کوردستانی

هیچ ئۆتۆمبێلێكی بێسەرەتا دەستیبەسەردا ناگیرێت ئەگەر سەرپێچی نەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


هیچ ئۆتۆمبێلێكی بێسەرەتا دەستیبەسەردا ناگیرێت ئەگەر سەرپێچی نەكات


مەودا میدیا- 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەراگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان، مەودا میدیا بەدواداچوونی تەواوی كرد و دەركەوت كە هەواڵەكە بەو شێوەیە نییە و هیچ ئۆتۆمبێلێك لەخۆڕا دەستیبەسەردا ناگیرێت. 

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی كە نایەوێت ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بە مەودا میدیای راگەیاند"ئەو هەواڵەی كە بڵاوبووەتەوە لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان دوورە لە راستییەوە و هەندێك كەناڵی راگەیاندن بۆ مەبەستی تایبەت بڵاویان كردووەتەوە". 

وتیشی"لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەك بیر لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە نەكراوەتەوە، بەڵكو ماوەی زیاتر لە مانگێكیشە لە شارەكانی هەرێم لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاسایشەوە كۆدیان بۆ دەكرێت بە مەبەستی رێكخستنەوەیان". 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد"دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە كە سەرپێچی ئەنجام دەدەن و لەو حاڵەتەشدا دوای غەرامەكردنیان رادەستی خاوەنەكانیان دەكرێتەوە". 

ئەو بەرپرسەی هاتوچۆ داواشی لە خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان كرد كە دوور بن لە سەرپێچی و پابەندی رێنماییەكانی هاتوچۆ بن بۆئەوەی دووربن لە دەستبەسەرداگرتن و سزادان". 
ئ پ  


Qaiwan
Qaiwan