ئاشتی  حەمەساڵح

ئاشتی حەمەساڵح

پرۆسەی خۆفێرکردن لەھزری خوێندکاری زانکۆییدا

مامۆستا قوتابی فێردەکات! ئەم دەستەواژەیە بۆ قۆناغێکی سەرەتای خوێندن زۆر گرنگە، چونکە ھێشتا خوێندکار لەئاستێکی سەرەتایی تێگەیشتندایە و پێویستە پانتایی مێشکی بۆ فراوانتر بکرێت، بەڵام دواتر لەقۆناغی زانکۆییدا ئەرکەکان دابەش دەبن بەسەر مامۆستا خوێندکاردا، مامۆستا ھێڵە سەرەکییەکانی ماددە زانستییەکان پێشکەش دەکات و خوێندکارانیش بە گفتوگۆی زانستی بەشداری دەکەن، ودواتریش ماموستا چەمکی زانیارییە دروستەکان گرێدەدات وبەیەکیانەوە دەبەستێتەوە، واتە سەقڵی زانیارییەکانیان بۆ دەکات، ھاوکات خوێندکارەکان ئاراستە دەکات بۆ خوێندنەوەی زیاتر و شێوازی پراکتیزەکردن و بەستەنەوەی کۆی زانیارییە دروستەکان بە بازاری کارکردنیانەوە.

  بێگومان ئەو خوێندکارانەی خولیای بەھێزکردنی لایەنی زانستی خۆیانیان ھەیە و ئامانجیان روونە، تەنھا بە سەرەباسێکی ماموستاکەیان روئیایان رۆشندەبێتەوە ودەکەونە پرسیارکردن و بەدوای شتی نوێدا دەگەرێن تا ئاستی تێگەیشتن. 

 لەزانکۆدا پرۆسەی (خۆفێرکردن) ھاوتەریب بە پرۆسەی فێرکردن دەستپێدەکات، 
چونکە ئەم پرۆسەیە بۆ گەنجێکی پێگەیشتووە، جەخت لەسەر ئەو گۆرانکارییانە دەکاتەوە کە لە خوێندکارەکەدا روو دەدات لەپاش وەرگرتنی بابەتە زانستییەکان کە لەلایەن مامۆستاکانییەوە وەریدەگرێت : بۆنمونە بونیادی مەعریفی دەگۆرێت یان شێوادی ئەداکردن و ئامانجەکانی دەگۆرێت، ھەروەھا ھەندێک لە تایبەتمەندی کەسایەتی و ھەڵویست و بیرکردنەوەی خوێندکارەکە دەگۆرێت، بەکورتی ئەم خوێندکارە بە فەزڵی مامۆستاکەی دەچێتە سەر سککەی خۆفێرکردن وبیرکردنەوە و خوێندنەوە

 لێرەدا خولیا دروست دەبێت، ئیتر ئەو خوێندکارانەی زۆرچالاکن لە ھەر بارودۆخێکدابن تەنانەت وەک ئەوەی لە ئیستاشدا روودەدا و پرۆسەکەش کۆتایی پێ دەھێنرێت، ئەوان لەلای خۆیانەوە پرۆسەکە ناوەستێنن وبەردەوام لە فکری پێشخستنی ئاستی زانستی خۆیاندان و ھزری خۆیان لەبارەی پسپرۆییەکەیانەوە رۆشنتر و دەوڵەمەندتر دەکەن، لەگەڵ ئەوەی لەناوەندە زانستییەکەی خۆیان دانابرێن، ھاوکات سود لە ئینتەرنێت و مامۆستا بەناوبانگە جیھانیەکانیش وەردەگرن و ئاڵوگۆری زانستییان لەگەڵ دەکەن، ئەم جۆرە خوێندکارانە  گلەییان زۆر کەمە، چونکە کاتی زیادەیان نییە تا بیفەوتێنن، ئەمانە سوودبەخشن بۆ خۆیان و بۆ پرۆسەی زانستی و پێشخستنی ئاستی مەعریفی میللەتێک، ھەروەھا خۆنەویستانە خزمەتکردنی خۆیان و خێزان وکۆمەڵگەکەیان دەکەن .

دەکرێت بپرسین کێ پاڵنەری ئەم خوێندکارانەیە بۆ ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆسەی خۆفێرکرداندا؟!
  بێگومان پاڵنەری سەرەکی خودی خۆیانن، کە ئەجێندای پێشکەوتنیان ھەیە ئامانجیان روونە، پشوو درێژن، ھەست و نەستیان بە پرۆسەی خۆفێرکدنەوە بەستۆتەوە لەبەر ئەوە ھەمیشە دەیانبینیت ئینتیمایان بۆ زانست ھەیە و قوربانی بۆ دەدەن، وابەستەبوون پابەندبوونیشیان بۆ ئامانجی زانستییە نەک بە دەستکەوتێکی ماددی کە ئەگەر بەدەست نەھات ئیتر ھەموو شتێک لەلایان سفرببێتەوە، بەوەی خوانەخواستە رقیان لەخوێندن و زانست ببێتەوە، واز لەخوێندن بھێنن یان سەری خۆیان ھەڵبگرن وڵات بەجێبھێڵن. ھاوکات مامۆستاش لەم وەرچەرخانەدا رۆڵی بەرچاو دەبینێت ھەروەک ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد.

 ئەم جۆرە خوێندکارانە تەنانەت ئەگەر لەدەرەوەی پرۆسەکەش بن کاری زۆرباش دەکەن و جێدەستیان دیار دەبێت، وەک لای ھەمووان ئاشکرایە، زۆرێک لە زانا و بلیمەتەکانی دونیا کاتێک پرۆسەی خوێندن یان بارودۆخێک بێزاری کردبن، لەو دوورکەوتنەوەیەشدا داھێنانێکی ناوازەیان بەدیھێناوە کە ھەتا ھەتایە مرۆڤایەتی لەسایەیدا دەحەسێتەوە .

لەکۆتاییدا:
 من خۆشحاڵم بەوەی توانای گەنجەکانی ئێمە زۆر لەوە زیاترە کە لەم بارودۆخەدا لە پرۆسەی خۆفێرکردن دووربکەونەوە و زانستەکەیان بەجێبھێڵن، بەڵکو ئەوەی تێبینی دەکرێت گەنجی ئیستا کە گەنجی سەردەمی دونیای کراوەیە و ھەموو زانست و زانیارییەک لە بەردەمیدا کراوەیە، ئەگەر تواناکانی بخاتەگەر بۆ خۆفێرکردن دەتوانێت ئەم بارودۆخە بەھەل بزانێت تا زیاتر لە بابەتە زانستییەکان قوڵببنەوە ولەداھاتوودا یان لەوەرزێکی دیکەی خوێندندا توانا زانستییەکانی باڵاتربێت، و بەروونی ئایدندەی خۆی و پسپۆری و کارەکەی بزانێت، ھاوکات بەردەوام ھەگبەکەی پربکات لە زانیاری، لەحاڵەتێکیشدا ئەگەر دوورکەوتەوە لە ناوەندە زانستییەکەی، لە مامۆستاکانی لەھۆڵەکانی خوێندن، ومەنھەج، ئەو لەسەر پێیەکانی خۆی راوەستابێت ولەسەر ھێڵەکە نەترازابێت.

 زۆرگرنگە خوێندکار لەسەر ئەم جۆرە لەپابەند بوون وابەستەبوون و ھۆگریە بە پسپۆرییەکەیەوە بەردەوام بێت تا دەیگەیەنێتە ئەو پەری سنوور، چونکە لەکۆتاییدا خودی خوێندکارەکە دەبێتە خاوەنی بروانامە، ھەروەھا ئامرازەکانی خوێندنیش بەتێپەربوونی کات دەگۆرێن، رۆژێک بەھۆی پێشکەوتنەوە، بەداخەوە، رۆژێکیش بەھۆی دواکەوتنەوە!.

لێرەدا زۆرگرنگە ئەوە لەلای خوێندکارە ئەزیزەکان روون بێت کە ئەگەر وەزارەت بەھۆی بارودۆخێکی نەخوازراوەوە بۆ ئەمساڵەی خوێندن، کۆتایی بە پرۆسەی خوێندن ھێنابێت، بەڵام خۆ کۆتایی بەپرۆسەی خۆفێرکردن نەھێناوە، ئەوەیان تەنھا لەدەستی خۆیانە و بریاری خۆیانە دەبێ توانای خۆیان بسەلمێنن.

  لەھەمانکاتدا، وەک وتراوە پرۆسەی زانستخوازی لە(بێشکە)ی دەستپێکردنی ژیانەوە تا (بێشکە)ی تەواوبوونی ژیان بەردەوامە، ھیچ کەس دوور لە پرۆسەی فێرکردنی خودی شتێکی گەورە و مەزن فێرنابێت، تەنانەت ئەگەر لە بەرزترین زانکۆشدا بخوێنێت!

بەبیرورای من ئەو خوێندکارانەی عاشقی بوارە زانستی و رۆشنبیرییەکانن، زۆر بەئاسانی دەتوانن ئەو یەک دوو وانەیە قەرەبوو بکەنەوە کە دەرفەت نەبوو لە ھۆڵەکانی خوێندندا تەواویان بکەین، لەرێی پۆلە ھاوچەرخەکانەوە دەکرێت پەیوەندی بەردەم ھەبێت. 

بە ئومێدی ئەوەی ئەم بارودۆخە نەخوازراوانەش ساردیان ناکاتەوە بەڵکو بەھێزتریان دەکات. ئەم نووسینەشم تکایەک بوو بۆ بەردەوامی لەپرۆسەی زانستخوازی و ھەوڵ و ھیممەتی خوێندکارە خۆشەویستەکانمان، ھەروەھا پابەندبوونیان بە پرۆسەی خۆفێرکردنەوە.
https://www.youtube.com/watch?v=GxALiGT27H8

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan