کوردستانی

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی گرنگی دا

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی گرنگی دا
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/6/16 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاپۆکردنی زەوی کارت و یەکەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییەکانی ئەو شوێنانە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون گفتوگۆ دەربارەی ئەنجامدانی جیاکردنەوەی زەوی پڕۆژەکان كرا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی تۆمارکردنی زەوی نیشتەجێبوونی ئەو ھاوڵاتییانەی کە بە شێوازی ( کارت) لە شارەوانییەکان وەریانگرتووە، هەروەها تەواوکردنی مامەڵەی تاپۆکردنی یەکەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوون کە لە رێگەی وەبەرهێنانەوە ئەنجام دراون، بۆ ئەوەی لە سەر کڕیاران بە فەرمی لە فەرمانگەکانی تاپۆ تۆمار بکرێن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بابەتی ڕێکخستنەوەی پارەی خزمەتگوزاریی گوند و شار و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون تاوتوێ کرا کە پێویستە پێداچوونەوەی تێدا بکرێت بە جۆرێک ئەم خزمەتگوزارییانە رێکبخرێن کە هاوسەنگی هەبێت لە نێوان توانا و باری گوزەرانی هاوڵاتییان لە هەمانکاتدا پاراستنی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان لە بەرچاو بگیرێت.

لە کۆبوونەوەکە هەروەها گفتوگۆ کرا سەبارەت بە خێراکردنی رێکارە یاساییەکانی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی زەوییەکانیان داخڵی نەخشەی بنەڕەتی شارەکان بووە و کوژاندنەوەیان بۆ ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستاش قەرەبوویان وەرنەگرتووە. 

هەروەها جێبەجێکردنی یاسا و بڕیار و رێنماییەکانی تایبەت بە خاوەندارێیتی کردنی زەوییەکانی نیشتەجێبوون کە زێدەڕۆییان لە سەر کراوە تاوتوێ کران لە بەر ڕۆشنایی یاسای پەرلەمانی کوردستان ژمارە (3) ساڵی 2019 تایبەت بە خاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لە سەر کراوە، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت بێت بۆ نەهێشتنی زێدەڕەویی لەسەر زەوییەکانی موڵکی گشتی.

بۆ ئەم مەبەستانەی سەرەوە، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێشنیارەکانیان خستەڕوو دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە پێشنیازەکان پەسەندکران.
Qaiwan
Qaiwan