
رەنگین مەلا سەمەد
میدیای یەکێتی و بەرپرسیارێتی
کاتێک دەمانەوێت باس لە میدیای بینراو، بیستراو و نووسراو بکەین، لەڕووی پاراستنی ئەخلاقییەت و رەچاوکردنی لایەنی خێزانی و پاراستنی لایەنە کۆمەڵایەتییەکان و پابەندبوون بە کولتووری رەسەنی کۆمەڵگەی کوردی و لانەدان لێیان، ئەوا بێدوودڵی و موجامەلەکردن بیرمان بۆ میدیا و میدیاکارانی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) دەچێت.
بەجۆرێک سەنگینە، کە ئێمەی میدیاکار روومان سپییە لە باسکردن و خستنەڕووی چەمک و سیاسەت، یاسا و رێسا، میکانیزم و پرۆگرامەکانی لە بەڕێوەبردندا، مێژووی میدیاکانی یەکێتی لە سایەی سیاسەتێکی دروست و پلان بۆ داڕێژراوەوە درووستبووە، بناغەکەی پەیڕەوکردنێکی دروست و راستبووە لەسەر لانەدان و پشتبەستن بە ئیتیکی رۆژنامەوانیی و دەرنەچوون لەو رێگەیە، ئەمەش بۆ پایەبەرزیی و شکۆی سەرۆک مام جەلال دەگەڕێتەوە، کە دنیایەک تێکۆشا لەپێناو دروستبوون و کردنی بە رێچکەیەک، کە تائێستاش ئەو رێچکەیە پتەو و پڕە لە گەیاندنی راستگۆیی و هیچکات متمانەی لێ کەمنەبووەتەوە لای هەمووان.
پردێکی تۆکمە و بەهێز بووە لە ئاڵوگۆڕ و شیکردنەوەی زانیاری و هەواڵەکان بە بینەر، چۆنێتی هەواڵی پێ گرنگتربووە لە چەندێتی و تەرازووی بۆ کێشانە و پێوانەی لەگەڵ بەرانبەر هیچ کات نەخستووەتە بەردەست لە پێشبڕکێدا، ئەوە کارەکانێتی کە گەواهیدەرن لەسەر کێش و قەبارە و پێوانەکردنی.
میدیاکانی یەکێتی ژیانی کەسیی ناکەنە هەواڵ و گوێی بینەری پێ سڕکەن، بەرەو دونیای فەزاحەتی رۆژنامەوانی پووچگەرایی و بێبەهاییان ببەن، وەک ئەوەی ئێستا هەندێک میدیای بێ ئەرزش و بێدەربەست و بێباک دەیکەن.
ئەمەی دەیڵێین موجامەلە نییە، پیاهەڵدانیش نییە، بەڵکو راستییەکی درکپێنەکراوی رێژەییە کە تەنیا میدیا و میدیاکارە بەرپرسیارەکان لایان گرنگە و هەستی پێدەکەن، ئەوانەی راستگۆییان لە چەواشەکاری و واقعیان لە خۆدەرخستن و رەچەڵەک و مانەوەی رەسەنایەتییان لە قاڵبدەرچوون، مەعنەوییەتیان لە ماددی لا گرنگترە.
ئەمەی دەیڵێین کەم نەبێ هیچی لێ زیاد نییە، دەنا یەکێتی لەڕووی کاری میدیاییەوە حەوجەی بە هەڵنان و باسکردن و دەرکەوتن نییە وەک ئەوەی هەندێک میدیای نابەرپرس دەیکەن، ئەو ناچێ میدیاکارانی بۆ پەیداکردنی لایک و کۆمێنت و ئەکتیڤ میدیاکارانی بخاتە بازاڕی داشکاندنەوە، هەرزە و هەڵەشییان پێشانبدات، ئەو لە دەستکەوتن و دەرکەوتنی بێژەر و پێشکەشکار و تەنانەت کارمەندەکانیشی هەستیارە، بەئاگایە بەرانبەر بە رەچاوکردن و لەبەرچاوگرتنی رەوشت و پێشینەی رابردووی، تا لەوەی ئێستای بونیادیناوە باشتر و باشترین بێت.
کادر و کارمەندانی میدیای یەکێتی هەردەم لە لووتکە و درەوشانەوەدان، هەرگیز گڵۆپی سوور بۆ ناو و ناوبانگ هەڵناکەن، ئەوان هەردەم ئاگادارن لە بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان، هەستی خەڵکیان بەلاوە گرنگە نەک نەستیان.
ئەمەیە کاری رۆژنامەوانیی میدیای یەکێتی کە رێبازێکە لە هەناو و رۆح و رەوتاری (مــــــام)ەوە هەڵقووڵاوە و لەشکرێک خۆنەویستانە بۆ درێژەدانی تیایدا کاردەکەن، تا زیاتر دروشمی (شکۆ و باڵایی و راستی و دروستی) پارێزراوبێت.
خ.غ