مەودا کەناڵ

ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانێکى نەبەز و چاونەترس

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانێکى نەبەز و چاونەترس
مەودا میدیا-

سیاسەتڤانێکى نەبەز و چاونەترسە و هەموو تەمەنی بۆ دۆزی کورد تەرخانکردووە، پلە و پۆستى لا گرنگ نییە و رۆژگارێک بەتەنیا بە گژ دوژمنانى کورددا چووەتەوە، رۆژێک سەرى دەشکێنن و رۆژێکى دیکەش لوتى، کەچى ئەو بەرچاوی تاریک نابێت و تەمەن رێگەى خەباتى لێناگرێت.

ئەو پیاوە ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانانى دیاری باکوورى کوردستانە
ئەحمەد تورک ساڵى 1942 لە ناوچەى دێرکی شارى ماردین لە باکووری کوردستان لەدایکبووە
لە سەرەتاى ژیانییەوە حەزی لە خوێندنەوە و کارى رێکخراوەیی کردووە
بەردەوام لەگەڵ هاوڕێکانیدا کارى چاکەخوازیی کردووە، لە بنەماڵەیەکى سیاسى پەروەردە بووە و باوکی ئەندامی پارتى گەلی کۆماری "جەهەپە" بووە
لەکاتى سەرژمێریی تورکیادا، حکومەت نازناوی "تورک"ی خستووەتە پاڵ بنەماڵەکەی
ساڵى 1974، ئەحمەد تورک دەبێتە ئەندامى جەهەپە، ئەو حزبەى کە ئەتاتورک دایمەزراند و تائێستایش دژى مافەکانی کوردە
ساڵى 1977 بووەتە ئەندامی پەرلەمانى تورکیا لەسەر لیستى جەهەپە
بەڵام زۆرى نەبرد، ساڵى 1980 کەنعان ئیڤرینى، جەنەڕاڵى سوپاى تورکیا کودەتاى سەربازیی کرد و پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و ئەحمەد تورک و هاوڕێکانیشی خستە زیندانەوە 

لەبارەى زیندانەوە ئەحمەد تورک دەڵێت، ئازاریان زۆر دەداین، سوکایەتییان پێدەکرین و رووتیان دەکردینەوە و بە سەدان سەرباز بە شەق و دار لێیان دەداین
ئەحمەد تورکیا ئەگەرچى بەردەوام رووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە و زیندان بووەتەوە و نەترساوە، بەڵام ئازارى زیندان هێندە زۆرى بۆ هێناوە دەڵێت "ئەوەندەیان ئەشکەنجە داین ئاواتم بە مردن دەخواست"
ساڵى 1987 جارێکى دیکە دەبێتەوە ئەندامی پەرلەمانى تورکیا و ئەو جارەش زۆر نابات و دوور دەخرێتەوە

ئەحمەد تورک واز لە جەهەپە دەهێنێت
ئەحمەد تورک وردە وردە لە جەهەپە دوور دەکەوێتەوە و دەکەوێتە دواى بەدیهێنانی مافەکانى گەلەکەى، دەزانێت هەموو حزبەکانى تورکیا نزیک و دوور دژى مافەکانى کوردن، تەنانەت بە ماندووبوونى ئەو کوردانەش نازانن دڵسۆزانە کاریان لەگەڵ دەکەن

ئەحمەد تورک لەگەڵ سەباحەت تونجەل و ژمارەیەک لە هاوڕێکانیدا بۆ یەکەمین جار پارتێکى کوردی دادەمەزرێنن، ساڵى 2007 پارتى کۆمەڵگەى دیموکرات "دەتەپە" خۆى رادەگەیەنێت و ئەحمەد تورک دەبێتە سەرۆکى پارتەکە، هەمان ساڵ ئەحمەد تورک لە هەڵبژاردنى پەرلەماندا سەرکەوتنى بەدەستهێنا، بەڵام زۆرى نەبرد و ساڵى 2009 دەتەپەیان داخست و ئەحمەد تورک و هاوڕێکانیشی لە پەرلەمانتارى دوورخرانەوە

ئەحمەد تورک، بە پەیامە ئاشتیخوازییەکەى تورکی هەراسان کردبوو، زیندان و چەوساندنەوە ناخى ئەو پیاوەیان نەگۆڕى، بەڵکو وردە وردە لە شەقامى تورکیدا باڵاى هەڵدەکشا
دادگاى تورکیا لەسەر چەند تۆمەتێک داواى ئەحمەد تورک دەکات بۆ ئامادەبوون لە لە دانیشتنى دادگاییکردنى بانگهێشت دەکات، ئەو بێ پاسەوان و بۆ سەروەربوونى یاسا ئامادە دەبێت، بەڵام لەناکاو و لەناو حەوشەى دادگاکە تورکێک هێرش دەکاتە سەرى و لوتى دەشکێنێت.
شەقامی کوردی لەسەرى دێنە دەنگ، چەند لاوی خوێن گەرمی کورد هەڕەشەى تۆڵەکردنەوە دەکەن، پێچەوانەى ئەو دەنگانە ئەحمەد تورک دیسانەوە پەیامی ئاشتیخوازیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند پێویستە دۆزی کورد بەئاشتییانە چارەسەر بکرێت

ئەحمەد تورک ساڵى 2014 بەشداریی هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى تورکیاى کرد و بە سەرۆکی شارەوانیی ماردین هەڵبژێردرا، بەڵام دواى دوو ساڵ دیسانەوە دەرکرایەوە و قەیوم خرایە شوێنەکەى
تەمەنى هەڵکشاوە و دەستەکانی دەلەرزن، ماندووە و نەخۆشیی تەنگى پێ هەڵچنیوە، بەڵام دەزانێت رێگاى خەباتەکەى دوور و درێژە و ئامانجەکەى پیرۆزە، ساڵى 2019 ئەحمەد تورک دیسان لە شارى ماردین دەبێتە رکابەرى کاندیدەکەى رەجەب تەیب ئەردۆغان، نەک هەر نادۆڕێ، بەڵکو بەشێوەیەکى وا سەردەکەوێ هەزەیەک لە ئەردۆغان و حزبەکەى دەدات و دیسانەوە فەتحی ماردین دەکات

شەڕفڕۆشتن بە ئەحمەد تورک دەستپێدەکاتەوە، حزبەکەى ئەردۆغان لە ماردین دۆڕاوە، بەڵام دادگا و پۆلیس و سوپاى لەبەردەستە، بۆیە چوار مانگ دواى سەرکەوتنى لە هەڵبژاردانى شارەوانییەکانى ماردین دیسانەوە ئەحمەد تورک لە پۆستەکەى دووردەخرێتەوە و قەیومێکى ئەردۆغان دەخرێتە جێگاکەى

ئەحمەد تورک ئێستا تەمەنى 78 ساڵە، بەڵام وەکو گەنجێکی شۆڕشگێڕ ناوەستێ، ئەو کورسی شارەوانیی لێ داگیرکراوە، بەڵام لەسەر شەقامەکانى شار دژى ستەمی تورک و دەسەڵاتەکەى دەجەنگێ، جەنگێکى جیاواز، جەنگێکی دوور لە دەنگی فیشەک و ئاوەدان بە نەعرەتەى ئازادیخوازیی.
https://www.youtube.com/watch?v=ajlwKa9zzag
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان