کوردستانی
عیراق له بهرژهوهندى جووتیاران بڕیاره گرنگهكه دهدات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
لە ئێستادا وەرزی پێگەیشتنی چەند بەرھەمێکی خۆماڵییە لە ھەرێمی کوردستان و عیراقیش ھاوردەى ئەو جۆرە بەرھەمانەی لە سنوورەکانییەوە رانەگرتووە و ئەوەش کاریگەری لە سەر بازاڕ دروستکردووە بە جۆرێک ئەو بەرھەمانە لەبازاڕدا بە ئاسانی ساغ نابنەوە، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانیش رایدەگەیەنێت "ھەوڵی جدییان داوە و ئەگەری ھەیە لەم ھەفتەیەدا عیراق ھاوردە رابگرێت".
شاڵاو جهمال، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بۆ مەودا میدیا رایگەیاند "ھەر لە سەرەتای بەرھەمھاتنی بەرھەمە خۆماڵییەکانی وەک شووتی و کاڵەک و تەماتە و خەیار و پیاز، بە چەند نووسراوێک عیراقیان ئاگادار کردەوە کە ھاوردەی ئەو جۆرە بەرھەمانە رابگرێت لە سنوورەکانییەوە، چونکە لە ھەرێم ئەو جۆرە بەرھەمانەیان ھەیە".
وتیشی "عیراق پێی راگەیاندوون بەھۆی چلەی ئیمام حسێنەوە لە سەریان بوەستن تاوەکو ماوەیەک کە زۆر ناخایەنێت، بەڵام زۆری خایەند، بۆیە جارێکی تر نووسراویان کرد و وەفدیان رۆیشتە بەغدا و لە ژێر فشاریان، وەفدێکی باڵا ھاتنە ھەرێم و سەردانی پێنجوێن و بازیانیان پێکردوون و کێڵگە بەرھەمییەکانیان پیشانداون، ئەوانیش بەپێی راپۆرتەکانیان زۆر سەرسام بوون کە رووبەرێکی یەکجار گەورە و فراوان چێندراوە، ھاوکات عەلوەشیان بینی کە وا بازاڕ نییە بەھۆی ئەوەی بازرگانان کاتێک بەرھەمەکان دەبەن بۆ ناوچەکانی خوارووی عیراق بۆیان ساغ نابێتەوە لەبەر زۆری ئەو بەرھەمانە کە ھاوردە دەکرێن، بۆیە بازرگانانیش نایبەن و بووەتە ھۆی سستی بازاڕ".
شاڵاو جهمال، ئاماژەی بەوەشکرد "وەفدەکە پێیانی وتووە نووسراو دەکەن و ئاڕاستەی وەزیری کشتوکاڵ و ئەنجومەنی باڵای ئابووری دەکەن، ئەوکات بڕیار دەدەن ھاوردەی ئەو بەرھەمانە رابگرن، کە بڕیار وایە ئەم ھەفتەیە بڕیاری راگرتنەکە جێبەجێبکرێت".
پ ح ع