ئابووری

حكومه‌تى هه‌رێم فرۆشتنى غازى كۆرمۆر به‌ به‌غدا هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

مەودا میدیا - سلێمانی |


حكومه‌تى هه‌رێم فرۆشتنى غازى كۆرمۆر به‌ به‌غدا هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

مه‌ودا میدیا-

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بەپێی گرێبەستی نێوان ئێمە و كۆمپانیای دانەگاز تاوەكو حكومەتی هەرێم پێویستی بە غازی كۆرمۆر هەبێت، هیچ لایەنێكی تر ئەولەویەت نییە غازی پێبدرێت و پێیبفرۆشرێت.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند "كێڵگەی غازی كۆرمۆر بەگەورەترین كێڵگەی غازی سروشتى له‌ سەر ئاستی عیراق دادەنرێت و  رووبەری كێڵگەكە 1350 كیلۆمەتر دووجایە و خاوەنی 8.2 تریلیۆن سێجا یەدەگی غازی سروشتییە".

وتیشى "لە ئێستادا رۆژانە 550 ملیۆن پێ سێجا غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر بەرهەمدەهێنرێت و 67% ی كارەبای هەرێمی كوردستان دابین دەكات، هەروەها لەم كێڵگەیەوە 1200 مێگاوات كارەبا دەدرێتە پارێزگاكانی موسڵ و كەركوك".

كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی پلانی هەبوو تا چەند ساڵێكی تر، بڕی بەرهەمهێنانی گاز لە كێڵگەی كۆرمۆر بگەیەنێتە 1500 ملیۆن پێ سێجا، ئەم بڕە گازە بەشی هەرێمی كوردستان دەكات و دەتوانرێت ڕەوانەی عێراقیش بكرێت، بەڵام بۆردومانكردنی كێڵگەكە لەلایەن گرووپە میلیشیاكانەوە وایكرد نەتوانن پلانەكە جێبەجێ بكەن.

باسى له‌وه‌شكرد "هێشتا غازی كۆرمۆر پێداویستی ناوخۆی هەرێم پڕناكاتەوە لەكاتێكدایە، دەوترێت گفتووگۆ لەنێوان حكومەتی عیراق و كۆمپانیای نەوتى هیلالی ئیماراتی دروستبووە بۆ فرۆشتنی بەشێك لە غازی كێڵگەی كۆرمۆر بە عیراق، گوایە كۆمپانیاكە بە نرخی 40% كەمتر لە غازی ئێران بە عیراق دەیفرۆشێت".

ع،ه
Qaiwan
Qaiwan