کوردستانی

کۆچبەرێکی کورد گیانی لەدەستدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


کۆچبەرێکی کورد گیانی لەدەستدا
مەودا میدیا-

هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان کە بەنیازبووە بە رێگەی قاچاخ بچێتە ئەوروپا، بەڵام لەلایەن هێزەکانی پاراستنی سنووری لیتوانیا دەستگیرکراوەو دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر گیانی لەدەستداوە.

دانەر ئەبوبەکر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مۆسکۆ رایگەیاند "هاوڵاتییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ گرووپێکی 25 کەسیدا بووە کە بەنیازبوون لە رێگەی روسیاوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا، سێ هەفتە لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری لیتوانیاوە دەستگیرکراون و بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە ئەو هاوڵاتییە کوردە گیانی لەدەستداوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "گرووپە کۆچبەرەکە لە مانگی 2024/10، لەگەڵ دوو هاوڵاتی عەرەب لە کونسوڵخانەی روسیا لە بەسرە  ڤیزەیان وەرگرتووە و لەلایەن بازرگانانی مرۆڤەوە فریو دراون".

ئەوەشی خستەڕوو "گرووپە کۆچبەرەکە لەگەل گەیشتنیان بە مۆسکۆ، دوای ماوەیەک چوونەتە بیلاڕوسیا و دواتر لەو وڵاتەوە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا چوونەتە سنووری لیتوانیاو پاشان لەلایەن هێزە سنوورییەکانی لیتوانییەوە دەستگیرکراون و دوای ئەشکەنجەدانیان یەکێک لە کۆچبەرەکان کە هاوڵاتییەکی کوردە گیانی لەدەستداوەو هێشتا تەرمەکەی رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکراوەتەوە".

ب ح
Qaiwan
Qaiwan