کوردستانی

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/5/14، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوەو چەند پرسێکی تایبەت بە مووچە و پرۆژەی رووناکی تاوتوێ کرد.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند "پێویستە حکومەتی فیدراڵ وەک قەوارەیەکی دەستووری رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و شایستە داراییە دەستووریيەکانی هەرێم لە بودجەی گشتيی فیدراڵ، بێ کێشە دابین بکات بە تایبەتیش کە هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نەماوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد " دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، پڕۆژەیەکی نیشتیمانیيە کە خاوەندارێتی بۆ وەزارەتی کارەبایە و بە هێزی کاری خۆماڵی کەرتی گشتی جێبەجێ دەکرێت و چەندین قازانج و سوودی گشتی هەیە لەرووی ژینگەیی و تەندروستی".

دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران:

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـومەنی وەزیـران سـەبارەت بە (پـڕۆژەی ڕوونـاکی)، بـۆ دابینکـردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بیست و چوار کاتژمێری بۆ هاوبەشانی تۆڕەکـانی کارەبـای نیشـتمانی، بە شــێوەیەکی فــراوان و بە بەردەوامــی و کەمکــردنەوەی تێچــووی بەکارهێنــان و ڕێگــريكردن لە بەهەدەردان و هاوسەنگی لە دابەشـکردن و پاراسـتنی ژیـنگە و تەندروسـتيی گشـتی و جێبەجێکردنـی ئەم پـڕۆژە نیشتمانییە، لەلایەن کەرتی گشتی و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت.

بۆ ئەم بڕگەیەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، وێڕای وەزیری کارەبا، میوانداریی هەردوو بەڕێوەبەری گشتيی دیوان و دابەشکردنی کارەبای هەرێم کرا بوو بۆ خستنەڕووی وردەکاریی پرۆژەکە و وەڵامدانەوەی پرسیار و سەرنجەکان.

سەرۆک وەزیران لە سەرەتادا، ئاماژەی بە گرنگیی ئەم پرۆژەیە کرد و ئاماژەی دا بەوەی کە ئەم پڕۆژەیە، بڕگەیەکی پەسەندکراوی كارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە مانگی تەمووزی 2019 پەسەند کرا و لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە متمانە بە کابینەکە درا.

سەرۆکوەزیران، ئەم پرۆژەیەی بە یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوبرد، کە داوا و خواستی چەندین ساڵەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بووە و مافێکی ڕەوا و سەرەتایی هاونیشتمانیانیش بوو کە بکرێتە ئەرکی لەپێشینەی ئەم کابینەیە بۆ ڕێکخستنەوە و ڕیفۆرمیی جیددی لە كارەبادا.

سەرۆکوەزیران دووپاتیشی کردەوە کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، پڕۆژەیەکی نیشتیمانیيە کە خاوەندارێتی بۆ وەزارەتی کارەبایە و بە هێزی کاری خۆماڵی کەرتی گشتی جێبەجێ دەکرێت و چەندین قازانج و سوودی گشتی هەیە لە ڕووی ژینگەیی و تەندروستی، هەروەها خەرجییەکەشی بۆ زۆرینەی خەڵک کەمترە لەو پارەیەی کە هاووڵاتییان بە موەلیدە و پارەی کارەبای نیشتمانی پێکەوە، دەیدەن.

سەرۆکوەزیران داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و بەپێی پێویستیی خۆیان کارەبا بەکاربهێنن و بەفیڕۆی نەدەن، بەو پێیەی بڕی بەکارهێنانی کارەبا، لێرە بە دواوە لەژێر کۆنتڕۆڵی هاووڵاتییان دەبێت و بەپێی بەکارهێنان پارە دەدەن، ئەمەش لەکۆتاییدا هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی تێچووی کارەبا و بەکارهێنانەوەی داهاتی بەدەستهاتوو لە پاڵپشتيی زیاتری هاوبەشانی تۆڕی کارەبای نیشتیمانی و سەرخستنی پرۆژەکە و فراوانکردنی، کە وا بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026 ، تەواوی هاوبەشانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوامی بیست و چوار كاتژمێری.

پاشان کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، ڕاپۆرتێکی بەرفراوان و بە داتا و زانیاریی وردی پێشکەش کرد و باسی لە وردەکارییەکانی پڕۆژەکە و قازانجەکانی بۆ هاووڵاتییان کرد، هەروەها ئاماژەی بەو چاکسازیيانە کرد کە لە قۆناخی ئەزموونیی پڕۆژەکە ئەنجام درا، بە ئاراستەی کەمکردنەوەی نرخی تێچووی کڕینی کارەبا لەلایەن هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی پاڵپشتيی دارایی بۆ ئاسانکاری، لەپێناوی خۆگونجاندنی هاووڵاتیيان لەگەڵ پڕۆژەکەدا.

دواتر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـومەنی وەزیـران سـەبارەت بە پڕۆژەی کارەبای بیست و چوار كاتژمێری (پـڕۆژەی ڕوونـاکی) و وردەکارییەکانی بۆ ئەنجومەن خرایەڕوو بە مەبەستی گفتوگۆ و بڕیاردان.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەبڕیارەکەی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێنمایيی پێویست بۆ ئاسانکاريی جێبەجێکردنی بڕیارەکە کە هەر بەگوێرەی بڕیارەکە، لیژنەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتيی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە سەرپەرشتيی سەرۆکوەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان پێکهات، بۆ بەدوادچوون و هەڵسانگاندنی بەرەوپێشچوونەکانی پرۆژەکە و سەرخستنی بە ئاراستەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ڕەچاوکردنی بارودۆخیان بە تایبەتیش کەمدەرامەتان.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کرا بۆ هاوئاهەنگی و هاریکاريی دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێريی دارایيی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕاپۆرتی هاوبەشن لەسەر وردبینيی دارایيی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتيی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2023، 2024، 2025.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بەردەوامبوونی هاریکاری و هاوئاهەنگيی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لە هەمانکاتدا دووپاتی کردەوە کە دەبێت حکومەتی فیدراڵ وەکوو هەرێمێکی فیدراڵ و قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و بەشەبودجەی هەرێم وشایستە داراییەکانی لە بودجەی گشتيی فیدراڵ بێ کێشە دابین بکات، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییە تەکنیکی و ژمێریاری و یاساییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە لیستی مووچە و خانەنشینی و تەرازووی پێداچوونەوە و دابینکردنی ژمارەی کەسيی بێهاوتا بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی خزمەتی وەزیفی جێبەجێ کردووە و هیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی لەم ڕووەوە نەماوە، تا بکرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم کە مافێکی یاسایيی ڕەوای مووچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشکرا جەختی لەم مافە کردووەتەوە.

ب ح
Qaiwan
Qaiwan