مەشخەڵ  كەوڵۆسی

مەشخەڵ كەوڵۆسی

پەرلەمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان

لەمڕۆژانەدا دۆخێكی نەخوازراو یەخەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتووە، بارێكی قورس، شەڕێكی جیهانی، هیچ كۆمەڵگە و حوكم و ئابوورییەك نامێنێتەوە لەژێر كاریگەرییەكانی ئەو شەڕە جیهانییە بەدەربێت و، پریشكی بەرنەكەوێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا، زووبەزوو بەخۆی كەوت و هەندێك ڕێوشوێنی زۆر گرنگی گرتەبەر لەپێناوی پاراستنی خەڵكی كوردستان. ئەوە لەكاتێكدابوو كەلەوڵاتانی پێشكەوتووی وەك بەریتانیا و ئیتاڵیا، حكومەتەكان وەخۆ نەكەوتن و پێرەوییان لە سیاسەتی "بەرگری سروشتی" دەكرد.

ئەوان دەیانویست نەخۆشیەكە بەشێوەی سروشتی تەشەنە بكات و سوڕیی خۆی لەناو هاووڵاتییاندا تەواو بكات. بەڵام كاتێ قەبارەی كێشەكەیان بۆ دەركەوت، پاشەكشەیان كرد بەكۆڵێك زیانەوە. زیانی قورسی گیانی، مردن بەهەزاران!.  ئیستا گەڕاونەتەوەو هەمان ئەو ڕێكارانە پێڕەو دەكەن كەحكومەتی كوردستان دوو هەفتە پێش ئەوان بڕیاری لێیانداو پێڕەوی كردن!.
ئەوە ڕاستییەكە كە هەمووان بەچاوی سەر بینیمان و نێردە دیپلۆماتییەكان و ڕێكخراوە بیانییەكانیش گەواهییان بۆدا. یانی یەكەمجارە كورد و ئەزمونی كوردستان، بتوانێت پێشوەخت مامەڵە لەگەڵ كێشەیەكدا بكات و هەوڵ بدات بەكەمترین زیان لێی دەرچێت! بۆ ئەوە، تەنانەت لەپێشی ئەو وڵاتانەشەوە بێت كە خۆمان بینیمان!.

بەڵام ئایا هەرێمی كوردستان ئیتر ئەتوانێ بێخەم بێت و هیچ كێشەیەكی تری لەبەردەمدا نیە؟ بێگومان نەخێر. چونكە تەنانەت وڵاتێكی زەبەلاحی وەك ئەمریكا، ناچاربووە لەژێر كۆڵێ قورسی ئابورییدا بڕی 2.2 تریلیۆن دۆلار چاپ بكات. 
پرسیارە جەوهەرییەكە ئەوەیە: حكومەتی كوردستان كە دەستەڵاتەكانی تەواو سنوردار، نرخی نەوت دابەزیوە، مافی  قەرزكردنی لەهیچ بانك و دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی نیە، خودی عێراق لەژێر قورسترین دۆخی دارایدایە، هەرێمی كوردستان دەستەڵاتی چاپكردنی دراویشی نیە، كەواتە بەو پێگە یاساییەوە، دەتوانێت بێ زیان لەژێر كۆڵە قورسەكە دەرچێت؟ بێگومان نەخێر.

لەم سۆنگەیەوە، دەبێ چاوەڕوانی ئەوەنەبین هیچ گوشارێك نەكەوێتە سەر حكومەت و كۆمەڵگەی كوردستان، بەڵكو هەوڵ بدەین و پلانمان هەبێت بۆ كەمترین زیان!. كەمترین زیانەكەش قبوڵ بكەین وەك تەحسیل حاسڵ!.
كەچی ئەوەی جێگەی سەرنجە، دەبینین خواستێك هەیە بۆ قۆستنەوەی كێشەكانی كۆرۆنا و دەكرێتە كارتی سیاسیی. بۆ ئەوەش ماكینەیەكی تایبەت لەمیدیاو سۆسیالمیدیا بەرهەمهێنراوە. پەلاماری هەر لۆژیك و كەسێك ئەدرێت كە بیەوێت بە واقیعی باس لەكێشەكانی كۆرۆنا بكات.

ئەمجارەیان جیاواز لە جارەكانی تر، ئەو ماكینەیە باكگراوندێكی مەعریفی و قاڵبێكی هونەری نیە كاتێ دەست بۆ بەكارهێنانی كۆرۆنا دەبات وەك كارتی گوشار لەدژی حكومەتی هەرێم. چونكە خودی كۆرۆنا كێشەیەكی جیهانییەو گەورەیە بەرادەیەكی چاوەڕوان نەكراو.ئەوەش وایكردووە هەر جۆرە هەوڵێك بۆ ئیستغلالكردنی لەگەڵ كێشەكەدا وێك نەیەتەوە.
 لەلایەكی تریشەوە، مەعریفەی كارەكتەرەكانی ئەو بوارە زۆر لاواز دەردەكەوێت، بەئەندازەی هەژاریی لە تێگەیشتنی كایە یاسایی و دەستورییەكانی پرۆسەی دەوڵەتداری و كاری پەرلەمانی وحكومیدا.

بەنمونە: بەئەنقەست تێكەڵاوكردنی دەستەواژەكان، وەك ئەوەی لەچەندین بۆنە و نوسراودا دیومانە دەنوسن" پەرلەمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان" بەوەش دەویسترێ كارتەكان و كایەكان تێكەڵ بكرێن و، ئاراستەی لایەنێك بكرێن. دەنا خۆ ئەوە ئەلفوبای ڕۆشنبیریی دەوڵەتدارییە كە پەرلەمان و حكومەت دوو دامەزراوەی جیاوازن! یانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان تەواوە نەك پەرلەمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. بەڵام بەكارهێنانی یەكەمیان بۆ ئەوەیە وەك گوتمان كارتەكان تێكەڵ بكرێن و لەو كایانەشدا كەپەرلەمان " بەتایبەتی لەدوای لێدوانەكانی جەنابی سەرۆكی پەرلەمان بۆ بەرنامەی تاوتوێی NRT شەوی 31/3/2020" ئیدی هاوڵاتییان توڕەییەكانیان لەسەر پەرلەمانیش ئاراستەی حكومەت بكەن!.

ئەم تێكەڵاوكردنی كارتە، لەلایەكەوە لەگەڵ ئەلفوبای ڕەخنەی زانستیدا ناگونجێت و دیماگۆژیەتێكی ئاشكرایە و هەژاری مەعریفی بەكارهێنەرەكەی دەسەلمێنێت، لەلایەكی تریشەوە هەوڵێكی نێگەتیڤە بۆ قۆستنەوەی لێكەوتەكانی كۆرۆنا بۆ مەرامی سیاسی. بێگومان هیچكام لەمانەش لەگەڵ دۆخی ئێستای كۆمەڵگەی كوردستان و ئاستەنگەكانی دوای كۆرۆنادا ناگونجێن، لەكاتێكدا ئێمە بمانەوێت بەكەمترین زیان، بەقبوڵكردنی هەندێك زیان بەناچاری قایل بین و لەم كێشە جیهانییە دەرچین.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan