ئابووری
نرخی زیو بەبێدەنگی فڕی و ریكۆردێكی مێژوویی تۆماركرد
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
هەرچەندە هەمووان بەزۆری دڵیان لای زێڕە و چاویان لەسەر نرخەكەیەتی بۆ دەستكەوتنی قازانج، بەڵام لە پەنای ئەو كانزایەدا نرخی زیو بە هێواشی تادێت زیاتر بەرزتر دەبێتەوە بەبێ ئەوەی خەڵكێكی زۆر گرنگی پێبدەن و شەویش رابردووش نرخەكەی ریكۆردێكی مێژووی تۆمار كرد.
شەوی رابردوو تا كاتی داخستنی بازاڕەداراییەكانی جیهان نرخی هەر ئۆنسەیەك زیو بە رێژەی 1.71 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 67.16 دۆلار، ئەوەش لە كاتێكدا كە هەر دوێنێ ئەو نرخە گەیشتە 67.45 دۆلار و دواتر دابەزییەوە كە ئەوەش بەرزترین نرخە لە مێژوودا تا ئێستا زیو پێیگەیشتبێت.
پێشڕەو محەمەد، شارەزای بازاڕەداراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند"هاوڵاتییان و بازرگانان بە تایبەت ئێستا بەشێكی زۆریان چاویان لەسەر نرخی زێڕە، بەڵام نرخی زیو بە بێدەنگی تادێت زیاتر بەرزتر دەبێتەوە بەشێكی كەمیش لە مامەڵەكاران سوودیان لەو بەرزبوونەوەیە وەرگرتووە".
وتیشی"ئێستا لە جیهاندا بەشێوەیەكی بەرچاو خواست بۆ وەبەرهێنان لە زیودا زیادی كردووە، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی خواستیش بڕێكی كەمی ئەو كانزایە لە بازاڕەكاندا دەخرێتەڕوو، ئەوەش وایكردووە زیاتر نرخەكەی بەرزببێتەوە".
ئ پ
بیروڕا


