ئابووری
ئامادەنین لە داهاتی ناوخۆ کەموکوڕییەکانی مووچە پڕبکەنەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
پەرلەمانتارێکی عیراق ئاشکرای دەکات، حکومەتی هەرێم ئامادە نییە لە داهاتی ناوخۆ کەموکوڕییەکانی مووچە پڕبکاتەوە، بەغداش لە بەرانبەر رادەستنەکردنی بەشێک لە داهاتی ناوخۆی هەرێم مانگانە بڕە پارەیەکی لە مووچەی فەرمانبەران بڕیوە.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند "حکومەتی هەرێم 17 رۆژ دەستی بەسەر مووچەی مانگی 10 و 18 رۆژیش دەستی بەسەر مووچەی مانی 11دا گرتووە کە بەغدا ناردوویەتی".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "دواخستن و دەستبەسەرداگرتنی مووچە لەلایەن حکومەتی هەرێم بۆ ئەوە بووە یاری بەکات بکات و بچینە ساڵی نوێوە، وە هەروەها بەرپرسانی هەرێم ئامادە نین لە داهاتی ناوخۆ کەموکوڕییەکانی مووچە پڕبکەنەوە، لە کاتێکدا بەغداش بە هۆکاریی نەناردنی داهاتی ناوخۆ ئەو بڕە پارانەی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕیوە".
ئەوەشی خستەڕوو "لە مووچەی مانگی 12، نزیکەی 441 ملیار دینار ماوە، ئەگەر بەغدا پارە بنێرێت، حکومەتی هەرێم دەیخاتە بری پڕکردنەوەی مووچەی مانگەکانی 10 و 11ی ساڵی رابردوو، گوایە لە داهاتی ناوخۆ مووچەیان دابەشکردووە، دەبێت ئەو بڕە پارە بخەنەوە سەر داهاتی ناوخۆ".
سۆران عومەر وتیشی "حکومەتی هەرێم بەنیازە مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەران دابەش نەکات، لە کاتێکدا حکومەتی عیراق تاوەکو ئێستا 10 تریلیۆن 901 ملیار دیناری بۆ مووچەی ساڵی رابردوو، رەوانەی هەرێم کردووە".
ب ح
بیروڕا



