کوردستانی

باشووری کوردستان لەمەترسیدایە و پێویستی بە یەکبوونە

مەودا میدیا - سلێمانی |


باشووری کوردستان لەمەترسیدایە و پێویستی بە یەکبوونە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە و  هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی هەرێمی سلێمانیش رایدەگەیەنێت لە ئێستادا هەم حکومەتی عیراقی و هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک هەر بێدەنگن لەبەرامبەر ئەو هێرشانە، بەڵکو بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتگیری ئەو هێرشانە دەکەن، ئاماژە بەوەشدەکات ئەگەر هاوڵاتییان هەڵوێست وەرنەگرن دۆخی باشووری کوردستان بەرەو خراپتر دەڕوات.

شەهێن محەمەد، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی هەرێمی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "هەردوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان دەبینن دەوڵەتی تورکیا ساڵ بە ساڵ بنکە و بارەگاکانی خۆی لە باشووری کوردستان زیاد دەکات، هەروەها لە پاڵ ئەوەشدا ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ بەردەوامی هاتنی بۆ باشووری کوردستان لەڕووی زەمینیەوە و هێرشەکانی ئاسمانیش بەشێویەکی بەرفراوان ئەنجام دەدات".

ئاماژەی بەوەشکرد "دواین هێرشیان دەبینین لە ئێستادا کە رەوشێکی ئاوا لە باشووری کوردستان دروستبووە هەم بە زەمینی و ئاسمانی هێرش دەکەنە سەر شەنگال و مەخمور و قەندیل و هەرێمەکانی پاراستی میدیا، هەروەها پێویستە ئەم هێرشانە بەشێوەیەکی زۆرباش لەلایەن گەلی باشووری کوردستانەوە شەرمەزار بکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەردۆغان هەمیشە کاردانەوەی خراپی هەبووە لە پێشکەوتنەکانی باشووری کوردستان، هەروەها ئەوەی لە خانەقین و کەرکوک و دوزخورماتوو و ناوچە کێشە لەسەرەکان روودەدات هەمووی گرێدراوی ئەو پیلانگێڕی و داگیرکراوانەن کە ئێستا تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان بەناوی پەکەکەوە ئەنجامی دەدات".

شەهێن محەمەد لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم و عیراقەوە وتی "بەداخەوە ئەوەی ئێمەی نیگەران کردووە لە ئێستادا هەم حکومەتی عیراقی و هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک هەر بێدەنگن لەبەرامبەر ئەو هێرشانە، بەڵکو بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتگیری ئەو هێرشانە دەکەن، هەروەها دەبینین لە رێگەی دهۆک و زاخۆوە تورکیا بەشێوەیەکی بەرفراوان بە کەرەستەی سەربازیەوە دێنە ناو خاکی باشووری کوردستان".

وتیشی "لە ئێستادا لەگەڵ هێرشەکانی تورکیادا ئێرانیش تۆپبارانی ناوچەکانی باشووری کوردستان دەکات، ئەمەش دەریدەخات دوژمنانی گەلی کورد هەرچەند ناکۆک بن لەناو یەکتریدا بەرامبەر بە کورد یەک نیاز و ئامانجیان هەیە".

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ئاماژەی بەوەشکرد "لە ئێستادا هۆشیارێکی زۆر باش لەناو خەڵکی ناو باشووری کوردستان دروستبووە و هەست بە مەترسییەکان دەکەن، بەڵام بەداخەوە ئەو سیاستەی چەندین ساڵە هەیە کاریگەری هەیە، هەروەها ئەگەر خەڵک بە یەکبوونی و یەکڕیزی هەڵوێست وەرنەگرن بەرامبەر ئەو دۆخەی کە ئێستا هەیە و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم ئەوە دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات".
Qaiwan
Qaiwan