گێتی

ئێران هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دووبارە دەکاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئێران هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دووبارە دەکاتەوە
مەودا میدیا-

بەرپرسانی باڵای ئێران بەڵێنیانداوە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران بدەنەوەو نوێنەری عەلی خامنەیش لە سوپای قودس جەخت لە ئەنجامدانی هێرشەکە دەکاتەوە.

محەمەدی سیرات، نوێنەری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران رایگەیاند "با هەمووان بزانن، بەمزووانە سێیەم ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستەقینە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئەنجامدەدرێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "هێزی بەرەی خۆڕاگری پەیوەست نییە بە کەرەستەی سەربازییەوە، بەڵکو رەگ و ریشەی لە ئیرادە و  خواستی گەل و حوکمڕانی سوریادا هەیە".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەمەریکییەکان پەیامێکیان ئاڕاستەی حوسییەکانی یەمەن کردووە و رایانگەیاندووە لە بەرانبەر راگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل ئامادەن ناوی گرووپی ئەنساروڵڵا لە لیستی سزاکان دەربهێنن، بەڵام ئەوان رەتیانکردووەتەوەو بەڵێنی بەردەوامی هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل دووپاتکردووەتەوە".

وتیشی "پەلە ناکەن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکو بەپێی پلانی ورد هەنگاو دەنێن بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەل و دەسەڵاتی ئێران بکات".

ئەمە لەکاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل لە رۆژی 2024/10/26، هێرشێکی ئاسمانیی بۆ سەر چەند دامەزراوەیەکی سەربازیی ئێران لە تاران ئەنجامدا و 4 سەربازی ئێرانی و هاوڵاتییەکی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.

ب ح
Qaiwan
Qaiwan