ئابووری
یەکێتی مامۆستایان له بارهى مووچهوه: دهبێت ئهم كاره بكرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن له مامۆستایان و خوێندكاران دهكات و داواش دهكات، چارەسەری كێشەی مووچەی بكرێت و مانگانه لهكاتی خۆیدا دابهشبكرێت.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمرۆ یەکشەممە 23ی ئهیلوول، بڵاویکردەوە، یەكێتی مامۆستایانی كوردستان باسی لهوهكردوه "25ی ئهم مانگه وەكو یەكەم رۆژی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2024 دەستنیشانكراوە كە تیایدا نزیكەی دوو ملیۆن قوتابی و خوێندكار و بەشداری زیاتر لە 170 هەزار مامۆستا روو لەناوەندەكانی خوێندن و زانكۆ و پەیمانگهكان دەكەن، بەو بۆنەیەوە وێڕای پیرۆزبایی خۆمان بۆ ساڵی نوێی خوێندن، یەكێتی مامۆستایان جەخت لەسەر داواكاری و مافەكانی مامۆستایان دەكاتەوە و دەخوازین پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپێشی پێشەوەی بایەخ پێدانەكانی حكومەت بێت و هەمو ئیمكانیەتی ماددی و مەعنەوی بۆ فەراهەم بكات".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە "دەبێت ھەموو ھەوڵێک بدرێت مامۆستایان و فەرمانبەران لە ھەموو ئەو پێشینانەی لە بانکە حکومییەکان دەدرێت سوودمەند بن، ھاوشێوەی عیراق، باشترین رێگەش بۆ ئەوە ئەوەیە مووچەکان بخرێنە سەر ئەو بانکانە".
ئهوهش هاتووه "هەروەها زیاتر 60%ی مامۆستایان سوودمەند نەبوون لە زەوی نیشتەجێبوون و دەبێت ھەنگاوی پێویست و بەپەلە بنرێت بۆ ئەو مەبەستە، داواش دەکات کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێت، چونکە پڕۆسەی پەرورەدە و خوێندنی باڵا وەک دامەزراوەی تر نییە کە ھەرچۆنێک بێت بەڕێوەبچێت".