راپۆرت

ئەمڕۆ رۆژی جيهانيی زمانی دایکە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەمڕۆ رۆژی جيهانيی زمانی دایکە
مەودا میدیا-

هەموو ساڵێک 2/21، رۆژی جیھانی زمانی دایکە، ئامانج لەمرۆژە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیارییە بەرانبەر فرەزمانی و فرەفەرھەنگی لە جیھاندا، لەمرۆژەدا بۆ یەکەمجار لە 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 1999، لەلایەن رێکخراوی یونێسکۆوە راگەیەندراو ساڵی 2008یش ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکییەکانی ئەو رۆژە نیشاندا و ساڵی 2008یشی کردە ساڵی نێودەوڵەتیی زمانەکان.

مێژووی زمان و ژمارەی وشەکانی زمانی کوردی :

بنچینەی زمانی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ زمانە (هیندۆ ئەورووپی) یەکان، زمانی کوردی لەئێستادا لە چەند شێوەزارێک پێکهاتووە کە کورد لە کوردستانی گەورە (بە چوار بەشەکەیەوە) بە زیاتر لە 45 ملیۆن کورد قسەی پێدەکەن، زمانی کوردی بە دیاریکراوی 739 هەزار و 330 وشەی لە فەرهەنگە زانستی و وشەسازییەکانی جیهاندا تۆمار کراوە بە وشەی نوێ و دەستەواژەی دووبارە نەبوو ناسێنراون، بە تێکڕاش یەک ملیۆن و 220 هەزار وشە لەخۆدەگرێت، کە لە دوای زمانی کۆری، بە دەوڵەمەندترین زمان دادەنرێت لەرووی وشەسازیی و دەستەواژەوە.

هەڕەشەکانی سەر زمانی کوردی بەشێوەیەکی گشتیی:

کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان زمانەکەی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی زمانەکانی فارسی، تورکی و عەرەبی ئەوەش ئەنجامی دابەشکردنیەتی بەسەر چوار وڵاتدا و دەیان و سەدان وشەی بیانی هاتوونەتە ناوزمانی کوردییەوە، بەشێوەیەک گەنج و منداڵان بە تێکەڵاوی لە نێوان وشەی ئینگلیزی و کوردی قسە دەکەن، سۆشیاڵمیدیاش کاریگەری نەرێنی گەورە دەخاتە سەر زمانێک کە هەزاران ساڵە شووناسی نەتەوەیەکە و ئامرازێکی سەرەکی مانەوەیەتی.

هەڕەشەکانی سەر زمانی کوردی لە رۆژهەڵات:

لە رۆژهەڵاتی کوردستان زمانی کوردی لە ژێر چەپۆکی دەوڵەتی فارسدایە، چونکە لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندا دان بە مافی زمانی و پەروەردەیی پێکهاتە نەتەوەییەکان نەنراوە، بۆیە ئەرکی پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک کەوتووەتەسەر شانی خۆبەخشانی زمانی کوردی ئەوان خۆیان دەخەنە بەردەم فشاری هێزە ئەمنی و سەربازییەکان، بە پارەی خۆیان یان هاوکاریی خەڵک پێداویستییەکانی خوێندن دەکڕن و بە زەحمەتی زۆر، شوێن بۆ بەڕێوەبردنی کۆرسەکان دەدۆزنەوە.، هەرچەند لە زانکۆی سنە، بەشی تایبەت بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی هەیە، بەڵام لە هیچ زانکۆیەکی تری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان وانەی زمانی کوردی ناخوێندرێت، لە زنکۆی پەیام نووری مەریوان ساڵانی پێش کۆرسی زمانی کوردی بەڕێوەدەچوو، بەڵام رێگە نەدرا لەوە زیاتر بەرەوپێشبچێت.

هەڕەشەکانی سەر زمانی کوردی لە باکوور:

بەهەمانشێوەی رۆژهەڵات لە باکووری کوردستانیش زمانی کوردی قەدەغەیە،یەکەم کارێک لە پاش رووخانی دەوڵەتی عوسمانی و دروستبوونی کۆماری تورکیا (مستەفا کەمال ئەتاتورک) ئەنجامیدا زمانی کوردی بە تەواوەتی قەدەغە کرد لە خوێندنگا و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا، کە تاکو ئێستاش بەردەوامی هەیە لە کاتێکدا کورد یەک لەسەر پێنجی تورکیا پێکدەهێنێ زمانی تورکی زمانی فەرمی تورکیایە و قسەکردن بە زمانی کوردی بە تاوان ناسێنراوە، مامۆستایانی تورک لە سەرەتای خوێندنی بنەڕەتییەوە بە کوردانی تورکیا دەڵێن، تورکی زمانی ڕەسەنە و کوردی باش نییە بۆ فێربوون، لەئێستادا 60%ی کوردی باکوور بە زمانی دایکیان قسە ناکەن، هەرچەندە لە باکووری کوردستان چەند کۆمەڵەیەکی تایبەت بە فێربوونی زمانی کوردی کراونەتەوە، بەڵام هێشتا نەبوونەتە فریادرەسی رزگارکردنی زمانی کوردی لە لەناوچوون.

مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان چین؟

بەکارهێنانی زمانی دایک لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان لەئێستادا بە ئازادانە بەکاردەهێنرێت، بەڵام لەژێر هەڕەشەدایە، زۆربەی خێزانەکان لە باشووری کوردستان هەوڵدەدەن منداڵەکانیان بە فێربوونی زمانە بیانییەکان پەروەردە بکەن، وە هەروەها زۆربەی دامەزراوە گشتیی و تیبەتەکان زمانی بیانیان کردووە بە مەرج بۆ پێدانی هەلیکار و تاوەکو ئێستاش حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیداردەکان لەئاست ئەم تاوانە بێدەنگن.

ئەرکی حکومەت و وەزارەتی پەروەردە چییە ؟ لە هەرێمی کوردستان:

هەر شوێنێکی بازرگانی نوێ یان فرۆشگایەک یان شوێنێکی نیشتەجێبوون دەکرێتەوە وشەیەک بۆ شوێنەکە دادەتاشرێت کاتێک لە مانای وشەکە دەڕوانیت یان مانایەکی ئینگلیزی یان تورکی یان عەرەبی یان فارسی هەیە، بە دەگمەن دەبینی شوێنێک بکرێتەوە مانایەکی کوردەواری جوان بدات، لە کاتێکدا چەندین وشە و زاراوەی جوانمان هەیە بۆ ئەوەی شوێنە بازرگانییەکانمانی لەسەر بنیات بنێین، ئەوەی خەمەکەی زیاتر کردووە دەسەڵاتدارانی کوردە کە هیچ ڕێگرییەک ناکەن لەو وشە و دەستەواژە بیانییانە، بەڵکو کارئاسانیشییان بۆ دەکەن، چونکە ئەوەی لای دەسەڵاتداران خەمی سەرەکییە پارە و باج و ڕسوماتە نەک داهاتووی نەتەوەیەک کە پەیوەستە بە زمانەوە.

دەبوو حکومەت بە یاسا رێگری بکردایە لە بەکارهێنانی هەر دەستەواژەیەکی بیانی لە کردنەوەی هەر شوێنێکی بازرگانی یان کۆمەڵایەتی، ناوەندەکانی راگەیاندنیش هۆکارێکی تری بە بێگانەکردنی زمانی کوردین، چونکە هەوڵ و تەقەڵای چاک دەدەن بۆ زیادکردنی وشەیەکی نوێی بیانی و پێشبڕکێیانە بۆ خستنەناوی وشەی بێگانە بۆ ناو فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی، بە تێگەیشتویی و پیشەگەری و بێ رکابەری لێکدەدەنەوە.

هاوکات، ئاسانکاری کراوە بۆ کردنەوەی زۆرترین ناوەندی تایبەتی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا، کە بەشێکی زۆریان تورکی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و فەرەنسین، کە تیایدا منداڵ پێش ئەوەی فێری زمانی کوردی بن فێری ئەو زمانانە دەبن. حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە بە بەکارهێنانی وشەی تورکی و عەرەبی لەناو پەرتوکی قۆناغەکانی خوێندندا، هێندەی تر خوێی کردووە بە زامی کورداندا بەوەی، کە نەیانتوانیوە لە ژێر هەژمونی داگیرکاری زماندا باشوری کوردستان بپارێزن.

گرنگترین شێوەزارەکانی زمانی کوردی ئەمانەن:

زمانی کوردی زۆر دەوڵەمەندە ، بە وشەو هاو واتاکانی، چونکە لە چەند شێوەزارێکی سەرەکی پێک دێت:

1- شێوەزاری کرمانجی: بریتیە لە شێوەزاری هەکاری ، بایەزیدی ، شکاکی ، بادینی ، بۆتانی و رۆژئاوایی

2-  شێوەزاری ناوەڕاست: کە بریتیە لە شێوەزاری سۆرانی ، سلێمانی ، گەرمیانی ، موکریانی ، ئەردەڵانی

3-  شێوەزاری باشوور – خواروو: بریتیە لە شێوەزاری بەختیاری ، کەلهوری ، لەکی و لوڕی

4-  شێوەزاری گۆران : بریتیە لە شێوەزاری زازایی ، باجەڵانی ، گۆرانی رەسەن ، هەورامانی (تەخت و لهۆن)

ب ح
Qaiwan
Qaiwan