مەشخەڵ  كەوڵۆسی

مەشخەڵ كەوڵۆسی

پرۆژەكەی مامۆستا عەلی باپیر و چەند پرسیارێك

پرۆژەكەی جەنابی مامۆستام خوێندەوە "پرۆژەیەكی دڵسۆزانەی روون، بۆ پاراستنی هەرێم لەپتر پوكانەوە و لەنێوچوون"، ئەم تێبینییە سەرەتاییانەم لا دروست بوو: 

یەكەم: هەست دەكەم لەناو كۆمەڵدا یەك گوتاری بەرانبەر بە قەوارەی هەرێم نیيە و سەبارەت بەم پرسە و "چەند پرسێكی تریش" براكانمان لە كۆمەڵ دابەش بوون، چونكە ئەم پرۆژە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ماوەیەك پێش ئێستا هاوڕێمان كاك "سۆران عومەر" داوای هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی كرد! ئەوەش پێچەوانەی ئەوەیە كە پێمان وابوو كۆمەڵ سەبارەت بە پرسەكان یەك گوتارن، یان دوور نیيە كاك سۆران لە پۆلی مەلەكان دەرچووبێت و بە تەنيا بخوێنێت! 

دووەم: مامۆستا لە بەشێكی زۆری پرۆژەكەدا باسی كتێبەكانی خۆی دەكات، ئەگەرچی مەبەست بیرخستنەوەی خوێنەرە بۆ ئەو كتێبانە و جۆرێك لە رێكلامە بۆ ئەوەی خوێنەر بگەڕێتەوە سەریان، بەڵام دیارە لە هیچكام لەو كتێبانەدا دیدێكی ئیسلامی بۆ دروستكردنی حوكمێكی رەشید تیۆریزە نەكراوە، تەنيا باسی چەند پرةنسیپێك كراوە كە هەمووان بەردەوام وەك تایتڵی گشتی باسیان دەكەین. 

سێیەم: جەنابی مامۆستا قسەی گشتی دەكات، نایەوێت یان ناتوانێت بە داتا و بە وردی و چڕی بێتە سەر میكانیزمی چارەسەر! هەمووان دەزانین دادگەری زۆر باشە، بەڵام بەگوێرەی ئەزمونی مێژووی مرۆڤایەتی، دادگەری پرسێكی رێژەییە، مامۆستای بەڕێزمان خۆی نادات لە قەرەی ئەوەی ئەو پرسە رێژەییە چۆن پیادە بكرێت، تەنيا دەڵێت "پیادەكردنی دادگەری" دەی ئەوە هەموو كەس دەیڵێت و شتێكی تازە نیە! 

چوارەم: مامۆستا باسی حوكمی رەشید دەكات، لە دوو یان سێ جێگەدا ئەو دەستەواژەیە دووبارە دەكاتەوە، بەڵام میكانیزمی پیادەكردنی باس ناكات. ئەسڵەن حوكمی رەشید بەگوێڕەی دیدی ئیسلامییەكی وەكو جەنابی مامۆستا چۆنە؟ تیۆری ئیسلامی بۆ حوكمی رەشید چۆنە؟ كەوشەنەكانی كامانەن؟ بنەما فەلسەفییەكانی چۆن ويَناكراون؟ نموونەی بەرجەستەمان پێ نادات. 

پێنجەم: لە جێگەیەك لە كۆتایی پرۆژەكەدا دەفەرمووێت: بێ ئومێدم لە سیكۆلاریستەكان.. كەواتە ستراتیژێك هەیە بۆ حوكمی ئاينى، یان وەلانانی سێكۆلارستەكان و ئەوەش مەترسی ناوخۆیی و كێشەی نێودەوڵەتی و تەنگژەی فیكری و فەلسەفی لەدواوەیە بۆ كوردستان. هەر بەجیدی ئایا پرۆژەی جەنابی مامۆستا وەلانانی سیكۆلارەكانە؟

 شەشەم: لە جێگەیەك دەفەرمووێت: زۆرینەی جەماوەر هەڵوێستیان نیيە! لێرەدا پێوەرەكانی خۆی بۆ هەڵوێست دەگشتێنێت و ئەوەش دیدێكی شمولی مەترسیدارە. یان وەك ئەو بیر دەكەیتەوە یان بێ هەڵوێستی. 

دواجار: وەك خۆی دەفەرمووێت زۆری لەخۆی كردووە ئەو چەند دێڕە ئینشاییەی نووسیوە كە هیچ بنەمایەكی پرۆژەی زانستی و بە ئاماری تێدا نیيە و تەنيا وەك وتارێكی سەر دوانگەی مزگەوتەكان نووسراوە. نەك شێوازی زانستی و پرۆپۆزەلی خاوەن داتا.ئەوەش رێك ئەو پەندە كوردییەی بەسەردا دەبڕێت كە دەڵێت: بە زۆر بینێرن بۆ مازوو، بە داردا ناڕوانێت! پرۆژەكەی مامۆستا بە زۆر لەخۆكردن نووسراوە، بۆیە بەداری چاكسازی كردەیی و بە داتادا نەیڕوانیوە. 

دواتر دەپرسم: ئایا فەنتازیایەكی سەیر نیيە پێت وابێت بە چەند دێڕێك كە زۆر لەخۆت بكەی بینووسیت، ئاریشەی قوڵی ئیداری و سیاسی و ئابووری و كۆمەڵايەتي هەرێمێك چارەسەر بكەیت بەبێ ئەوەی بچیت بەلای بچوكترین داتا و میكانیزم و وردەكاریدا؟

 قسەی تریش.. جارێ هێندە بەسە.

*سه‌رۆكی ناوه‌ندی چاوی كورد بۆ په‌ره‌پێدانی سیاسی

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan