کوردستانی

مەسعود بارزانی: ئەو دۆخەی بە ناهەق بەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە، كۆتایی بێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەسعود بارزانی: ئەو دۆخەی بە ناهەق بەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە، كۆتایی بێت

مه‌ودا میدیا-

مەسعود بارزانی، لەیادى 10 ساڵەی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزدییه‌كان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایده‌گه‌یه‌نێت"ئەو تاوانە هاوشێوە و درێژەكراوەی ئەو جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانەیە كە بە درێژایی مێژوو بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراون".

ده‌شڵێت "رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێبكرێت و ئەو دۆخە نایاسایی و نائاساییەی 10 ساڵە بە ناهەق بەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە، كۆتایی بێت".

دەقی پەیامه‌كه‌ى:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جینۆسایدی شنگال و، ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش دە ساڵ بەر لە ئێستا دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا برینێكە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان. ئەو تاوانە هاوشێوە و درێژەكراوەی ئەو جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانەیە كە بە درێژایی مێژوو بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراوە. خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و دڕندەیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران.

لە دەیەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و، سڵاو بۆ گیانی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەنێرین كە بۆ شكاندنی ئابڵۆقەی چیای شنگال و ئازادكردنی شاری شنگال خوێنیان بەخشی و سەری داعشی دڕندەیان خستە ژێر پێی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و تۆڵەی ئەو ناهەقی و زوڵمەیان لە تیرۆریستان كردەوە.

لەو یادە دڵتەزێنەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە بەهەموو توانایەك پاڵپشتی ماف و داواكاریی خوشك و برا ئێزیدییەكان و دانیشتوانی دەڤەری شنگالین. پێویستە ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت و ئەو دۆخە نایاسایی و نائاساییەی 10 ساڵە بە ناهەق بەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە كۆتایی بێت. پێویستە كۆتایی بەوە بێت لایەنەكان ژان و ئازارەكانی شنگال بۆ مەرامی سیاسی و خۆسەپاندن و ئاڵۆزتركردنی دۆخی شنگال بەكار بهێنن و دەبێ ڕێگە بدرێت خوشك و برا ئێزیدیەكانمان لە شنگال بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە ئاشتی و ئارامیدا بژیین.

مەسعود بارزانی
03-08-2024

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان