کوردستانی

حکومەتی هەرێم چه‌ند بڕیاری گرنگ ده‌رده‌كات "177 كه‌س داده‌مه‌زرێندرێت"

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێم چه‌ند بڕیاری گرنگ ده‌رده‌كات "177 كه‌س داده‌مه‌زرێندرێت"

مه‌ودا میدیا-

حکومەتی هەرێم، رەزامەندیدا لە سەر داواکارییەکانی هه‌ریه‌ك له‌ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا چه‌ند بڕیاری گرنگ ده‌ركراوه‌.

 لە راگەیەندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاندووه‌ "دوای ئەوەی رۆژی 30 حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانێكی بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە كرد، لەو سەردانەدا وێڕای دانانی بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجە، لەنزیكەوە دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی دەڤەرەکە ئەنجامدا، جیا لەوانەش چەندین دیدار و كۆبوونەوە و گفتوگۆیەكی رووبەڕوو و راشكاوی لەگەڵ بەشێك لە دانیشتووانی ناوچە جیاجیاكانی هەردوو پارێزگا و یەكە كارگێڕییەكاندا سازدا".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌ "لەو دیدار و كۆبوونەوانەدا، بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاكان و هاوڵاتییان، باسیان لە كێشە و كەم وكوڕی و گرفتەكانی ناوچەكانیان كرد و چەند داواكاری و پێشنیاریان پێشكەش بە سەرۆكی حکومەت كرد".

به‌پێى راگەیەندراوەکەى حكومه‌ت، چەند بڕیارێک لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتییانی هەردوو پارێزگەی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان دراوە کە بریتیین لە:

پارێزگەی سلێمانی:

چارەسەركردنی كیشەی میلاكات و دامەزراندنی فەرمانبەری نوێ

- بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناهاوسەنگی رێژەی فەرمانبەران و ئاسانکاریی رێکارەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی میلاکات و بەرزکردنەوەی کارایی دام ودەزگاکانی حکوومەت لەو ناوچانە، سەرۆکی حکومەت ڕەزامەندیی لەسەر ئەوە داوە كە هەریەكە لە پارێزگاری 'سلێمانی و هەڵەبجە' و 'ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین'دەسەڵاتی دەرکردنی 'فەرمانی گواستنەوەی راژە' و 'تەنسیب' یان پێ دەدرێ بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگە حكومییەکان لە پسپۆڕییە جیاوازەکان جگە لە ڕاژەی سەربازی، ئەم فەرمانە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ناگرێتەوە.

- رەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی 177 فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست لە پسپۆڕیی جیا و لە فەرمانگە و دامودەزگای جیاواز، بەم شێوەیە پێنج فەرمانبەری بواری یاسایی بۆ دیوانی قائیمقامییەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، 52رووپێوكار و فەرمانبەری ئایتی لەسەر میلاکی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کشتوكاڵی سلێمانی، 80 فەرمانبەر لەسەر میلاکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، پێنج فەرمانبەر بۆ بنکەی ژینگەی بازیان، 35 فەرمانبەر بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

- رەزامەندی درا بە گۆڕینی بڕوانامە و ناونیشانی ژمارەیەك لە فەرمانبەر گرێبەستەكانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی.

پێدانی دەسەڵات
- ڕەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردنی ڕێژەی 30٪لە داهاتی پارێزگەی سلێمانیی ئاماژە پێکراو 'دیوانی پارێزگا و کاروباری هونەری' بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییە پێویستە بچووکەکان لە سنووری پارێزگاکەیان و پێدانی دەسەڵات بە 'پارێزگاری سلێمانی' بە مەبەستی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە .

- رەزامەندی درا كە دەسەڵاتی ئیفاد بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ماوەی 30 رۆژ بدرێت بە پارێزگای سلێمانی، ئەمەش تەنیا بۆ فەرمانبەرانی ناو پارێزگای سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بەمەرجێک پلە یان لەخوار 'بەڕێوەبەری گشتی' بێت.

- رەزامەندی درا بە پێدانی دەسەڵات بە پارێزگای سلێمانی بۆ بەکارهێنانی هۆڵە حكوومییەکانی سنووری پارێزگا، بێ بەرامبەر بۆ ئەو چالاکی و بۆنانەی کە بە پشتیوانیی پارێزگا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

- نووسراو ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان کراوە تایبەت بەپێدانی دەسەڵاتی دیاریکردنی شێوازەکانی گرێبەست کردن بە پارێزگار بۆ هەموو ئەو کەمکردنەوانەی کە گوژمەی خەمڵێنراویان تا بڕی یەک ملیار دینارە.


زیادكردنی پێشینە
- ڕەزامەندی درا لەسەر زیادکردنی پێشینەکانی پارێزگەی و سلێمانی و قایمقامیەتەکان لە (183,000,000) ملیۆن دینار بۆ (319,000,000) سێ سەد و نۆزدە ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار.
- زیادکردنی پێشینەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە (٢١٠,٠٠٠,٠٠٠) ملیۆن دینارەوە بۆ (٣٥٠,٠٠٠,٠٠٠) ملیۆن دینار.

دابینكردنی پێداویستییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و دامەزراندنی کەسانی پسپۆڕ.

- رەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی (522,208,000) پێنج سەد و بیست و دوو ملیۆن و دوو سەد و هەشت هەزار دینار بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕووپێوی فڕۆکەوانی کە لە لایەن کۆمپانیای (CGX) فەڕەنسی دابین دەکرێت.

- رەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی (68900) دۆلار بۆ کڕینی ئامێری (X-RAY) جۆری (HS6040- zis) لە بریکاری سەرەکیی کۆمپانیای(Smith Detection) بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.

- رەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی (6,000,000) ملیۆن دۆلار بە مەبەستی دابینکردنی پێنج ئامێر و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و ڕزگارکردن بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

- رەزامەندی درا لەسەر دابینکردنی 23 ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.

هێنانەکایەی فەرمانگەی نوێ و مۆڵەتپێدان

- رەزامەندی درا لەسەر هێنانە کایەی 'بنکەی ژینگەی بازیان' كە سەر بە فەرمانگەی ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەبێت.

- رەزامەندی درا بە پێدانی دەسەڵات بە پارێزگای سلێمانی بۆ بەکرێدان و نوێکردنەوەی سێ بەنزینخانە لە سنووری پارێزگاکە کە دەکەونە شارەکانی 'دەربەندیخان، عەربەت و رانیە' بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی پارێزگای سلێمانی.

- رەزامەندی درا گواستنەوەی شارەوانی تووەسپی کە هەردوو گوندی 'کانی گۆران و فەیاڵ' دەکەوێتە سنوورەکەی، لە سنووری شارەوانیەکانی دەوروبەری سلێمانی بۆ ناو سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری و چارەسەركردنی کێشەی تەملیکردن.
- رەزامەندی درا لەسەر چارەسەرکردنی ئەو خانووانەی کە بە زێدەڕۆ دروست کراون لەسنووری شارەوانی سلێمانی بە ڕایی کردنی مامەڵەکانیان بۆ ئەو داواکاریانەی تاوەکو 9/9/2022 وەرگیراون.


- نووسراو ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بە مەبەستی خستنە ناو کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە پاژە کردنی (قیست) ئەو پارەیەی کە لە زێدەڕۆکار وەردەگیرێت لە بڕی خەمڵاندن و تۆمارکردن بەناویانەوە (بدل التملیك).

دابینكردنی ئۆتۆمبێل و پێداویستی و كەلوپەل

- ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی (400,000, 5,013) پێنج ملیار و سیانزدە ملیۆن و چوارسەد هەزار دینار وەک وەفری پڕۆژەکانی پارێزگای سلێمانی، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و کڕینی کەلوپەل و پێداویستییەکانی فەرمانگەکان.

- رەزامەندی درا لەسەر دابینکردنی 15 ئۆتۆمبێل بۆ قایمقامیەتەكان و بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی.

- دابینکردنی 14 چواردە ئامێری گەورە لە جۆرەکانی 'عادیلە – گەڵابە- کاسحەی بەفر – شۆفڵ- قاشتە) بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی.

- بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی کەڵەکەبوونی قەرزی بانگەوازکردنی پارێزگا لە ڕۆژنامەکاندا، ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی بڕی 22 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی.

دابینكردنی سووتەمەنی

بە مەبەسەتی دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییە حكوومییەکانی هەرێم، نووسراو ئاراستەی وەزارەتی نەوتی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بە مەبەستی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی پشتیوانیکراوی فەرمیی عێراقی فیدراڵ

پارێزگەی هەڵەبجە

تەرخانكردنی ڕێژەیەك لە داهات و زیادكردنی پێشینە

- رەزامەندی دراوە لەسەر تەرخانكردنی رێژەی 20٪ـی داهاتی دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئیدارەی پارێزگاكە و پێدانی دەسەڵات بە پارێزگای هەڵەبجە بۆ خەرجكردنی ئەو رێژەیە لە چوارچێوەی رێسا و رێنماییەكان بۆ خزمەتكردنی ناوچەكە، بە مەرجێك ساڵانە پلان بەرز بكرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەماهەنگیكردن و پەسەندكردنی.

- رەزامەندی درا لەسەر زیادكردنی پێشینەکانی دیوانی پارێزگا و قایمقامیەتەكان و ناحیەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە 56 ملیۆن دینار بۆ 134ملیۆن دینار.

- پێدانی دەسەڵات بە پارێزگا و قایمقامیەتەكان بۆ خەرجكردنی پیشینەی كتوپڕ .

کردنەوەی فەرمانگەی نوێ و بەفەرمیكردنی دەروازەی سنووری 'مەرزی سازان'

- نووسراو ئاراستەی لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەتی فیدراڵ کراوە بەمەبەستی بەفەرمی کردنی 'مەرزی سازان' لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و بكرێتە مەرزێکی فەرمی. ئەمەش یەكێك بوو لە داواكارییە گرنگەكانی بەرپرسانی ئیداری و خەڵكی ناوچەكە.
- لەسەر فەرمانی سەرۆكی حکوومەت بڕیار دراوە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەڵەبجە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بكرێتەوە و میلاكی بۆ دەستنیشان بكرێت .

دامەزراندنی فەرمانبەر و پڕكردنەوەی میلاك

ڕەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی 52 فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست لە پسپۆڕییە جیاوازەكان بۆ دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و قایمقامیەتەكانی و ناحیەكان

كڕینی ئۆتۆمبێل

- بریار درا بە دابینکردنی 23 ئۆتۆمبێلی پێویست بۆ دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و قایمقامیەتەكان و ناحیەكانی سنوورەكە.

ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین

زیادكردنی خەرجی و پیشینە

- ڕەزامەندی درا لەسەر زیادكردنی خەرجی کتوپر و پێشینانەکانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و هەردوو قایمقامیەتی قەزای رانیە و پشدەر و ناحیەكان لە بڕی (000, 37,300) ملیۆن دینار بۆ (000, 99,000)ملیۆن دینار.

دامەزراندن و میلاك

- ڕەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی 43 فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست و بەپێی پسپۆڕییە داواكراوەكان لەسەر میلاكی دیوانی ئیدارەی راپەڕین و هەردوو قایمقامیەتی قەزاكانی رانیە و پشدەر و ناحیەكان.

دابینكردنی ئۆتۆمبێل

- ڕەزامەندی درا لەسەر دابینکردنی13 ئۆتۆمبێل سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، قایمقامیەتی رانیە، قایمقامیەتی پشدەر، ناحیەكانی سەركەپكان و سەنگەسەر و بێتواتە و حاجیاوا.


ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان :

زیادكردنی پێشینە

- زیادکردنی پێشینە و خەرجی باری لەناکاوی ئیدارەی ڕاپەرین قائیمقامیەتەکان لە (000, 26,000) ملیۆن دینار بۆ (000, 78,000)ملیۆن دینار.

دامەزراندن و میلاك

ڕەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی 133 فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست و بەپێی پسپۆڕییە داواكراوەكان لەسەر میلاكی دیوانی ئیدارەی راپەرین، هەردوو قایمقامیەتی قەزاكانی كەلار و كفری و ناحیەكانی سنووری ئیدارەكە و هەردوو بەرێوەبەرایەتیی ناحیەی قۆرەتوو و مەیدان.

یەکلاکردنەوەی كێشەی زەویی سندووقی

- نووسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە كە لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، دەسەڵات دراوە بە وەزارەتی شارەوانی بۆ ماوەی یەك ساڵ تا كێشەی ئەو زەوییانە یەكلا بكاتەوە لە سنووری گەرمیان كە بە (زەویی سندووقی) ناسراون و دەكەونە نێوان دوو خانوو، تۆماری سەربەخۆیان نیە بەڵام لە نەخشەی شارەوانی بە (زەویی چۆڵ) داخڵ كراون بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لێی سوودمەندبن.

پێدانی زەوی بۆ كەسە شایستەكانی ناوچە كوردستانییەكان

نووسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە كە لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، ڕەزامەندی درا بە پێدانی دەسەڵات بە وەزارەتی شارەوانی تا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان زەوی بۆ میراتگری شەهیدان و ئەنفالكراوان و راگیراوانی سیاسی و ڕزگاربوانی شاڵاوی ئەنفالی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دابین بكات كە ژمارەیان 274 كەسە بۆ ئەوەی لە شوێنی شیاو زەوییان پێبدرێت.


دابینكردنی ئۆتۆمبێل

بریار درا بە دابینکردنی 35 ئۆتۆمبێل بۆ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و قائیمقامیەتی كەلار و قایمقامیەتی كفری و ناحیەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، بۆ مەبەستی لێژنەی ئەمنی و لێژنەی چاودێری.

مۆڵەتی بەنزینخانە

- رەزامەندی درا لەسەر پێدانی مۆڵەت بە سێ بەنزینخانە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان.


پڕۆژە

- ڕەزامەندی درا لەسەر گواستنەوەی 39 پڕۆژە لە بوودجەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بۆ سەر بوودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی وەگەرخستنەوەیان.

- پێدانی دەسەڵات بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان تاکو بڕی یەک ملیار دینار.

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان