ئابووری

وه‌زاره‌تى دارایی: هه‌فته‌ى داهاتوو مووچه‌ى مانگى 11 دابه‌شده‌كه‌ین

مەودا میدیا - سلێمانی |


وه‌زاره‌تى دارایی: هه‌فته‌ى داهاتوو مووچه‌ى مانگى 11 دابه‌شده‌كه‌ین

مه‌ودا میدیا-

وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ "ئه‌گه‌ر به‌غدا ته‌واوكاری مووچه‌ى مانگى 11 ره‌وانه‌ بكات، هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌ست به‌دابه‌شكردنى مووچه‌ ده‌كه‌ین".

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە.                                               

سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی یاسای بوودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەخۆرانی تری عێراق و بەدەرکردنی لەهەر کێشە و گرفتێکی تر، هاوکات بوونی تەرخانکراوی پێویست لە خشتەکانی یاسای بوودجە بەراورد بەو تەمویلەی وەزارەتی دارایی عێراق ناردوویەتی و  ڕێکكەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بۆ خەرجکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران تا کۆتایی ساڵی( ٢٠٢٤ )، بەڵام حکومەتی فیدراڵ پێشێلی مافە دەستوریەکانی خەلکی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێت.                                  

١- کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان لەهەردوو بڕگەی ( تعویچات الموچفین ) و ( الرواتب التقاعدیه‌ و الرعایه‌ الاجتماعیه‌ ) بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بریتیی بووە لە ( ١١،٥٧٦،٥٢١،٣٣٥،٠٠٠) یانزە ترلیۆن و پێنجسەد و حەفتا و شەش ملیار و پێنجسەد و بیست و یەک ملیۆن و سێسەد و سی و پێنج هەزار دینار، هەرچەندە پێویستی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی ساڵی ڕابردوو نزیکەی ( ١٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) نزیکەی دوانزە ترلیۆن دیناربووە و هەوڵمانداوە لە ڕێی ( المناقله‌ ) وە ئەو کورتهێنانە پڕ بکەینەوە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بۆ تێکڕای ساڵەکە تەنها (١٠،٧٥٢،٥٨٢،٥٥٨،٤٨٠) دە ترلیۆن و حەوتسەد و پەنجا و دوو ملیار و پێنج سەدو هەشتا و هەشتاو دوو ملیۆن و پێنج سەدو پەنجاو هەشت هەزار و چوار سەدو  هەشتا دینار خەرج کراوە ، بڕی ( ٨٢٣،٩٣٨،٧٧٦،٧٢٠ ) هەشتسەد و بیست و سێ ملیار و نۆ سەدو  سی و هەشت ملیۆن و حەوت سەدو حەفتاو شەش هەزارو حەوت سەدو بیست دینار لە تەرخانکراوی هەرێم بۆ مووچە ماوەتەوەو خەرج نەکراوە، حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتە قوربانی کێشەکانی خۆی و بەبیانووی نەمانی تەرخانکراو و کەمی سیولەی نەقدی ئەمساڵیش مووچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدات.

٢- سەبارەت بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٤، هەندێک کەس و لایەن بەناشارەزایی قسەی لەسەر دەکەن و کردوویانە بەکەرەستەی مزایەدە ، لەمانگی ئایارەوە کە هەردوو بەڕێزان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەرشێوازی ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێکەوتن بۆ ماوەی پێنج مانگ دوابەدوای یەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی نێردراوە کەبڕەکەی ( ٣٩٩،١٦٨،٩٦١،٠٠٠ ) سێسەد و نەوەد و نۆ ملیار و سەد و شەست و هەشت ملیۆن و نۆسەد و شەست و یەک هەزار دینار بووە،  تا ئەو کاتەی کورتهێنانی گەورە بۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی عێراقەوە دروست کراو بەناچاری بە داهاتی ناوخۆ پڕ کرایەوە.                              

لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ تا مانگی تشرینی یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناچاری نزیکەی ( ٩٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) نۆسەد و شەست ملیار دینار داهاتی ناوخۆی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی ئەو مانگانە تەرخان کردووە کە وەزارەتی دارایی عێراق هەرجارەی بەبیانوویەک بڕیویەتی.                                                                                                                                      ئەوەی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە، بەشی زۆری بۆ خەرجی بەکاربردن بەکارهاتووە کە مانگانە زیاترە لە ( ١٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەد و شەست ملیار دینار کە بۆ ساڵەکە دەکاتە نزیکەی دوو ترلیۆن دینار، ( بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بەهاوڵاتیان وەک  خزمەتگوزاری تەندروستی وپەروەردەو خوێندنی باڵاو کارەباو پاکردنەوەو ئاو و هەموو ئەو سێکتەرانەی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن).         

ئەوە جگە لەخەرجی ئەو پرۆژانەی حکومەتی هەرێم لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامی دەدات، کە سەرجەمیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵی یەک دیناری بۆ پرۆژەکان نەناردووە.      

لەمانگی تەموزەوە بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق لەهەرێم جێبەجێ کراوە و دادگای فیدراڵی عێراق حکومەتی فیدراڵی پابەند کردووە بەدابینی کردنی ئەو شایستەیەی لە هاوتاکردنی مووچەکانیان دروست بووە کە مانگانە نزیکەی ( ٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) شەست ملیار دینار تەموویلەکەی زیادی کردووە بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق یەک دیناری بۆ خەرج نەکردون و بڕیاری دادگای فیدراڵیان جێبەجێ نەکردوووە، ئەو تەموویلە زیادەیە لە داهاتی ناوخۆ دابین کراوە، ئەوە سەرەڕای تەموویلی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا دوای ئەوەی لە وانەبێژیەوە کران بە گرێبەست کە سەرجەمی مووچەکەیان لە داهاتی ناوخۆیەو مانگانە نزیکەی ( ٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) بیست ملیار دینارە.

٣-بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەم ( ١٠ ) وەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای تەموویل کردنی بڕی ( ٩٩٩،١٢٤،٣٢٩،٠٠٠ ) نۆسەد و نەوەد و نۆ ملیار و سەد و بیست و چوار ملیۆن و سێسەد و بیست و نۆ هەزار دینارمان کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەنها  (٧٦٠،٢٦٢،٠٠٠،٠٠٠) حەوتسەد و شەست ملیار و دووسەد و شەست و دوو ملیۆن دیناری ناردووە، بەو شێوەیەش نزیکەی ( ٢٣٩،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) دووسەد و سی و نۆ ملیار دینار کورتهێنانی هەبووە و لەداهاتی ناوخۆ پڕ کراوەتەوە، بۆ مووچەی مانگی یانزە بەپێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە پێویستمان بەنزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها ( ٦٣١،٣٣٥،٠٠٠،٠٠٠) شەشسەد و سی و یەك ملیار و سێ سەدو سی و پێنج ملیاری ناردووە، بۆ مووچەی مانگی دوانزە پێویستمان بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری لەسەر خەرجکردنی تەنها ( ٤٤١،٤٩٣،٠٠٠،٠٠٠ ) چوارسەد و چل و یەک ملیار و چوار سەدو نەوەدو سێ ملیۆن دینار داوە، واتە بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو وەزارەتی دارایی عێراق لە کۆی سێ ترلیۆن دینار تەنها ( ١،٨٣٣،٠٩٠،٠٠٠،٠٠٠ ) یەک ترلیۆن و هەشت سەدو سی و سێ ملیارو نەوەد ملیۆن دیناری ناردووە بەوەش نزیکەی ( ١،١٦٧،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) یەك ترلیۆن و سەد و شەست و حەوت ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی هەر سێ مانگەکە بڕیوە.                                                                                              

 لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی لەم هەفتەیە بڕیاری لەسەردراوە، لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یانزە دەکرێت، وەک وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێم سورین لەسەر بەدەستهێنانی مووچەی مانگی دوانزە، کە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە دابینی بکات.                                                           

لەماوەی چەند مانگی ڕابردووشدا وەک وەزارەتی دارایی سەرجەم تێبینی و کێشە هونەریەکانی لیستی مووچەمان چارەسەر کردووە و تیمە تەکنیکیەکانمان بەردەوام لەگەڵ تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵ بوون تا هیچ بیانوویەک بەدەست حکومەتی فیدراڵەوە نەمێنیت بۆ نەناردن و دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.                                               

لە دواین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەت کە ڕۆژی ١٢/١٥ لە بەغداد بەڕێوەچوو، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنیدا  کە تەموویلی مانگی دوانزە و ئەو بڕەی بۆ مانگی یانزە پێویستە چارەسەر بکات.                                        

لەگەڵ ئەوەی چەند تەرخانکراوێکمان لە پشکی هەرێم لە یاسای بوودجە هەیە و بەپێی یاسا دەتوانین گواستنەوە ( المناقله‌ ) ی پێ بکەین بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، بەڵام دوای چەندین بڕیار بۆ گواستنەوەی بڕی ( ٤٣٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) چوارسەد و سی ملیار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵ بەڵام کێشەی نوێ بۆ جێبەجێکردنی دروست کرا.

لەلایەکی ترەوە بوونی مادەی ( ٦٠ ) لەیاسای بوودجەی عێراق دەسەڵات دەدات بەسەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە ئەگەر تەرخانکراویشی نەمابێت، لەبەرئەوەی بابەتی مووچە گرنگ و تایبەتە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەژیان و قووتی خەڵکەوە هەیە.

بەپێی دواین ڕاپۆرتی تیمی تەکنیکی هاوبەشی هەردوولا کە ماوەی هەفتەیەک لەهەرێمی کوردستان بوون بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگەکانی ( یەک تا یانزە ) دەرکەوت سەرجەم ڕاپۆرتەکان هاوتای ئەو ڕاپۆرتانەن کە پێشتر مانگانە هەرێمی کوردستان ناردوویەتی.                                                  وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.                                            ٢٠٢٥/١/٢
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوردستان چۆن سوود لە یەکگرتوو ببینێت؟

لەلایەن عارف قوربانی



News

جێپێی ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

فابریکەکردنی ئەحمەد شەرع

لەلایەن سەردار عەزیز