.
 
ئێوە لەو کاتەدا لەکوێ بوون و چیتان کرد؟ 
ئێمە لەو کاتەدا لە سووریا بووین، لەوێوە تەلەفۆنمان بۆ پوورم لە ئێران کرد، وتمان پوورێ دایک و باوکمیان تەسفیر کردووە. وتی: لە کوێن؟ وتمان: دەڵێن لە کرماشانن. پوورم لەگەڵ مێرد و منداڵەکانی بە ئۆتۆمبێل دەچن بەدوایاندا. 
پوورم لەوبارەیەوە بەم شێوەیە دەیگێڕایەوە: چووم بۆ نەخۆشخانە و لەوێ سەدان کەس لەسەر زەوییەکە پاڵ خرابوون، بەهۆی بارانەوە پانتۆڵەکانیان گۆڕیبوون و شەرواڵیان لە پێ کردبوون. بەشێکیان روویان لە دیوارەکە بوو، هەر دەگەڕام نەمدەدۆزینەوە، ناسیاوێکمان بینی وتی ئەگەر بەدوای عەزیزدا دەگەڕێیت، من دەزانم لە کوێیە، وەرە با بتبەم بۆ لای. 
وتی: عەزیزم بینی لە دۆخێکی زۆر خراپدا بوو، ئیتر بردم. وتیان بۆ کوێی دەبەیت؟ دەبێت بێیت بۆ کەمپی ئاوارەکان. باوکم پێی وتبوو ئێمە وەجبەی 3200ین. 
 
سامی و باوکت چۆن دایکت و سورەیا دەدۆزنەوە؟ 
دوای ئەوە سامی دەگاتە کرماشان، دەچێتە کەمپی ئاوارەکان، سورەیا و ئەوان دەدۆزێتەوە و خێزانەکە کۆ دەبنەوە. دوای ئەوە پوورم دەچێت و دەبێتە کەفیلیان، لە کەمپ دەریان دەهێنن و دەیانبەنە تاران.
 
تۆ کەی چوویت بۆ لایان؟ 
دایکم قاچی کە ئەو هەموو برینەی پێوە بوو، تووشی گانگەرین بووبوو، پەنجەیەکیان بڕیبووەوە. براکەم تەلەفۆنی کرد و وتی: فریام بکەوە، پزیشکەکان دەیانەوێت قاچی دایکم ببڕنەوە، من نازانم چی بکەم؟ ئیتر منیش بەپەلە ڤیزەم وەرگرت و دەرمانی پێویستم کڕی و چووم بۆ تاران. لەوێ تووشی کێشە بووم؛ سامیی برام لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چووبوو بۆ سوید، ئەو ناوی "سامی"یە و منیش ناوم "سامیە"یە، بەپێی سیستمی ئەوان ئەگەر یەکێک بچووبایە بۆ ئەوروپا، نەدەبوایە بگەڕێتەوە بۆ ئێران. پێیان وتم: تۆ سامیت و بۆت نییە بگەڕێیتەوە بۆ ئێران، داخڵ نابیت. دواتر وتیان: دەتگەڕێنینەوە بۆ عیراق. وتم: بمکوژن و مەمگەڕێننەوە بۆ عیراق.
 
چۆن لەوە رزگارت بوو؟ 
کوڕی پوورەکانم لەگەڵ کونسوڵی سووریا وەرگێڕ بوون، کونسوڵ بوو بە کەفیل کە من لە سووریا ئیش دەکەم و لە عیراق نیم، بڕیاریان دا بە فڕۆکەی شەش و نیوی بەیانی بمنێرنەوە بۆ سووریا.
بوو بە کاتژمێر شەش، پۆلیس هاتن بەدوامدا و لەبەردەم کارمەندی فڕۆکەخانە وتم: بەس بزانم ئێمە گوناحمان چییە!؟ بە کوردی قسەم دەکرد، عیراق دەڵێت ئێوە ئێرانین، ئێران دەڵێت ئێوە عیراقین. بەس بزانم باپیرانمان کێن بۆ ئەوەی خۆمان ساخ بکەینەوە. کارمەندەکە کە کورد دەرچوو، وتی: ئەگەر فریا دەکەون، خێرا دایکت بهێنە بۆ ئێرە. بەنەخۆشیی دایکمیان هێنا، لە حاڵەتێکی زۆر خراپدا بوو، دیسانەوە هەر نەیانهێشت و کوڕە پوورەکانم وتیان: بابە وەڵڵا لە پیشەسازیی سەربازی لە سووریا کار دەکات و پەیوەندی بە عیراقەوە نییە. دوای چەندوچۆنێکی زۆر وتیان: بڕۆن.
کاتێک چوومە ماڵی پوورم، بینیم باوکم، پوورم، مێردی پوورم هەموویان لەسەر جێگە کەوتوون، هەریەکە بە دەردێکەوە دەناڵێنێت. ئیتر من ئەرکەکانی خۆمم دەست پێ کرد؛ پزیشکێکم دەناسی، پزیشکی پێشمەرگەش بوو لە کوردستان، ناوی یەزدان بوو، پزیشکی نەشتەرگەری بوو، ئەوەی بۆی دۆزیمەوە، برای حەبیب کەریم بوو، وتی: سامیە دایکت ببە بۆ لای ئەو پزیشکە، زۆر باشە. کە بردم، وتی: دایکە ناهێڵم قاچت ببڕنەوە. کەوتە چارەسەرکردنی. منیش خەریکی ئەوراقیان بووم بۆ ئەوەی بیانبەم بۆ سووریا، وتم ناهێڵم لەوێ بن.
 
توانیت بیانبەیت بۆ سووریا؟ 
بەڵێ، بەڵگەنامەکانیانم تەواو کرد و بردمن بۆ سووریا، لە سووریاش لە لای خۆم دامنان و خۆشم کارم دەکرد. رۆژێکیان باوکم منی بردە لایەکەوە وتی: هەست دەکەم ئەرکێکی زۆر قورسم خستووەتە سەر ئێوە، لەبەر ئەوە شوقەیەک دەگرین و خۆم کرێکەی دەدەم. منیش وتم: من ئەم بڕوانامەیەم چۆن دەبوو ئەگەر تۆ نەبوویتایە، ئەوەندەت خزمەت کردووین و بە ناز بەخێوت کردووین، هەرچیت بۆ بکەم هێشتا ناتوانم کەمێکیش پاداشتت بدەمەوە. ئیتر قەناعەتی کرد. 
 
 تا کەی بەیەکەوە بوون؟ 
بەداخەوە، ئەوەندەی نەخایاند ئەو رۆژەی لە دوورگەی مەجنونیان دا، لە خۆشیاندا هاواری دەکرد "دەگەڕێینەوە... دەگەڕێینەوە..." دەمویست هێوری بکەمەوە، هێور نەدەبووەوە، دوای کەمێک جەڵتە لێی دا و بەپەلە پزیشکمان هێنا، دوو دەرزی لێ دا و کەمێک باشتر بوو، بەڵام جارێکی تر جەڵتە لێی دایەوە، دوای چەند رۆژێک بردمانە نەخۆشخانە و گەڕاندمانەوە بۆ ماڵەوە و کۆچی دوایی کرد.
 
لەکوێ ناشتتان؟ 
بردمان بۆ شام ناشتمان.
 
دوای ئەوە دایکت دۆخی چۆن بوو؟ 
براکەم لە سویدەوە هات، وتی: ئیتر لێرە جێیان ناهێڵم، دایکم پێویستی بە چارەسەرە، دەبێت بیبەم. ئیتر دایکمی برد بۆ سوید، ئەویش دوای ساڵێک لەوێ کۆچی دوایی کرد.
 
هەست بە چی دەکەیت کە بەو شێوەیە گۆڕی هەریەکێک لە ئازیزانت کەوتوونەتە وڵاتێک و دوورن لە یەک؟ 
زۆر جار بیر دەکەمەوە و بە خۆم دەڵێم؛ سەیری ئەم حاڵە بکە کە کوردی تێ کەوتووە، بەتایبەتییش کوردی فەیلی، تەنانەت گۆڕەکانیشمان هەریەکە لە وڵاتێکن و گۆڕبزریان کردین. نەنکم لە بەغدا نێژراوە، کە پێش تەسفیرات کۆچی دوایی کرد. باوکم لە شامە، دایکم لە سوید، خاڵم لە ئێران، پوورم لە هۆڵندا، ئەمانە ئەو کەسانە بووین کە بەیەکەوە دەژیاین لە ماڵێکدا. گەر بمانەوێت بچینە سەردانی گۆڕەکانیان، دەبێت بە ئازار و حەسرەتەوە وڵات بە وڵات بگەڕێین.
 
*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.
 
خ.غ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد