ئابووری

حکومەتی هەرێم بە هۆکار دەزانێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێم بە هۆکار دەزانێت
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/1/1، میدیای فەرمی یەكێتیی نیشتمانیی کوردسیتان هەواڵێکی لەبارەی دابەشنەکردنی مووچەی مانگەکانی (11 و 12)ی ساڵی رابردوو بڵاوکردووەتەوەو حکومەتی هەرێم بە هۆکار دەزانێت.

ماڵپەڕی PUKMEDIA رایگەیاند "ئەمڕۆ 2025/1/1, هەرێمی كوردستان بە كێشە و قەیرانی مووچە و داراییەوە، هاتە ساڵی نوێوە، هەر چەندە وەزارەتی دارایی عیراق بڕی 631 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 11ی2024 فەرمانبەران ناردووە، بەڵام مووچەخۆران بە چاوەروانییەوە ساڵی 2024 یان بەڕێكرد".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "حکومەتی هەرێم هیچ بڕێك لە داهاتی ناخۆی بۆ پڕكردنەوەی تەواوكاریی مووچە زیاد نەكرد، بۆیە مووچەی دوو مانگی ساڵی رابردوو دابەش نەكرا".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 لە ساڵی رابردوو، حكومەتی هەرێمی سێ بژاردەی لە بەردەمدابوو، كە دووان لە بژاردەكان ناردنی پارە بوو لە بەغدا، بژاردەی سێیەمیش پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە بوو لە داهاتی ناوخۆ، بەڵام حكومەتی هەرێم هیچ كام لەم بژاردانەی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی مانگی 11 جێبەجێ نەكرد".

باسی لەوەشکردووە "هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەبوو كە تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق واژۆی لەسەر ناردنی تەواوكاریی مووچەی مانگی 11 كردووە، بەڵام ئەو دەنگۆیانە راست نەبوون و مووچەی مانگی 11 و 12 ی 2024 لەساڵی رابردوودا دابەشنەكران".

میدیای یەکێتی وتیشی "بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچەی یەك مانگی مووچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە بڕی 996 ملیار دینارە، بەڵام تاوەکو ئێستا دارایی عیراق تەنها 631 ملیار دیناری وەك مووچەی مانگی 11 بۆ هەرێم ناردووە و بەوپێیەش بڕی 365 ملیار دینار كورتهێنان هەیە".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan