راپۆرت

نهێنى گرژبوونى پەیوەندییەکانى پارتى و کۆمەڵى ئیسلامی

مەودا میدیا - سلێمانی |


نهێنى گرژبوونى پەیوەندییەکانى پارتى و کۆمەڵى ئیسلامی
مەودا میدیا- تاژان عوسمان

مێژووى پەیوەندییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و کۆمەڵى ئیسلامیی کوردستان بە قۆناغى ئاڵۆز و تێکچڕژاودا تێپەڕیوە، بەدیاریکراویش پەیوەندییەکانى ئەو دوو حیزبە لە دوو وێستگەى چارەنووسسازدا بەتەواوى ئاڵۆزبوون و ئەنجامەکەى بەوە گەیشت پارتى دیموکراتى کوردستان بەتەواوەتى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەو حیزبە ئیسلامییە بە بنبەست گەیاند و لەئێستاشدا لە قۆناغى "سڕبوون"دایە.

کۆمەڵى ئیسلامیی کوردستان
بەپێى زانیارییە بڵاوکراوەکان، کۆمەڵى ئیسلامیی کوردستان لە مایسی ساڵى 2001 لەلایەن مامۆستا عەلی باپیر، ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى و ژمارەیەک لە هاوڕێکانیی دیکەیەوە دامەزراوە، ئەوەش دواى بوونى کۆمەڵێک کێشەى ناوخۆیی و جیاوازیی فیکری و شێوازی کارکردنەوە لەگەڵ هاوڕێکانی کە لە ریزەکانى بزووتنەوەى یەکبوونى ئیسلامی کە درێژکراوەى هەریەک لە بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان و بزووتنەوەى نەهزەى ئیسلامى بوو، مامۆستا عەلی باپیر پێشتر "ئەندامى مەکتەبی سیاسى بزووتنەوەى ئیسلامیى لە کوردستان" بوو.
لەبارى ناسینى کۆمەڵى ئیسلامییەوە زیاتر پشت بە بۆچوونەکانى عەلی باپیر دەبەسترێت کە لە دامەزراندییەوە تائێستا وەکو ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامی ماوەتەوە. ئەو لە چاوپێکەوتنێکیدا لە ساڵى 2003 لەگەڵ هەفتەنامەى "کۆمەڵ"ى حزبەکەی وتوویەتى "سیاسەتمان ئەوەیە کە برایەتى و هاوکارییمان لەگەڵ هەموو گروپە ئیسلامییەکاندا هەبێت، ئەو گروپانەى کە شوێنکەوتووى سەلەفیەت و تەسەوف یان کولتووری زانستن".

بەو شێوەیە کۆمەڵى ئیسلامى لە پێناسەکەیەوە وا دەکات لە هەناوی خۆیدا شوێنکەوتووانى بیرى سەلەفیەت "کە زۆرجار بەتوندڕەو دەناسرێن" جێبکاتەوە، بۆیە ئاسایی بوو کە سەروەختى شەڕی "ئەنسارولئیسلام"ى مەلا کرێکار لەگەڵ هێزەکانى یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا تێوەبگلێن و زیانى زۆریان بەهۆى بۆردوومانى فڕۆکەکانى ئەمەریکاوە بەربکەوێت و دەیان سەرکردە و موجاهیدیان "وەکو خۆیان وا ناوی دەهێنن" بکوژرێن، کە دواتریش بەو هۆیەوە کۆمەڵى ئیسلامى مەکتەبی عەسکەری حزبەکەى داخست و بەتەواوی لە کارى سەربازی دوورکەوتنەوە.

پارتى دیموکراتى کوردستان
لە 16ى ئابی ساڵی 1946 دامەزراوە، بەپێى ماڵپەڕى رەسمی پارتى دیموکراتى کوردستان پێناسەى پارتى بەم شێوەیە کراوە "پارتێکى نیشتیمانیی دیموکراتییە، بڕواى بە مافەکانى مرۆڤ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتى و ئازادییەکنى تاک و مافى نەتەوەیی کورد و نەتەوەکانى تر هەیە".

لە دامەزراندنییەوە تائێستا پارتى دیموکراتى کوردستان جڵەوی دەسەڵاتى لە دەستى بارزانییەکاندایە، بەشێوەیەک یەکەم سەرۆکی پارتى مەلا مستەفا بارزانییە و لە ساڵى 1979یشەوە تائێستا مەسعود مستەفا بارزانی سەرۆکایەتى پارتی لەدەستە.

سیما دیارەکانى پارتى و کۆمەڵى ئیسلامی
یەکەم: کۆمەڵى ئیسلامى لە دامەزراندییەوە تائێستا "18 ساڵە" عەلی باپیر ئەمیرێتى و گۆڕانکارى لە سەرۆکایەتى حزبەکەدا نەکردووە. هەرچی پارتى دیموکراتى کوردستانە لە حەفتا و سێ ساڵى تەمەنیدا مستەفا بارزانى و مەسعود بارزانی سەرۆکایەتییان کردووە.
دووەم: هەردوو حزب ئینشیقاقی سیاسی تیایاندا روویداوە، پارتى دیموکراتى کوردستان لە ساڵى 1964 باڵى مەکتەبی سیاسى لێ جیابووەوە بە سەرۆکایەتى ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی. هەرچی کۆمەڵى ئیسلامی کوردستانە چەند جیابوونەوەیەک تیایدا روویانداوە لەوانەش جیابوونەوەى ئارام قادر، ئەندامى مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کە ئێستا سەرۆکى هاوپەیمانی نیشتیمانییە. هەروەها رۆژى 19/4/2019 سێ ئەندامى سەرکردایەتى کۆمەڵى ئیسلامى وازهێنانى خۆیان لەو حزبە راگەیاند و رۆژانى دواتریش ژمارەیەک کادیرى دیکەى لێ جیابوویەوە.
سێیەم: لەڕووى پەیوەندییەکانى دەرەوەوە، بەپێى قسەى هەندێک لە شارەزایانى حزبی و سیاسى کۆمەڵى ئیسلامی کوردستان لە کۆمارى ئیسلامیی ئێرانەوە نزیکە و هەرچى پارتى دیموکراتى کوردستانیشە لە تورکیاوە نزیکە و کاریگەریی لەسەریان هەیە.

کێشەکانى کۆمەڵ و پارتى
رۆژى 20ى ئابی 2015 مەسعود مستەفا بارزانى، سەرۆکى پێشووی هەرێمى کوردستان ماوەى سەرۆکایەتییەکەى کۆتایی دەهات، پێنج حزبی کوردستانى "بزووتنەوەى گۆڕان، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بزووتنەوەى ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵى ئیسلامیی کوردستان" کۆکبوون لەسەر ئەوەى سیستمی سیاسى کوردستان لە سەرۆکایەتییەوە بگۆڕن بۆ پەرلەمانی. پارتى دیموکراتى کوردستان لەمەیاندا دژیان وەستایەوە، خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژەیاسایەکە کرا و پارتى ئەوەى بە کودەتاى سپی وەسفکرد و بەهەموو شێوەیەک رەتیکردەوە.

شەوێکی ئەمریکایی
شەوی 19ى ئابی 2019 نوێنەرانى حزبە کوردستانییەکانى نێو پەرلەمانى کوردستان بەئامادەبوونى بریت مەکگۆرک، نوێنەرى سەرۆکى ئەمەریکا بۆ شەڕى داعش لە هۆلى سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر کۆبوونەوە، مەبەستى کۆبوونەوەکە دۆزینەوەى دەرچەیەک بوو بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە سیاسی و یاساییەى هەرێمى کوردستانى تێکەوتبوو. تا بەربەیانى 20ى ئاب کۆبوونەوەکە بەردەوام بوو بێ وەدەستخستنى دەرئەنجامێکى باش. بەپێى قسەى یەکێک لە بەشداربووانى کۆبوونەوەکە مەکگۆرک لەگەڵ ئەوە بووە "بۆ ماوەى دوو ساڵى دیکەیش مەسعود بارزانی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە بەبیانووی مەترسییەکانى داعش و قورسی پرۆسەى ئاڵوگۆڕ لەم کاتەدا".

پەرلەمان ئینشیقاقی تێکەوت
رۆژى دواتر پەرلەمانى کوردستان کۆبووەوە، بەهۆی ئامادە نەبوونى 5 ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و فراکسیۆنی پارتى دیموکراتى کوردستانەوە نیسابی یاسایی کۆبوونەوەکە تەواو نەبوو و بەو هۆیەیشەوە د.یوسف محەمەد، سەرۆکى ئەوکاتەى پەرلەمانى کوردستان دانیشتنەکەى دواخست. بەدواى ئەوەشدا و لەکاتى گەڕانەوەى سەرۆکى پەرلەماندا بۆ هەولێر لە بازگەى پردێ هێزەکانى زێڕەڤانی رێگەى چوونە ژوورەوەیان لە د.یوسف محەمەد گرت و کۆتایی بەتەمەنى سەرۆکایەتیکردنى پەرلەمانى هات.

کۆمەڵ و گۆڕان دژ پارتى وەستانەوە
فراکسیۆنەکانى نێو پەرلەمانى کوردستان دابەشبوون، بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامی زیاتر لەیەک نزیکبوونەوە، لێدوان و چاوپێکەوتنەکانى عەلی باپیر وایانکرد پارتى دیموکراتى کوردستان زیاتر رق ئەستوور بێت بەرانبەر کۆمەڵ و بەو هۆیەیشەوە پەیوەندییەکانیان گەیشتە دۆخێکى ئاڵۆز.

بزووتنەوەى گۆڕان دەرفەتەکەى قۆستەوە و کۆبوونەوەکانى لەگەڵ کۆمەڵى ئیسلامى زیاترکرد، بەتایبەت کاتى پێشکەشکردنى وتارى عەلی باپیر لە مەراسیمى ناشتنى تەرمی نەوشیروان مستەفا، رێکخەرى پێشووى بزووتنەوەى گۆڕان کە لەلایەن گۆڕانخوازانەوە عەلی باپیر بە "پیاوی مەرد" ناوزەد کرا.

گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامی زیاتر لەیەک نزیکبوونەوە، بەقسەى بەرپرسێکى باڵاى پارتى "کۆمەڵ تەعبیر لە سیاسەتى ئێران دەکات و زیاتر گۆڕانیش هان دەدان دژى پارتى، بۆیە پارتى بڕیارى یەکجارەکى دوورکەوتنەوەى لە کۆمەڵى ئیسلامی دا".

کۆمەڵ و ریفراندۆمى سەربەخۆیی
رۆژى 25ى ئەیلولی 2017 خەڵکى کوردستان بۆ دەنگدان لە پرۆسەى ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان چوونە سەر سندووقەکانى دەنگدان، پێشتر هەڵوێستى حزبەکانى کوردستان دابەشبوو بوو، یەکێک لەو حزبانەى بەئاشکرا و بە کۆمەڵێک هۆکار دژى بوو لەو کاتەدا کۆمەڵى ئیسلامیی کوردستان بوو.

عەلی باپیر، لە کۆمەڵێک چاوپێکەوتن و وتاردا بەئاشکرا دژى ریفراندۆم بوو، ئەو سیاسەتەى کۆمەڵى ئیسلامی پارتى تەواو نیگەران کرد و بەدژە سەربەخۆیی کوردستان وەسفیکردن.

دەرئەنجامەکانى ریفراندۆم کە کوردستانى دووچارى قۆناغێکى ترسناک کرد، کۆمەڵى ئیسلامى زیاتر هاندا بۆ رەخنەگرتن لە پارتى و بارزانى، بەوەش پارتى کە چووە ژێر باری شکستى ریفراندۆم و دواتریش هەڵسایەوە هەڵوێستى جدی لە کۆمەڵى ئیسلامی وەرگرت و بەتەواوى پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەڵپەسارد.

"سڵاو"ێک کە دەمێک بوو عەلی باپیر چاوەڕوانى بوو
کۆبوونەوەکان بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمی حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستیپێکرد، یەکێتى پرۆژە و مەرجی خۆی خستەڕوو، یەکگرتووی ئیسلامی و حزبی شیوعی بە یەک کورسییەوە رایانگەیاند دەبنە ئۆپۆزسیۆن، کۆمەڵى ئیسلامی خۆى یەکلانەکردەوە و رایگەیاند چاوەڕوانى "سڵاو"ێکى پارتى دەکەن.

پارتى سڵاوەکەى نەکرد، بەپێى قسەى چاودێرێکى سیاسى مەسرور بارزانى، سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان وتبووی "ئەوەمان لەبیر ناچێت سەروەختى فشارە زۆرەکان لەسەر پارتى و کوردستان عەلی باپیر پشتى تێکردین و چاوەڕوانى لەناوچوونمان بوو".

لەئێستادا پەیوەندییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و کۆمەڵى ئیسلامى لە قۆناغی بنبەستدایە، ئەوەى روونە هیچ هۆکارێک نابینرێت بۆ ئاسییبوونەوە مەگەر دۆخێکى نائاسایی بێتە ئاراوە.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە