کوردستانی
نرخی زەوی و خانوو لەو شارەی كە پێشتر ئاگری دەكردەوە بە تەواوی دابەزیوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەهۆی زۆربوونی پرۆژەكانی نیشتەجێبوونەوە لە كەلار لە ماوەی یەك ساڵدا نرخی زەوی و خانوو بە تەواوی دابەزیوە و كڕین و فرۆشتنیش بە تەواوی كزبووە.
سەرخێڵ حاجی حەمید، خاوەنی یەكێك لە نوسینگەكانی كڕین و فرۆشتن لە شاری كەلار بە مەودا میدیای راگەیاند "لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا لە شاری كەلار ژمارەیەكی زۆر پرۆژەی نیشتەجێبوون كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كە نرخی زەوی و خانوو بە تەواوی دابەزێت".
وتیشی "لە ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەلانی كەم 10 هەزار دۆلار، واتا یەك دەفتەر لە نرخی هەر زەوی و خانوویەك لە شاری كەلار دابەزیوە، بەشێوەیەك ساڵی پار زەوییان فرۆشتووە بە 60 هەزار دۆلار یاخود شەش دەفتەر دۆلار، بەڵام ئێستا هەمان زەوی كە كراوەتەوە بە خانوویەكی مۆدێرن نرخەكەی هەر بە نزیكەیی شەش دەفتەر دۆلارە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "بەهۆی ئەوەی زۆرێك لە پرۆژەكان تەواوكراون و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیان بۆ تەواو نەكراوە، بۆیە ئەو هاوڵاتییانەی یەكەكانی ئەو پرۆژانەیان كڕیوە، ئێستا دەیفرۆشنەوە روو دەكەنەوە ناو گەڕەكەكان".
باسی لەوەشكرد "پێشتر لە شاری كەلار كە پرۆژەیەك درووست دەكرا، بە واسیتە و تیروپشكیش یەكەكانی بەرنەدەكەوت، بەڵام ئێستا خاوەنی پرۆژەكان هەرچی دەكەن كەس یەكەكانیان لێناكڕێت".
ئ.پ