عارف قوربانی

عارف قوربانی

رووفاتەکانى ئیسرائیل و رووفاتەکانى ئەنفال

دواى دوو ساڵ لە شەڕێکى خوێناوی، لە چوارچێوەى پلانێکى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمەریکادا وەک شەڕێکى تەواونەکراو، لە (شەرم ئەلشێخ) ئیسرائیل و حەماس رێککەوتن کۆتایى بەو جەنگە کاولکارییەى نێوانیان بهێنن. سەربارى ئەوەى هیچ لایەکیان نەیانتوانى تەواوى ئامانجەکانى خۆیان لە هەڵگیرساندنى ئەم جەنگە بەدیبهێنن، بەڵام هەردوولا خۆیان وەک براوە دەبینن. بێگومان لە هەر رێککەوتنێکیشدا لایەنەکانی کێشە خۆیان بە براوە بزانن، ئەوە ئاماژەى دەستگرتنە بە رێککەوتنەکەوە.

لە لایەکى دیکەشەوە هەردوولا دەزانن بە دەستپێکردنەوەى شەڕ گوشارەکان لەسەریان زۆرتر دەبن. حەماس لەژێر گوشارى هێز و تانک و تۆپى ئیسرائیل و ئیسرائیلیش لەژێر گوشارى تەریککەوتنى لەناو کۆمەڵى نێودەوڵەتى. بۆیە بە هەموو لۆژیکێک، دەبێت هیچ لایەکیان مەیلى ئەوەى نەبێت ئەم رێککەوتنە تێکبچێت.

بەڵام رێککەوتنەکە، کە هێشتا لە قۆناغەکانى سەرەتادایە و هیچ بەند و بڕگەیەکى بە تەواوى جێبەجێ نەکراوە، نزیکە لەوەى هەڵبوەشێتەوە. هۆکارەکەشى پەیوەندیى بە تەرمى ئەو بارمتانەوەیە کە رۆژى 7ى ئۆکتۆبەرى 2023 لەلایەن حەماسەوە رفێندران و لە ماوەى ئەم دوو ساڵەدا لە زیندانەکانى حەماس مردوون. بەپێى رێککەوتنەکەى نێوانیان، دەبێت حەماس لە هەنگاوى یەکەمى دواى ئاگربەستدا سەرجەم بارمتە زیندوو و مردووەکان رادەست بکاتەوە؛ بەڵام ئێستا حەماس دەڵێت، تەرمى ژمارەیەک لە بارمتەکان بەردەست نین و دەبێت بەدوایاندا بگەڕێین تاوەکو دەدۆزرێنەوە. نەتەنیاهووش ئەمە وەک پاساوى خۆدزینەوەى حەماس دەبینێت، بۆیە هەڕەشەى ئەوە دەکات کە ئەگەر هەنگاو بە هەنگاو وەکو لەسەرى رێککەوتووین، رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت، هێرشەکانمان دەستپێدەکەینەوە.

ئەوەى مەبەستمە لەسەرى بدوێم و بەراوردى بکەم بە ئێمەى کورد، پرسى رووفاتەکانە. ئیسرائیل لە کاتێکدا دەزانێت ئەم جەنگەى غەززە چەند زیانى بە پێگەى وڵاتەکەى گەیاندووە لەناو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، لە سەرەتاى رووداوەکان و وەکو لێکەوتەیەکى هێرشەکانى حەماس لە 7ى ئۆکتۆبەر، بەشى زۆرى وڵاتانى جیهان پشتگیریى ئیسرائیلیان کرد و بە مافێکى رەواى تەلئەڤیڤیان دەزانى تۆڵە لە حەماس بکاتەوە، بەڵام دواى دوو ساڵ جەنگ، جگە لە ئەمەریکا هیچ وڵاتێکى دیکەى رۆژئاوایى، کە پێشتر دۆست و هاوپەیمانى ئیسرائیل بوون، لە پشتى نەماون. نەک هەر ئەوەندە، تەنانەت کەوتنە سەنگەری دژی ئیسرائیلەوە و سەرکردایەتیى هەڵمەتێکى نێودەوڵەتییان کرد بۆ دەستەبەرکردنى مافى دانپێدانان بە دەوڵەتى فەلەستیندا.

ئیسرائیل دەزانێت دواى ئەم رووداوانە، بە دەستپێکردنەوەى هێرشەکانى بۆ سەر غەززە، لەناو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیدا زیاتر دەخرێتە پەراوێزەوە و پشتیوانەکانى فەلەستین زیاتر دەبن؛ بەڵام وەکو چۆن لەسەر چەند بارمتەیەک لە یەک کاتدا چووە شەڕى چەند وڵاتێکەوە، سووریا و لوبنان و غەززەى وێران کرد، بە دڵنیاییەوە لەسەر چەند رووفاتێکیش ئامادەیە دەست بە جەنگ بکاتەوە. ئیسرائیل لەوەتەى هەیە بەهاى هاوڵاتیى خۆى لەلا بەسەنگ بووە. دەیان جار روویداوە هەزاران دیل و زیندانیى فەلەستینیى ئازاد کردووە لە بەرانبەر یەک سەربازى ئیسرائیلى، ئەمە ئەگەر بە دیوێکدا بۆ نیشاندانى بێبەهایى نەیارەکانى بووبێت، بە دیوێکى دیکەدا گەیاندنى ئەو پەیامە بووە کە بەهاى جوولەکە سەدان هێندەى بەهاى عەرەبە. بۆیە ئێستا چاوەڕوانکراوە لەسەر رووفاتى چەند بارمتەیەک جەنگێکى خوێناوى بەرپا بکات.

لەناو ئێمەى کورددا ئیدیۆمێکى ناڕاست لەسەر خەسڵەتى کۆمەڵگەى کوردى کراوە بە ماڵ، کە دەوترێت (کورد زیندووکوژى مردوو پەرستین). دەشێ ئەو بەشەى راست بێت کە کورد بۆ خۆمان زیندوو کوژبین، بەڵام راست نییە کە مردووپەرست بین. ئەگەر دەربەستى مردووەکانمان بهاتباین، چارەنووسى رووفاتى دەیان هەزار ژن، منداڵ، کچ، کوڕ، پیرەمێرد و پیرەژنەکانمان بەو جۆرە نەدەبوو کە ئێستا لە بیابانەکانى عیراق دەیبینین.

22 ساڵە کورد لە عیراقى دواى سەدام دا، دەستڕۆ و دەسەڵاتدارە لە بەغدا. بە ئاسانى دەیتوانى دەستى بگاتە هەموو بستە خاکێکى عیراق و توانا و ئیمکانیات و زانیارى دەربارەى رووفاتى دەیان هەزار ژن و منداڵى کوردى لابوو، کە لە سەردەمى سەدام دا بەشێکیکان زیندەبەچاڵ کرابوون و بەشێکیشیان بە کۆمەڵ گولـلەباران کراون. ئەگەر سادەترین هەستى بەرپرسیارێتى بەرانبەر بە رووفاتى ئەو ئازیزانەى هەبووایە، دەبوو تاوەکو ئێستا هەموویانى بگەڕاندایەتەوە بۆ ناو کەسوکاریان، بەڵام نەک ئەوەى نەکردووە، باڵاترین پۆستى عیراق کە سەرۆکایەتیى کۆمارە بەدەستى کوردەوەیە، ژمارەیەک گەنجى کورد پاسەوانى سەرۆککۆمار بوون و 10 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانى عیراقەوە رفێندراون، تاوەکو ئێستا کورد نەیتوانیوە ئەو پاسەوانانە بگەڕێنێتەوە ئیدی رووفاتى ئەنفال چۆن دێنێتەوە، کە ئەمە ئاماژەى بە سووک سەیرکردنى کوردە لەلایەن کورد خۆیەوە.

چەندین هەزار کچ و ژن و منداڵى ئێزدى لە ساڵى 2014 لە شنگال و دەوروبەرى کەوتنە دەستى تیرۆریستانى داعش، 8 ساڵە کۆتایى بە دەسەڵات و خەلافەتى داعش هێندراوە و جوگرافیایەک نەماوە بەناوى جوگرافیاى داعش، بەڵام تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2000 کچى کورد کە لەلایەن داعشەوە بە بارمتە گیرابوون، چارەنووسیان بە نادیارى ماوەتەوە. جگە لە کەسوکارى خۆیان، لەناو ئەم قەومى کوردەدا ژمارەى ئەوانەى خەم لە چارەنووسى ئەم بارمتە بەکەنیزەککراوانە دەخۆن، رەنگە کەمتر بێت لە ژمارەى خودى رفێندراوەکان.

ئەم بەراوردکارییەم بۆ ئەوەیە، دەبێت گەلى ئێمە بە خەڵک و دەسەڵاتەکەیەوە هۆشیار ببێتەوە لەوەى لەناو چى دۆخێکى خراپدایە. تۆ کە خۆت بەها بۆ خوێنى خۆت دانەنێیت، کەس ئامادە نییە بەهات بداتێ. هیچ گەل و دەسەڵاتێک هێندەى کورد خەمسارد نییە لە بەرانبەر بە ئەندامەکانى، دەبوو شەڕى دەسەڵاتدارانى کورد لەگەڵ بەغدا لەسەر خوێنى ئەو دەیان هەزار کوردە بوایە کە تاوەکو ئێستاش تەرمەکانیانمان نادەنەوە؛ بەڵام دیارە لە دیدى سەرکردەکانى کوردەوە داهات و نەوت، سامانێکى گرنگترە وەک لە مرۆڤەکان و نیشتمان.

ئەم بەراوردکارییە نەک هەر لەگەڵ ئیسرئیل، ئەگەر لەگەڵ عەرەبەکانى غەززەش خۆمان بەراورد بکەین، بۆ ئێمە مایەى شەرمەزارییە. تەماشا بکەن، دوو ساڵە ئیسرائیل بە ئاگر و ئاسن بەربووەتە گیانى غەززە، وەکو باس دەکرێت تاوەکو ئێستا 70 هەزار کەسى لێ کوشتوون، 90%ی شارەکانیان وێران کران و بەکەڵکى ژیان نەماون. خەڵکەکەى چەندین جار ئاوارە و دەربەدەر بوون، بەشى زۆرى سەرکردە و چەکدارەکانى حەماس کوژران. هیچ کەس نەیبیست فەرماندەیەکى سەربازى یاخود کۆلکە سیاسییەکى حەماس لێدوانێک بدات و بڵێت، با شارەکە تەسلیم بکەین بۆ ئەوەى باڵەخانەکانى شار نەڕووخێن، بەڵام زۆر بەسەر 16ى ئۆکتۆبەر و چیرۆکى تەسلیمکردنى کەرکووک دا تێنەپەڕیوە و ئێستاش کەسانێک وەکو شانازى پێمانى دەفرۆشنەوە، کە "کەرکووکمان بۆیە تەسلیم بە حەشد و سوپا کرد، تاوەکو خانووەکانى وەکو موسڵ نەڕووخێن."

گەلێکى ژێردەستەى خاک داگیرکراوی چەوساوە بەم جۆرە لە ئازادى بڕوانێت، بۆ هەمیشە بە ژێردەستەیى دەمێنێتەوە. گەلێک خۆى بەها بۆ خوێن و رۆحى خۆى دانەنێت، بۆ هەمیشە لەلایەن خەڵکى دیکەوە، بێ بەها لێى دەڕوانرێت.

ر.س

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan