کوردستانی

هه‌ندێك له‌ موه‌لیده‌كان به‌ هۆى تازه‌نه‌كردنه‌وه‌ى مۆڵه‌ته‌كانیان بوونه‌ته‌ هۆى پیسكردنى ژینگه‌

مەودا میدیا - سلێمانی |


هه‌ندێك له‌ موه‌لیده‌كان به‌ هۆى تازه‌نه‌كردنه‌وه‌ى مۆڵه‌ته‌كانیان بوونه‌ته‌ هۆى پیسكردنى ژینگه‌

مه‌ودا میدیا- 

ئه‌گه‌رچى له‌ پارێزگاى سلێمانى مووه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان كاتمن و بێ دووكه‌ڵن، به‌ڵام هه‌ندێكیان ده‌نگیان هه‌یه‌ و دوكه‌ڵیش ده‌كه‌ن، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كانی سلێمانیش ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ مۆڵه‌ته‌كانیان تازه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ تێستیش ناكرێن، وه‌ ئاماده‌ش نین مۆڵه‌ته‌كانیان تازه‌ بكه‌نه‌وه‌".

عوسمان محه‌مه‌د، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كانى سلێمانى بۆ مه‌ودا میدیا رایگه‌یاند "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى موه‌لیده‌كان كاتمن و بێ دووكه‌ڵن، به‌رده‌وامیش لیژنه‌ سه‌ردانیان ده‌كات و چاودێریى ده‌كرێن، هه‌ر كه‌موكورتییه‌ك هه‌بێت له‌ لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ دیارى ده‌كرێت و ده‌بێت چاكی بكه‌نه‌وه‌".

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ موه‌لیده‌كان ده‌نگیان هه‌یه‌ و دووكه‌ڵیش ده‌كه‌ن، ناوبراو، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد "ئه‌وانه‌ ماوه‌ى دوو ساڵه‌ مۆڵه‌تیان تازه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ له‌ لایه‌ن باخچه‌كانى سلێمانییه‌وه‌، كه‌ تازه‌ش نه‌كرێته‌وه‌ ئه‌وا تێست (تاقیكردنه‌وه‌ى ده‌نگ و دووكه‌ڵ) ناكرێن".

بۆ چاره‌سه‌ركردن و به‌دواداچوونى ئه‌و گرفته‌ش، عوسمان محه‌مه‌د، وتى "له‌ 5ى ئه‌م مانگه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ئاسایشى داموده‌زگا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى كاره‌با و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى موه‌لیدات نووسراویان بۆ نێردراوه‌ كه‌ تێیدا داوا له‌ ئاسایش ده‌كات به‌ زۆر مۆڵه‌ته‌كانیان پێ تازه‌ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ڵامیان نه‌داونه‌ته‌وه‌ و هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه‌ ناڕازین له‌ شێوازى تازه‌كردنه‌وه‌ى مۆڵه‌ته‌كانیان".

سه‌باره‌ت به‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌یان و شێوازى تازه‌كردنه‌وه‌ى مۆڵه‌ت، روونیكرده‌وه‌ "باج له‌ سه‌ریان زۆره‌ و بۆ هه‌ر مه‌ترییه‌كیش 10 هه‌زار دیناریان لێوه‌رده‌گیرێت، ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ پاره‌ى ئاو و كاره‌باى بازرگانى، كه‌ به‌و شێوازه‌ له‌ هیچ شوێنێكى كوردستان وعیراق نییه‌ ته‌نیا له‌ سلێمانى هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌وانیش ئاماده‌ نین به‌و شێوازه‌ مۆڵه‌ته‌كانین تازه‌ بكه‌نه‌وه‌ و لایه‌نى په‌یوه‌ندیداریش هاوكاریان نییه‌".

له‌ ساڵى 2007ه‌وه‌ كه‌ له‌ پارێزگاى سلێمانى موه‌لیده‌ى ئه‌هلى دانرا به‌ كاتمى و بێ دووكه‌ڵ دانرا، جیاواز له‌ پارێزگاى هه‌ولێر كه‌ ئێستا كراوه‌ته‌ سه‌ر خاوه‌ن موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان، ده‌بێت موه‌لیده‌كانیان بگۆڕن بۆ كاتم و بێ دووكه‌ڵ، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو خاوێنكردنه‌وه‌ى ژینگه‌ى شاره‌كه‌.

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان