کوردستانی

پارەدانی كاش له‌ چه‌ند شوێنێك نامێنێت و راده‌گیرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارەدانی كاش له‌ چه‌ند شوێنێك نامێنێت و راده‌گیرێت
مه‌ودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی زانیاریی سلێمانی رایدەگەیەنێت "پارەدانی كاش لە هه‌ردوو پارێزگاى سلێمانی و هەڵەبجە و ئیداره‌كانى راپەڕین و گەرمیان، رادەگیرێت و لە سبەینێوە كار بە پارەدان بە سیستمی كارتى دەكرێت".

لە راگەیەنراوێكدا بەڕێوەبەرایەتییه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌ "بەپێی رێنمایی گشتی رەگەزنامەی ھەرێم، داوا لە ھاوڵاتییانی دەکەین لە سبەینێ یەکشەممە رێكه‌وتى 2024/12/1، لەکاتی سەردان کردنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیمان بۆ ئەوەی کارەکانیان بۆ رایی بکرێت و ببن بەخاوەنی کارتی زانیارری پێویستە ھەڵگری یەکێک لەکارتەکانی (Visa card—Master card ) بێت".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌ "لە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین، بەھیچ جۆرێک کار بەپێدانی پارە بەدەستی ناکرێت، بەڵکو تەنھا بە پارەدانی ئەلکترۆنی لە رێگەی ئامێری (POS) ەوە دەبێت".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، بەپێی بڕیاری حكومەتی عیراقی، سیستمی پارەدانی كاش نامێنێت و لە بەنزینخانە و فەرمانگەكان و ماركێت و كاروبارەكانی دیكەی رۆژانەدا دەبێت پارەدان بكرێتە سیستمی كارت و هاوڵاتییان هەژماری بانكی بۆخۆیان بكەنەوە.

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan