ئابووری
حكومه‌تى هه‌رێم نایه‌وێت مووچه دابه‌شبكرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مه‌ودا میدیا-
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دواى زیاتر له 55 رۆژ له نه‌دانى مووچه‌ى مانگى هه‌شتى فه‌رمانبه‌ران، تا ئێستا ئاماده نییه خشته‌ى مووچه‌ى مانگى هه‌شت بڵاوبكاته‌وه.
له‌كاتێكدا وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم به‌شى مووچه‌ى مانگى هه‌شت پاره‌ى له ده‌ستداوه و به‌غدا پاره‌یه‌كى زۆرى بۆ ناردووه به‌ڵام تا ئێستا خشته‌ى مووچه و كاتى دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى هه‌شت دیارنین.
ئه‌م هه‌فته‌یه به‌غدا 572 ملیار دینارى بۆ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم نارد، به وته‌ى پێشه‌وا هه‌ورامانى، وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پاره‌ى مانگى رابردووش بڕى 180 ملیار دینارى مابووه‌وه و كۆى گشتى ئه‌و پاره‌یه 755 ملیار دیناره كه له‌به‌رده‌ستى وه‌زاره‌تى داراییه.
حكومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێت به داهاتى ناوخۆ ده‌ست بكات به دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى هه‌شت، به‌ڵام تا ئێستاش چاوه‌ڕى به‌غدایه پاره‌ى زیاتر بنێرێت.
سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌ت به مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "دابه‌شنه‌كردنى مووچه بۆ ئه‌وه‌یه بخرێته خزمه‌تى لایه‌نێك و وه‌ك بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌كارى بهێنێت، چونكه هه‌فته‌ى داهاتوو به‌غدا مووچه‌ى مانگى نۆى فه‌رمانبه‌رانیش ده‌نێرێت".
نه‌رمین مه‌عروف، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مانى عیراق به مه‌ودا میدیاى راگه‌یاند "گرفتێك له مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نه‌ماوه و به‌غدا مانگانه له‌واده‌ى خۆى ده‌ینێرێت تا كۆتایی ساڵ".