کوردستانی

حكومه‌تى هه‌رێم: پەلە بکەن لە ناردنی لیستی مووچە بۆ مانگی شەش بۆ بەغدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


حكومه‌تى هه‌رێم: پەلە بکەن لە ناردنی لیستی مووچە بۆ مانگی شەش بۆ بەغدا

مه‌ودا میدیا-

ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێم، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، پرسى مووچە و باشترکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و پرۆسەی حەجی ئەمساڵی تاوتوێ کرد و له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

رۆژی (26ی حوزەیرانی 2024)، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، راپۆرتێک لەبارەی رەوشی ئێستای خزمەتگوزاریی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاوین و هەوڵەکانی وەزارەت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا لەم وەرزەدا لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا خرایەڕوو.

وەزیری کارەبا ئاماژەی بە پلان و بەرنامەکانی وەزارەتەکەی کرد بۆ زیاترکردنی بڕی کارەبای بەرهەمهێنراو لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، ئەمەش ئەنجامی چاکسازیی لە کەرتی کارەبا بووە.

وەزیری کارەبا باسی لە هۆ و ئەگەرەکانی کەمیی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا لە وەرزی هاویندا کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە خواستی کارەبا لەم مانگەدا 4800 میگاواتە بەڵام بەرهەمهێانی کارەبا 3989 مێگاوات بووە کە دابەشکراوە بەسەر شارەکاندا و بە تێکڕا نزیکەی 13 کاتژمێر کارەبای نیشتمانیی دابینکراوە لەم مانگەدا، لە هەمان کاتدا وەزیری کارەبا هۆکانی کەمیی کارەبای خستەڕوو کە بریتین لە کەمیی غازی سرووشتی پێویست بۆ بە بەگەڕخستنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و گەشەی ساڵانەی هاوبەشانی کارەبا و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا.

لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا، وەزیری کارەبا چەند پێشنیازێکی خستەڕوو بۆ باشترکردنی ئەم خزمەتگوزارییە.

ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبای ئاراستەی وەزارەت و لایەنەپەیوەندیدارەکان کرد بۆ گرتنەبەری رێکاریی پێویست.

لە تەوەرێکی دیکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازێکی وەزیری کارەبای پەسەند کرد سەبارەت بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داشکاندنی رێژەی %20 ی پارەی کەڵەکەبووی کارەبای هاوڵاتییان و بڕیاردرا تا 2024/7/31 رێژەی داشکاندنی سەرەوە بەردەوام دەبێت .

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە راپۆرتێک لەلایەن پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی رێورەسمی ئەمساڵی حەج و رێکارەکانی وەزارەت لەم بارەیەوە. هەروەها بابەتی مردنی ژمارەیەک لە حاجییانی هەرێمی کوردستان.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی دا بەوەی کە ژمارەی حاجییانی هەرێم 4685 کەس بوون و وەزارەت لە رێگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج وبەرپرسی نووسینگەی حەج لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم، بەرپرسیار بوون لە سەلامەتی و هاتوچۆ و گواستنەوەی حاجییان بۆ سعودیە و چاودێریی دابینکردنی شوێنی حەوانەوەیان و نانخواردنیان و سەلامەتی و سەرپەرشتی کردنیان، هەروەها تیمی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم هاوەڵی حاجییانی هەرێم بوون بۆ پاراستنی سەلامەتی تەندروستییان. سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم پاڵپشتی داراییشی تەرخان کردبوو بۆ حاجییان.

سەبارەت بە گیان سپاردنی ژمارەیەک لە حاجییانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران دڵگرانیی و سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبووان دەربڕی و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیشی راسپارد کە بە هەماهەنگی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە هۆکانی گیان لە سپاردنی ئەو حاجییانە بکۆڵنەوە و هەموو رێکارێک بگرنەبەر بۆ رێگریی لە دووبارەبوونەوەی ئەم رووداوە دڵتەزێنانە لە ساڵانی داهاتوودا.

هەر سەبارەت بەم بڕگەیە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی راپۆرتێکی خستە روو سەبارەت بە رەوشی تەندروستیی حاجییانی هەرێم لە ساڵی 2024 ئەویش لە رێگەی دابینکردنی ستافێکی تەندروستیی لە پزیشکانی پسپۆڕ و کارمەندانی تەندروستیی کە هاوسەفەری حاجییان بوون بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بە حاجییان.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوە ، گفتوگۆ لەبارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مووچەی هەرێمی کوردستان و رێکار و میکانیزمی جێبەجێکردنی پابەندییەکان لە بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵ کرا؛ لەوانە، لیستی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێم، پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم، بەبانکیکردنی مووچە ، بابەتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی یەکگرتووی سەرجەم دامەزراوەکان، بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتی مانگانەی هەرێم و بابەتی رێکخستنەوەی مینحەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، کورتەیەکیان دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکانی بابەتەکانیان خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە کە خوازیاری چارەکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە، سەرجەم وەزارەتەکانیش راسپێردران کە پێویستە بەردەوام بن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاکی هەرێم لە کاتی خۆیدا و بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی و هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە. سەبارەت بە مووچەی مانگی پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکانیش، داوا کرا کە وەزارەتی دارایی عیراق، بە زووترین کات مووچەکانیان خەرج بکات بە تایبەتیش کە لە دوا هەنگاودا، حکومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرجەم داتا و زانیاریی پێویست ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کردووە و هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەکانیان نەماوە. ئەنجومەنی وەزیران هەروەها وەزارەتی دارایی وئابووری راسپارد پەلە بکەن لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 6 بۆ بەغدا و هەروەها ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ ئەژمێری وەزارەتی دارایی عیراق.

لە کۆتاییدا سەبارەت بەدیاریکردنی رۆژی 2024/10/20 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێشوازی کردن لەو فەرمانە هەرێمییە، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری پێشوازیکردنەکەی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ، پێشوازیی لە راگەیاندنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا.

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان