راپۆرت

پەروەردەی سلێمانی: راگرتنی دەوام درێژدەكرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەروەردەی سلێمانی: راگرتنی دەوام درێژدەكرێتەوە
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی سەر بە پەروەردەی گشتی پارێزگای سلێمانی بە دووری نازانێت بۆ چەند رۆژێكی تر راگرتنی دەوام درێژبكرێتەوە و دەشڵێت، لە سەرەتای مانگی حوزەیران تاقیكردنەوەكان دەستپێدەكەن چەندین پێشنیاریش هەیە بۆ شێوازی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ.

بەكر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "تائێستا تەنیا ئەگەر هەیە بۆ كردنەوەی دەوامی قوتابخانە و خوێندنگاكان لە دوای 2ی ئایار، لە حاڵەتی كردنەوەی دەوام، وەزارەتی پەروەردە پلانی تایبەتی خۆی دەبێت بۆ دەستپێكردنەوە و شێوازی دەوام و خوێندن".

ئەوەشی ئاشكراكرد " لە هەر حاڵەتێكدا ئەگەر دەوام دەستی پێكردەوە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ لە 1ی حوزەیران دەستپێدەكات، بەڵام قورسە بەو دۆخەی ئێستاوە بتوانین قوتابی و خوێندكار بخەینەوە ناو هۆڵەكانی وانە وتنەوە و لە هەر كاتێكدا وەزارەتی تەندروستی لێی بەرپرسە".

ئەوەشی باسكرد "تائێستا بە فەرمی باس لەدەستپێكردنەوەی دەوام نەكراوە، قوتابخانە هەیە سێ دەوامی تیا ئەكرێت و زیاتر لە هەزار 700 خوێندكاری تێدایە، ناكرێت ئەو موجازەفەیە بكرێت، قورسە بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە بتوانین خوێندكار تێكەڵ بكرێن و ناوەندەكانی خوێندن قەرەباڵغترین شوێنن و كە ناتوانرێت حكومەت بە ڕەهای بڕیار لەسەر دەوام بدات".

بەرێوەبەری گشتی پەروەردە رۆژئاوای سلێمانی نەیشاردەوە كە پێدەچێت دوای 2ی ئایار جارێكی تر بڕیار لەسەر ڕاگرتن و درێژكردنەوەی دەوام بدرێت بۆ ماوەی چەند رۆژێك، لەو كاتەشدا خوێندن بەشێوەی سیستمی بە ئەلیكترۆنی دەبێت وەك سیستمی پاڵپشتیكار".

وتیشی "هەمووان دڵنیا دەكەینەوە كە خوێندنی ئەمساڵ بە هیچ شێوەیەك تووشی فەوتان نابێت و لە سەدا 70 خوێندراوە، بڕیاری تریش هەیە كە سێ هەفتە لە هاویندا بەردەوامبین و دواتر تاقیكردنەوە، یان ئەوەی ئەمساڵ خوێندراوە، تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی لەسەر بكرێت و لە ساڵی خوێندنی 2020- 2021 لە سەرەتای دەوام خوێندنێكی خێرا بەو چەند وانەیە بكرێت كە نەخوێنراوە و دواتر دەست بە خوێندنی ئەوساڵە بكرێت".

لە هەرێمی كوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا لە 24ی شوباتەوە دەرگای قوتابخانەكان داخراون و بەپێی دوایین بڕیاریش تا 2ی ئایار ناكرێنەوە كە دەكاتە نزیكەی 70 رۆژ و هیچ بڕیارێكیش لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە نییە بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام.
Qaiwan
Qaiwan