
سیروان مەحمود پۆلیس
بەختەوەرم کە ستوون نووسێکی تورك نیم
لە ژمارەی چەند رۆژێکی لەمەوبەری رۆژنامەی بەناوبانگی هۆڵەندی "Trouw" ستوونێکی نووسەری هۆڵەندی "سیلڤان ئێفیمنکۆ" سەرنجی راکێشام و چەند پرسیارێکی لەلام دروستکردووە و پاشان بۆ چەندبارە گەیشتمەوە ئەو بڕوایەی کە زۆرمان ماوە بگەینە ئاستی ئێستای مێنتالیتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی عەقڵانی ئەم کۆمەڵگە پێشکەوتووانە چ وەك رەفتاری تاکی شەقام و چ لە پەرچەکرداری باڵادەستانی کایەی سیاسی لەڕووی نەیارەکانیان.
سیلڤان فەرەنسییە و هەڵگری رەگەزنامەی هۆڵەندییە و لەدایكبووی جەزائیرە "١٩٥٦"، لە سەرەوەی ستوونەکەی بەگەورەیی نووسیوێتی: بەختەوەرم کە ستوون نووسێکی تورك نیم. باس لە دۆخی نووسەرە رۆژهەڵاتییەکانی هەڵگری رەگەزنامەی هۆڵەندی دەکات کە ناوێرن ئازادانە ستوونێك دەربارەی سیستمی دیکتاتۆریی سەرۆکەکانی وڵاتەکانی دایکیان بنووسن، چونکە زمان لێدانی تەلەفۆنێکی ئاسایی هاو هاوڵاتییەکیان بۆ باڵیۆزخانەی وڵاتەکانیان بەسە بۆ گرتنیان کاتی دابەزینیان لە فڕۆکەخانەی نیشتمانیان.
چەند نموونەیەکی هاوپیشەی خۆی دەهێنێتەوە کە لە ستوونەکانیان رەخنەیان لەو سیستمە دیکتاتۆریانەیان گرتووە و کاتێك سەردانی وڵاتەکانیان کردووەتەوە بۆ لای کەسوکاریان، ئەوا هەر لە فڕۆکەخانەوە بۆ چەند مانگێک دەستبەسەر کراون و گەر فشاری هۆڵەندا نەبووایە ئەوا سەرنگووم دەکران، لە کۆتاییدا دەڵێت: بەختەوەرم کە سەرۆك وەزیرانێکی وەك ماکرۆنم هەیە، ئەگەر ستوونێکی رەخنەیی لەسەر بنووسم یان قسەی پێ بڵێم، ئەوا ئەوپەڕی سزاکەم ئەمە دەبێت: ئەگەر لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لەهۆڵەندا بۆنەیەك رێکخرا، ئەوا جەنابی باڵیۆز بانگهێشتم ناکات بۆ سەر مێزی خوانەکەی!
یەکێک لەو پرسیارانەی لەلام دروست بوو ئەوەیە ئایا کەی فەرمانڕەوایانی رۆژهەڵات لەو راستییە تێدەگەن کە بە دەمداخستن و قەڵەم شکاندن و زیندانیکردنی نەیاران بەگشتی و رۆشنبیران بەتایبەتی، ئەوا رێگەیەکی پڕ مەترسی پیادەکەن بۆ پاراستنی قەوارەی خۆیان و کۆمەڵیش بەرەو سەرلێشێواوی و دابەشبوون دەبەن، لەکۆتاییشدا ئەنجامە خراپەکانی بەر لە هەر چین و توێژێك ئەوا خۆیان دەگرێتەوە زوو یان درەنگ. باشە ئەو پرسیارەم لە خۆیان ناکەن کە رۆشنبیران ئەگەر دوورە وڵاتیش بن و هەڵگری رەگەزنامەی دیکەش بن، ئەوا هێزێکی ئەزەلی هەمیشە ناخیان دەبەستێتەوە بە نیشتمانی دایك و لەگەڵ رووداو و پەرەسەندنەکانی ناوەوە تێهەڵدەچن؟
دەی ئەگەر رێگەی فڕۆکەخانە و گەڕانەوەی نیشتمانتان لێگرتن، ئەوا دەنگ و هزری زۆربەیانتان بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت و سەدای نووسین و رەخنەکانیان کاریگەر و گەورەتر دەبێت و دەبنە میوانی رەزا سووکی بەردەوامی شەقام و ماڵانی نیشتمان. ئەو فەرمانڕەوا و دەستوپێوەنەکانیان لەوانەیە ویژدانی هەندێ بەناو رۆشنبیر و نووسەر و تاکی تێکشکاو بکڕنەوە، بەڵام هەرگیز شکست دەهێنن لەگەڵ زۆرینەکە. رۆشنبیری دیموکراتخواز و بەتایبەتیش نووسەرانی پیشەیی ڕاستگۆن لەگەڵ هەڵوێست و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکانی پیشەکەیان، هەرگیز باوەڕ و ناخی خۆیان بە لاڕێدا نابەن لە ژێر فشاری ترس و دەستکەوتەکانی دەستپانکردنەوە. زۆر جار لێم بیستوون کە لەناخەوە وابەستەی وتەکەی شکسپیرن کە دەڵێت "ئەوان دەیانەوێت بمکەن بەوەی خۆیان دەیانەوێت، بەڵام ئەوە من نیم".
فەرمانڕەوایانی رۆژهەڵات بە سەرکردە کاریزمەکانی هەرێمیشمانەوە دەبێت تێبگەن کە مرۆڤ ناخی هەیە و گەر دەیانەوێت رابەر و خۆشەویست بن و کۆمەڵگە بەرەو سەرەوە ببەن و مێژووی باش بۆ خۆیان تۆمار بکەن، ئەوا دەبێت بایەخ بە مرۆڤ و دیوی ناوەوەی مرۆڤ بدەن، هیچ هەڵناچنن لەوەی سروشتی گەشەی کۆمەڵگە بەلاری ببەن و تێکی بدەن بۆ هەژموون و پاوانخوازیی دەسەڵات کە بەدڵنیایی بەو ستراتیژییە تێکدەرە تێکدەشکێت.
پرسیاری دیکەی زۆر هەن، بەڵام لەئێستادا یەك وەڵامی رەشبینی هەیە ، بەڵام کە گۆڕانکارییەکان روویاندا ئەوسا ئەم دیدگایانەمان دەبێتە عیبرەت بۆ فەرمانڕەوایانی نوێ ئەگەر وەری بگرن و بەعەقڵانی ئەزمونی پێش خۆیان بخوێننەوە.
ر.س