کوردستانی
لە بارەی مووچەوە وەزارەتی دارایی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لە بارەی مووچەوە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كۆی گشتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بریتییە لە 956 ملیار دینار.
لە راگەیەنراوەكەدا وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەكردووە "لەلایەن چەند كەناڵ و پەیج و كاندید و بەناو چالاكوانێكەوە، دەستكراوە بە بڵاوكردنەوەی چەند داتا و زانیارییەكی ناڕاست و چەواشەكارانە، گوایە بە فشاری بەغداد ئەم مانگە ناوی ٣٠ هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچەی مانگی تەمووز لابراون، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی ئەو مانگە بە نایاسایی بۆ لیستی مووچە زیادكراون".
دەشڵێت "بۆ رای گشتی و سەرجەم و راگەیاندن و میدیای كوردستانی روون دەكەینەوە
كە زیادكردنی ناوی ٣٠ هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچە دوورە لە راستییەوە، بەڵكو لە راستیدا لیستی مووچەی مانگی تەمووز بەم جۆرەیە:
كۆی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم لە لیستی مانگی تەمووز بە (مەدەنی و سەربازی و خانەنشین)ەوە بریتییە لە (١،١٣٢،٣٩٠) یەك ملیۆن و سەد و سی و دووهەزار و سێسەد و نەوەد كەس، لە كاتێكدا كۆی ژمارەی مووچەخۆران لە مانگی حوزەیراندا بریتی بووە لە (١،١٣٢،٩٦٧) یەك ملیۆن و سەد و سی و دووهەزار و نۆسەد و شەست و حەوت كەس بەوەش لیستی مووچەی مانگی تەمووز (٧) كە تا ئێستا تەمویلەكەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج نەكراوە (٥٧٧) مووچەخۆری كەمترە لە لیستی مانگی حوزەیران".
وەزارەتی دارایی باسی لەوەشكردووە"تەمویلی كۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی تەمووز (٧) دوای لێبڕینی خانەنشینی و باج و لێدەركردنی بوودجەی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان كە بڕەكەی (٥٤،٢٠٨،٠٠٠،٠٠٠) پەنجا و چوار ملیار و دووسەد و هەشت ملیۆن دینارە، بریتییە لە (٩٥٦،٨٧٦،٠٠٠،٠٠٠) نۆسەد و پەنجا و شەش ملیار دینار كە ئەوەش نزیك و هاوشێوەی تەمویلی مانگەكانی رابردووە، كە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دوای وردبینی تەمویلەكەی خەرج كردووە".
ئ.پ