کوردستانی
ناوچه گه‌شتیارییه‌كان پابه‌ندى بڕیارێكى نوێ ده‌كرێن
مەودا میدیا - سلێمانی |
مه‌ودا میدیا-
دواى ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیاریدا له ناوچه گه‌شتیارییه‌كاندا گۆرانى و میوزیكى كوردى لێبدرێت، گه‌شتوگوزارى سلێمانیش جه‌خت له جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه ده‌كاته‌وه و رایده‌گه‌یه‌نێت "ئه‌وان كارى له سه‌ر ده‌كه‌ن و له رێگه‌ى لیژنه‌كانیانه‌وه به دواداچوونى ته‌واوه‌تى له سه‌ر ده‌كه‌ن".
به هۆى ئه‌وه‌ى له ناوچه گه‌شتیارییه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا زۆرجار گۆرانى و میوزیكى بیانى لێده‌درێت، بووه‌ته مایه‌ى نیگه‌رانى دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و وه‌ك سەرۆکی ده‌سته‌كه ئاماژه‌ى پێداوه، دوای بەدواداچوونیان بۆیان دەرکەوتووە زۆرینەی بنکە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر میوزیکی بیانی پەخش دەکەن و دیوارەکانیان بە تابلۆی هونەرمەندانی بیانیی و وێنەی وڵاتانی تر رازاندووه‌تەوە، كه ئه‌مه‌ش مایەی نیگەرانی و هەڵوەستە لەسەرکردنه".
ئه‌وه‌ش واى كردووه، سه‌رۆكى ده‌سته‌كه، داوا لە بنکە و ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بكات، گۆرانی و میوزیکی کوردی پەخش بکەن و تابلۆی هونەرمەندانی کوردستان هەڵبواسن.
له باره‌ى به‌دواداچوون و چۆنێتى گرتنه‌به‌رى رێكاره‌كانى جێبه‌جێكردنى داواكه‌ى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێميش له ناوچه گه‌شتیارییه‌كانى سنوورى پارێزگارى سلێمانى، داسیار محه‌مه‌د، له به‌شى راگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیی گه‌شتوگوزارى سلێمانى بۆ مه‌ودا میدیا رایگه‌یاند "بۆ جێبه‌جێكردنى هه‌ر بڕیارێك ئه‌وان پشتبه لیژنه‌كانیان ده‌به‌ستن و هه‌فتانه و مانگانه به‌پێی پێویست سه‌ردانى شوێنه‌كان ده‌كه‌ن و له رێگه‌ى لیژنه‌كانیانه‌وه پشكنین ده‌كه‌ن".
وتیشى "ئه‌و بڕیاره‌ش كارى له سه‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك كاتى پێویسته تاوه‌كو به ته‌واوى جێبه‌جێبكرێت".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "ئه‌وان هه‌وڵى ئه‌وه ناده‌ن به ته‌واوى رێگرى له بابه‌ته بیانییه‌كان بكه‌ن، به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌ن گرنگى زیاتر به بابه‌ته كوردی و ره‌سه‌نییه‌كان به‌درێت و ناوچه گه‌شتیارییه‌كان مۆركى كورده‌وارییان پێوه دیار بێت".
پ ح ع