کوردستانی

پارێزگاری سلێمانی بە 17 خاڵ بڕیاری لەسەر هاتووچۆی هاوڵاتیاندا

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارێزگاری سلێمانی بە  17 خاڵ بڕیاری لەسەر هاتووچۆی هاوڵاتیاندا
مەودا میدیا-

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی لیژنە رووبەڕووبوونەوەی بەرنگاربوونەوەی کۆرۆنا رایگەیاند، قەدەغەی هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاو یەکە ئیدارییەکان تا 10 نیسان بەردەوام دەبێت و کۆمەڵێک بڕیاریش دران.


بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن 

بەناوی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی لە بەیانی ژمارە (25)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆدا پێمان بەخشراوە. بڕیارماندا بە:
1-قەدەغەکردنی هاتووچۆ لەنێوان یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکانی ترو پارێزگاکانی عێراقیشدا تا (10/ 4/ 2020) بەردەوام دەبێت.
2-قەدەغەکردنی هاتووچۆی تەواو لە سەعات (6)ی ئێوارە بۆ سەعات (12)ی شەو تا ڕۆژی (10/ 4/ 2020) شەوانە بەردەوام دەبێت.
3-دەسەڵاتی تەواو دەدەینە هەموو قائیمقامیەتەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بۆئەوەی لەماوەی سەعات (12)ی شەو تا (6)ی ئێوارە، بەپێی تایبەتمەندیی سنورە کارگێڕییەکانیان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان بەپێی ڕێکارەکانی لەلایەن پارێزگای سلێمانی پەسەندکراون و لەسەر بنەمای ڕێنماییە تەندروستیەکان، پلانەکانیان جێبەجێ بکەن.
4-شەوانە لە سەعات (12)ی شەو بۆ سەعات (6)ی بەیانی هاتووچۆی سنوردارکراو بۆ کاری زۆر پێویست بەپێی ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان، لە سنوری قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕێگەپێدراو دەبێت.
5-قەدەغەکردنی هاتووچۆ ئەو سێکتەرانە ناگرێتەوە کە لە بەیانەکانی وەزارەتی ناوخۆو بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دیاریکراون، بەتایبەتیش پزیشکانی هەڵگری ناسنامەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان.
6-هاتووچۆی کارمەندانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی کە (پشوو نایانگرێتەوە)، بەپێی ئەوکاتانەی لەلایەن لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناوە دیاریکراون لەڕێی ناسنامەو پێناساندنی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی و بەڕێوەبەرێتی فەرمانگەکانی خۆیانەوە دەبێت، وەک (تەندروستی، کارەبا، ئاو، زیادەڕەوی شارەوانیی، بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیای گشتی دروستکردنی دانەوێڵە، بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک، بانکە حکومییەکان، گەنجینەکانی 1 و 2، کشتوکاڵ، ڤێتێرنەری، دەروازە سنورییەکان، گومرگ، فڕۆکەخانە، شێڵتەرو خانەکانی ژنان و مناڵان و نەوجەوانان و بەساڵاچووان).
7-کەرتی تایبەت لە بوارەکانی (ئاڵوگۆڕی بازرگانیی، سوتەمەنیی، پاڵاوگە، کارەبا، پەیوەندییەکان، ئینتەرنێت، سیتیەکان، کۆمپانیاکانی سکوریتی، عەلوە، کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، بانکی ئەهلی، کارگەکانی بەرهەمهێنانی پێداویستیە تەندروستیەکان و پاککردنەوە، کۆمپانیاکانی خۆراک، پەلەوەر، خانووی پلاستیکی و کێڵگە کشتوکاڵییەکان، مەڕوماڵات، شیرەمەنیی، کۆمپانیاکانی دابەشکاریی، چالاکیی فرۆشتنی کارگە پیشەسازییەکان، کارگەکانی دەرمان) بەردەوام دەبن بەپێی ڕێکارە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکانی پێشتر دیاریکراون.
8-كارمەندو ڕۆژنامەوانانی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ڕێگەپێدراو دەبن، بەمەرجێك لەگەڵ باج یان ناسنامەی كەناڵەكەیاندا نووسراوی ڕاسپاردنیان بە ئەركی ڕۆژانەی ڕاگەیاندنكارانەیان هەبێت لەلایەن دەزگاكەیانەوە.
9-بەپێی لیستی موچە، ڕۆژانە كارئاسانیی بۆ موچەخۆرانی ئەو شوێنانە دەكرێت كە موچە وەردەگرن، بەمەرجێك بەڵگەی فەرمیی پیشانبدەن‌و پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن.
10-هەموو هێزەكانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و پۆلیسی هاتوچۆ‌و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی و لیواکانی سکرتاریەت و هێزەکانی پێشمەرگە، بە شێوازێكی نوێ‌‌و بەپێی دابەشبوونی گەڕەكەكان، لە تیمی هاوبەشدا ئەركی چاودێریكردنی پابەندبوون بە قەدەغەی هاتووچۆوە جێبەجێ‌ دەكەن، تەنها پۆلیسی هاتووچۆ مافی لێپێچینەوەی لە شۆفێرو ئۆتۆمبێلەكان هەیە، لەگەڵ هەموو تیمێكدا ڕێبەرێكی تەندروستی بەشدار دەبێت بۆ ڕێنماییكردنی شۆفێرو سەرنشینان.
11-لەدوای سەعات (12)ی شەوی (6/ 4/ 2020)ەوە، هەموو چالاكییە ئابووریی‌و بازاڕگەریی‌و دارایی‌و عەلوەو یەكەكانی نیشتەجێبوون‌و کۆمپانیاکانی سکوریتی و سیتیەكان و كۆمپانیاكانی دابەشكاریی‌و ماركێت‌و خزمەتگوزاریی ڕۆژانە پێویستەكان وەک (مارکێت، بەقاڵ، شیرەمەنیی، نانەواخانە، سەمونخانە، قەسابخانە، دەرمانخانە، (چێشتخانەو خواردنی خێرا – کە پێویستە تەنها بەشێوەی دلیڤەری بن))، لەلایەن قائمقامیەتی سلێمانی‌و (یەكە كارگێڕییەكانەوە) بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووریدا، بە هەماهەنگیی (ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و کۆمەڵەی هاوردەو هەناردەکاران و یەکێتی کۆمپانیاکانی دابەشکاریی) ڕێكدەخرێنەوە، بەمەرجێك كە پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن، (قائیمقامەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و (یەکە کارگێڕییەکان) ڕێکاری پێویست بۆ هەر بوارێکیان دیاریدەکەن و ڕایدەگەیەنن).
12-جوڵەو كاروباری دامودەزگا حكومیەكان‌و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لەلایەن پارێزگای سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ناوخۆی پارێزگاو فەرمانگەی پەیوەندیدارەوە ڕێكدەخرێنەوە.
13-پێویستە هەموو هاووڵاتییەك لەكاتی هاتنە دەرەوەو مامەڵەی ڕۆژانەدا، دەستكێش‌و ماسك بەكاربهێنێت‌و پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بێت.
14-هەموو كارێكی خێرخوازیی پێویستە بە ئاگاداری یەكە كارگێڕییەكان‌و لیژنەی سەرژمێریكردنی خێزانە كەمدەرامەتەكانەوە بێت لە پارێزگاو یەكە كارگێڕییەكاندا.
15-بانكە ئەهلییەكان بەهەمان پەیڕەوی ڕاگەیەندراوی پێشوو بەردەوام دەبن.
16-بازاڕی دراوی سلێمانی‌و هەر شوێنێكی تریش دادەخرێن تا ئەوكاتەی لەلایەن قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش‌و ژوری بازرگانی و پیشەسازییەوە بەشێوەیەكی تەندروستی گونجاو ڕێكدەخرێنەوە.
17-پێویستە هەموو هاووڵاتیان‌و دامودەزگاكانی كەرتی گشتیی‌و تایبەت‌و مێدیاكان‌و ڕێكخراوەكان بایەخی تەواو بە كەلتوری (خۆپارێزیی و تاكپارێزیی) بدەن‌و برەو بە پەروەردەی تاكپارێزیی بدەن بۆ سەرلەنوێ‌ كردنەوەی بوارە جیاجیاكان لە ئایندەدا بەجۆرێك، كە تاك خۆی، خۆی بپارێزێت.

  د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
 پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان