کوردستانی

وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندی خوێندکاران دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندی خوێندکاران دەدات
مەودا میدیا-

بەڕێوبەرایەتیی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن، داشکاندن، کەمکردنەوەی مووچەی مامۆستایانیان و پارەی خۆراک و گواستنەوەی قوتابییان لە قوتابخانە و پەیمانگا ناحکومییەکان.

بەڕێوبەرایەتیی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان لە وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند "پاش فەرمانی وەزاریی ژمارە 61 لە رێکەوتی 11ی 5ی 2020 بە گرنگی دەزانین ئاگادارتان بکەینەوە پابەندبن بەم خاڵانە، بەپێچەوانەوە هەر قوتابخانە و پەیمانگەیەک سەرپێچی بکات، جیا لە سزای دارایی، ڕێگەی پێنادرێت بۆ ساڵی خوێندنی ئاییندە قوتابی وەربگرێت:

1 داشکاندنی 10% پەیوەندی نییە بەوەی نرخی خوێندنتان چۆن راگەیاندووە لە سەرەتای ساڵەوە، کێبرکێی نرخ، یان هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی خۆتان وای کردبێت نرخی ئەمساڵتان لە ساڵی رابردوو جیاواز بێت یان کەمتر بێت، ئەوە ناگەیەنێت ئەم داشکاندنە نەکەن.

2 نابێت بە هیچ خانەوادەیەک بگوترێت منداڵی یەکەم شمولی داشکاندن دەکات و منداڵەکانی دیکەت شمول ناکەن، چونکە ئەمە پەیوەندی بە داشکاندنەوە نییە، ئۆفەری ساڵانەی خۆتانە و ناچێتە خانەی داشکاندنەوە.

3ـ بەهیچ جۆرێک نابێت داوا لە مامۆستایانی ناحکومی بکرێت لەپای داشکاندنی نرخی خوێندن، هەمان رێژە لە مووچەکانیان ببڕدرێت، فەرمانی وەزاری روونە کە دەبێت مووچەی مامۆستایان وەک خۆی بدرێت.

4ـ پارەی خواردن و گواستنەوە بۆ سێ مانگی ئاماژەپێکراو بە ڕوونی باسی لێوەکراوە، پێویستە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە "بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگەکان و بەڕێوبەرایەتیی خوێندنی ناحکومی لە وەزارەت هەموو سەرپێچییەکان تۆماردەکات پاشان رێکاری پێویستی لەبارەوە دەگیرێتەبەر".
Qaiwan
Qaiwan