ئابووری
نوێترین راگهیهندراوى حكومهتى ههرێم لهسهر چهند پرسێكى گرنگ "مووچه"
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژهى بهوهكرد "پرسی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و بەبانکیکردنی مووچە، بەربەست بوون لەوەی تاوەکو ئێستا مووچە نەهاتووە، و هەردوو بەربەستەکە نەماوە و چاوەڕێن لە زووترین کاتدا وەزارەتی دارایی عیراق مووچە رهوانه بكات".
ئهمڕۆ 8ى ئایارى 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووهوه و چهند پرسێكى گرنگ باسی لێوه كراوه لهوانه (مووچە، هەژماری من و بەگرێبەستکردنی فەرمانبەران و چەند پرسێکی تریش) كه له راگهیهندراوێكدا تهواوى ناوهڕۆكى كۆبوونهوهكهى ئاشكراكردووە.
دەقی راگەیەندراوەکەى حكومهتى ههرێم:
بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، نیگەرانیمان بەرامبەر سووتانی بازاڕی دێرینی قەیسەریی هەولێر و هاوخەمیمان لەگەڵ زیانلێکەوتووان دەربڕی و دووپاتمان کردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ڕاسپاردووە لێکۆڵینەوەی پێویست لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکە بکەن، لە هەمانکاتیشدا سوپاسی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری و ئاسایش و پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆمان کرد و جەختمان لە پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و ڕێکارەکانی پاراستن و سەلامەتی لە سەرتاسەری هەرێم کردەوە بە تایبەتی لە شوێنە گشتیەکان بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوە دڵتەزێنانە. هەروەها ئاماژەشمان بەوە دا کە هەوڵ دەدەین بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و ڕێکخراوی یۆنیسکۆ، ئەو بازاڕە مێژوویی و شوێنەوارییە نۆژەن بکرێتەوە.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و ئەنجامی دوا کۆبوونەوەی شاندی تەکنیکی هەردوولا لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەکان و بەبانکیکردنی مووچەی هەرێم .
دووپاتمان کردەوە کە هەرچی ئەرک و پابەندییە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێی کراون و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و چیتر هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی، نەبێتە ڕێگر لەبەردەم ناردنی مووچە.
دواتر لەلایەن بەڕێز ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران کە حەفتەی ڕابردوو سەرۆکایەتی شاندێکی تەکنیکی حکومەتی هەرێمی کرد بۆ بەغدا ، ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەنجامی سەردانەکەیان و گفتوگۆکانیان لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە دەستپێشخەرییەکانی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ و بەدواداچوونەکانیان بۆ خەرجکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی نیسان و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە خەرجیی تەشغیلی وپڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێمەکان بە گوێرەی خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجە خستەڕوو، کە چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی کۆبونەوەکانی بەغدای تێدابوو.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و شاندەکەی، جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵیی بەجێگەیاندووە و بەردەوام تەرازووی پێداچوونەوە( میزان المراجعه)ی مانگانەی خۆی بە پەسەندکراوی ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە زانیاری تەواو لەسەر داهات و خەرجییەکان و ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بە هەموو داتا و زانیارییەکان و جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە گوێرەی یاسای بودجە، ئیتر چاوەڕێین حکومەتی فیدڕاڵ لە زووترین کات، بڕیاری خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم بدات لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر.
سەبارەت بە بابەتی بەبانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێمیش، بەڕێز عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران، وردەکاری و ڕوونکردنەوەی پێویستی لەبارەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە خستەڕوو. ئاماژەی بەوە دا کە لە لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) ڕێککەوتین ئەو بانکەش بەشداربێت لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەژماری من، پرۆسەکەش بەردەوامە.
ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەشداریکردنی بانکی بازرگانی عێراق لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە بانکێکی حکومی فیدڕاڵیە.
سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر لە ناردنی زانیاری پێویست لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی تیمی تەکنیکی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی هەرێم وپێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست لەمبارەیەوە.
بڕگەی دووەم گفتوگۆکردن بوو لەبارەی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان گەیشتۆتە 30 هەزار و 672 فەرمانبەر، کە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکی هاوبەش لەلایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکرابوو و وردەکارییەکەی لە لایەن سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنەوە خرایەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ داخوازی فەرمانبەرانی گرێبەست کە هێزێکی کاری بەرچاون لە ناو دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم و بە گرنگیەوە لە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیان دەڕوانێت، لەم ڕوانگەیە و لە پێناوی گەڵاڵەکردنی بڕیارێکی دروست لەمبارەیەوە لە ڕوویی یاسایی و کارگێڕیی وداراییەوە تا ئەم فەرمانبەرانەش، هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەکانیان پارێزراو بێت، ئەنجومەن بڕیاریدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی مەرج و ڕێکار و میکانیزمی گونجاو بۆ بەهەمیشەییکردنی ئەو فەرمانبەرانە بكات کە بە ڕێکارە یاساییەکان دەتوانن ببنە هەمیشەیی و پێویستە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەش لە ماوەیەک کە لە 15 ڕۆژ تێپەڕنەکات تەواو بکرێت و دواتر بخرێتەوە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات.
لە کۆتاییدا بەڕێز بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاپۆرتێکی پوختی پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران کرد لەبارەی ئەنجامی سەردانی ئەمدواییەی شاندی وەزارەتەکەیان بۆ بەغدا تایبەت بە بابەتەکانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێم و بەگەڕخستنی پڕۆژەکانی بەنداو لە هەرێم و برەودان و دروستکردنی پڕۆژەکانی ئاودێریی لە هەرێم و سوود وەرگرتنی جووتیاران لە دەرفەتەکانی خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو و شاندی وەزارەتەکەی بۆ هەوڵ وماندووبونیان، جەختیکردەوە کە ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە مافە دەستووریەکانی هەرێم دابین بکات لە سوودمەندبوون لە پڕۆژەکانی بەنداو و ئاودێریی و داکۆکیکردن لە ماف وشایستەکانی جووتیارانی هەرێم لە بەغدا بۆ وەرگرتنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم وسوودمەندبوونی جووتیاران لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە کشتوکاڵیانەی لە بەغدا بۆ جووتیارانی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەستەبەر کراون.
پ ح ع