گێتی

جەبەل شێخ؛ چاوی چاودێریی ئیسرائیل لەسەر دراوسێ دوژمنەکانی

مەودا میدیا - سلێمانی |


جەبەل شێخ؛ چاوی چاودێریی ئیسرائیل لەسەر دراوسێ دوژمنەکانی
 مەودا میدیا- 

لەگەڵ کۆتاییهاتنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و سەرکەوتنی دەستەی تەحریر شام لە سوریا، سوپای ئیسرائیل لە بەرزاییەکی جۆلان و دەوروبەری دەستی بە جووڵەکرد و چەندین ناوچەی ستراتیژیی دەستبەسەردا گرت، لەنێویاندا "جەبەل شێخ" کە بەپێی شارەزایانی سیاسی و ستراتیژیی بۆ ئیسرائیل گرنگییەکی زۆری هەیە، چاوەڕێی ئەوەش دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە خاڵی ناکۆکیی نێوان سوریا، ئوردون، لوبنان و فەلەستین لەلایەک و ئیسرائیلیش لەلایەکی دیکەوە.

"لە جەبەل شێخ دەمێنینەوە"
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ بەشێکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی سوپای وڵاتەکەی سەردانی جەبەل شێخی کرد و لە بەرزترین شوێنی شاخەکەوە رایگەیاند "هەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە بۆ ئامادەیی سەربازیمان لە جەبەل شێخ".

بەدوای ئەو دەستبەسەرداگرتن و لیدوانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا، چاوەکان زیاتر کەوتنە سەر جەبەل شێخ و پرسیاری ئەوە خرایەڕوو کە بۆچی ئیسرائیل هێندە بەلایەوە گرنگە بەشێک لە سوپای وڵاتەکەی لە جەبەل شێخ جێگیربکات و تیایدا بمێنێتەوە؟

گرنگییەکانی جەبەل شێخ چین؟
بەپێی تورکی حەسەن، شارەزای سەربازی و ستراتیژیی کە قسەی بۆ کەناڵی ئەلعەرەبییە کردووە، لەم رووانەوە جەبەل شێخ بۆ ئیسرائیل گرنگن:

بەهای ئایینی: جەبەل شێخ ٧٠ جار ناوی لە دەقەکانی جوو دا هاتووە، ئەوەش لای جووە توندڕەوەکان گرنگییەکی تایبەتی هەیە:

گرنگیی سەربازی: جەبەل شێخ 2814 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، ئەوەش دەبێتە خاڵ و پێگەیەکی چاودێریی باشی ئیسرائیل بەسەر هەریەکە لە وڵاتانی "سوریا، ئوردون، فەلەستین و لوبنان".

گرنگیی ئابووری: جەبەل شێخ سەرچاوەیەکی بنەڕەتییە بۆ ئاو، سەرچاوەی هەڵقوڵانی رووبارە سەرەکییەکانی ئەلوەزانی و جەرجەرەیە کە ئەوەش ساڵانە 1.5 ملیار مەتر چوارگۆشە ئاو دابیندەکات.

"ئیسرائیل دەیەوێت دۆخێکی نوێ لەو ناوچانە بسەپێنرێت"
لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧ەوە، ئیسرائیل لەو ناوچەیە ئامادەیی هەیە و بۆ چاودێریکردن بەکاریدەهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخی ئێستای سوریا بەدەرفەت دەزانێت بۆ ئەوەی رووبەری زیاتری خاکی سوریا لەو ناوچەیە دەستبەسەردا بگرێت و بیکاتە گرەنتیی پارێزگاریی ئەمنی زیاتری بۆ خاک و وڵاتەکەی.

"بەهۆی نەبوونی هێزی سەربازیی خاوەن تواناوە، ئیسرائیل بەردەوام بارودۆخێکی وا دەخوڵقێنێت، بەشێوەیەک ناوچەکانی جەبەل شێخ، درعا و وادی یەرموک دەگرێتەوە"، ئەمە بەپێی قسەی تورکی حەسەن، شارەزای سەربازی و ستراتیژی. هەروەها نەبوونی هەڵوێستیی جدی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هانی زیاتری ئیسرائیل دەدات بۆ دەستگرتن بە ناوچەی دیکە لەناو خاکی سوریا.

خ.غ 
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

فابریکەکردنی ئەحمەد شەرع

لەلایەن سەردار عەزیز


News

زریانى تەلئەڤیڤ

لەلایەن عارف قوربانی


News

هاوسەنگیی ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان