راپۆرت

بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نەبڕیووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نەبڕیووە
مەودا میدیا-

ماوەی زیاتر لە ساڵێك و سێ مانگە، حكومەتی عیراق مانگانە بڕی 454 ملیار دینار وەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بڕە نەوتێكی ڕادەستی حكومەتی عیراق و كۆمپانیای سۆمۆ نەكردووە و لە نوێترین بڕیاریشدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان راگیراوە ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت، لەم چەند رۆژەدا پارەی بەغدا رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

لە كاتی پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019، لە پرۆژەكەدا باس لەوەكرابوو، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی عیراق بكات و لە بەرانبەردا حكومەتی عیراق مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت.

ئەگەرچی پرۆژەكە پەسەندكراو كرا بە یاسا، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندنەبوو بە ناردنی نەوتی رۆژانە كە 250 هەزار بەرمیلە، لە كاتێكدا حكومەتی عیراق هەموو مانگێك لە نێوان 18 بۆ 25ی مانگ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی لە كاتی خۆیدا رەوانە كردووه.

لە ئێستاشدا بەهۆی ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی عیراق و خۆپیشاندانی هاوڵاتیان و پرسی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، پرۆژە یاسای بودجەی ساڵ 2020 رەوانەی پەرلەمانی عیراق نەكراوە و لەو سێ مانگەشدا حكومەتی عیراق بەردەوام مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی ناردووه، بەڵام لە ئێستادا بڕیارداوە مووچەی مانگی چواری 2020 نەنێرێت و بڕیاری راگرتنی داوە.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەر بە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "نوسراوێكی عامەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق هەیە بۆ وەزارەتی دارایی نێردراوە و باس لەوە دەكات، لەژێر رۆشنای ئەو زیانەی كە بەر عیراق كەوتووە لە مانگی یەك و دوو و سێی ئەمساڵ، عیراق چەندی زیان كردووە لە رادەستنەكردنی نەوتی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەرێمی كوردستان حسابات لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن و ناردنی پارە بۆ هەرێم ڕابگرن".

هەروەها وتی "بڕینی پارە نایاساییە، بەڵام وەفدی هەرێمی كوردستان لە كاتی سەردانەكەیاندا بۆ بەغدا گفتوگۆیان لەسەر ئەوە كردووە و جۆرێك لە رێككەوتن دروستبووە لە نێوانیاندا".

باسی لەوەشكردووە "بەپێی رێككەوتنەكە، بەغدا پارەی مانگی نیسان بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، لە سەرەتای مانگی داهاتووش هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی عیراق و كۆمپانیای سۆمۆ دەكات".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەروەها وتی "ناردنی پارەكە لە لایەن بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان پێویستی بە واژۆی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری حكومەتی عیراق هەیە و هەركات واژۆی لەسەر كرد مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت".

لای خۆیەوە زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "بەغداد پارەی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت بەڵام دیار نییە كەی رەوانەی دەكات، لە كاتی سەردانی شاندەكەش لێكتێگەشتنی باش هەبووە لە نێوان هەردوولا".

وتیشی "پێویستە هەرێمی كوردستان و بەغدا رێكبكەون و تەنیا رێكەوتن چارەسەرە، هەروەها لەسەر غازی سروشتیش قسە كراوە و لێكنزیكبوونەوە هەیە، گرنگە هەرێمی كوردستان هەرچۆنێك بێت لەگەڵ ناوەند رێكبكەوێت، ئەگەر رێككەوتن نەكرێت هەرێمی كوردستان تووشی كێشە دەبێت".

سەرچاوەیەك كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە مەودا میدیای راگەیاند "بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی باس لە رەوشی مووچەی فەرمانبەران و بڕینی پارەی بەغدا بكات، هاوكات لە بارەی سەردانەكەی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە".

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان