کوردستانی

چەند کەس پشکنینیان بۆکراوە، ناحیەی بازیان کەرەنتینە دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


چەند کەس پشکنینیان بۆکراوە، ناحیەی بازیان کەرەنتینە دەکرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

دوێنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناحیەی بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی تۆمارکرا کە ئافرەتێکە بەڕێوبەری مەڵبەندی تەندروستی ناحیەکەش دەڵێت "کەسە نزیکەکانی ئەو تووشبووە لە ماڵەکانی خۆیاندا کەرەنتینەکراون".

دکتۆر ئیسماعیل ئەمین، بەڕێوبەری مەڵبەندی تەندروستی بازیان بە مەودا میدیای راگەیاند "لەدوای وەرگرتنی نمونە لە 5 کەسی دانیشتووی بازیان دوێنێ ئەنجامی پشکنینەکان دەرچوو کە تەنها یەک ئەنجامیان پۆزەتیڤ دەرچوو هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو".

ئاماژەی بەوەشکرد "لەدوای ئەوەی ئەو حاڵەتە تۆمارکرا دەستبەجێ تیمی تەندروستی لە سلێمانییەوە هاتن و لەگەڵ تیمی تەندروستی خۆماندا سەردانی ماڵی تووشبووەکەمان کرد و دەرمانمان رشاند بەناو ماڵەکەدا، هەروەها نمونە لە 14 کەسی نزیکی تووشبووەکە وەرگیرا بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا بۆیان".

دکتۆر ئیسماعیل وتی "کەسە نزیکەکانی ئەو تووشبووە لە ماڵەکانی خۆیاندا کەرەنتینەکراون و لەژێر چاودێریدان تاوەکو ئەنجامی پشکنینەکانیان دەردەچێت".

لەبارەی کەرەنتینەکردنی ئەو گەڕەکەی تووشبووەکەی لێبووە ناوبراو وتیشی "تاوەکو ئەنجامی پشکنینەکانی ئەو کەسانە دەرنەچێت کە بۆیان ئەنجامدراوە ناتوانین هیچ بڕیارێک کەرەنتینەکردنی ئەو گەڕەکە بدەین، بەڵام ئەگەر حاڵەتەکان زۆربێت ناچارین رێوشوێنی توندتر بگرینەبەر".

ئاشکراشی کرد "تەندروستی کەسە تووشبووەکە جێگیرە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە، بەڵام تەندروستی باشە".

بەڕێوبەری مەڵبەندی تەندروستی بازیان ئەوەشی خستەڕوو "تاڕادەیەکی باش دانیشتووانی ناحیەی بازیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانن، هەروەها داواشی کرد هاوڵاتییان زیاتر پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن بەمەبەستی خۆپاراستنییان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا".

جێگای ئاماژەیە، کەمێک پێس ئێستا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە دووەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناحیەی بازیان تۆمارکراوە کە کچێکی تەمەن 13 ساڵە و بەرکەوتەی تووشبووی پێشووە.
Qaiwan
Qaiwan